بلاسخارت و عێراق

3 مانگ لەمەوپێش



ماوەی چەند ساڵێک ناوی بلاسخارت لەناو میدیاکانی هەرێمی کوردستان و عیراقدا بەزۆری دێت، هیچ نوێنەرێکی نەتەوەیەکگرتووەکان هێندەی ئەم ژنە هۆڵەندییە لەناو میدیای عیراقیدا باس نەکراوەو ناسراو نەبووە، ئەمەش هۆکاری هەیە. بەڵام لەکوردستاندا زیاد لەپێویست باسی دەکرێت، بەشێکی زۆری ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستانیش وەکو هیوایەک یان رزگارکەرێکی گەلی کوردستانی دادەنێن.  هەرچەندە هەموومان دەزانین کە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو دەسەڵاتە گەورەیەی نییە کەبتوانێت  دەسەڵاتێک لاببات و دەسەڵاتێکی سیاسی تر دابنێت و ئەمڕۆ هەموو ئەو کێشە گرفت و شەڕ و ئاژاوانەی جیهان دەبینین، ئەم رێکخراوەش هیچ رۆڵی نییە. بەڵام لەهەندێک میدیای هەرێمی کوردستاندا، زیاد لەپێویست رۆڵی ئەم نوێنەرەی نەتەوەیەگرتووەکان زیادکراوە.

ئەمساڵ کاتێک گەڕامەوە بۆ ئەوروپا و سەردانی هۆڵەندام کرد، چەند دۆست و خزمێکم بینی، ئەوانیش بەلایانەوە سەیربوو ئەم ژنە هۆڵەندییە هێندە بەباشی وەسف دەکرێت، چونکە ئەم ژنە سیاسەتمەدارە لەوڵاتەکەی خۆی، پەرلەمانی هۆڵەنەدا دەسەڵات و پۆستی وزرای لێسەندەوەو لەناو میدیای هۆڵەنداشدا وەکو سیاسەتمەدارێکی فاشیل و خراپ و کەمتەرخەم ناوبانگی هەیە. 

لەماوەی  پێشوودا لەمیدیاکانی عیراق و جیهانیش بڵاوکرایەوە کە بلاسخارت لەپۆستەکەی نامێنێت، چەند میدیایەکیش هۆکاری ئەم لابردنەی بلاسخارتیان بەستەوە بەبوونی گەندەڵی لەئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق، هەرچەندە دواتر نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم هەواڵانەی رەتکردەوە.

لەدوای بیستنی ئەم هەواڵانە، دەستمکرد بەدواداچوون بەدوای  حکایەتی ئەم ژنەدا، لێرەدا حەزدەکەم  چەند لاپەڕەیەک لەژیانی سیاسی ئەم ژنە باس بکەم، من هیچ پەیوەندیم بەژیانی شەخسی ئەوەوە نییە، چونکە هیچ پەیوەندی بەئێمەوە نییە چۆن ژیاوەو دەژی. ئامانجیشم زیاتر بەرچاوڕوونی و بەخشینی زانیاریی راستە لەبارەی ئەم ژنە سیاسەتمەدارەوە وەکو خۆی کەهەیەو دوور لەگەورەکردن یان بچووککردنەوەی.

 

تێکەڵاوی سیاسی

Jeanine Hennis-Plasschaert جینین هێنس بلاسخارت لە 7 ئەپریلی  1973  لەشاری هێرلین نزیک سنووری ئەڵمانیا لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەشاری بۆدیگرافن تەواو کردووە. دواتریش چۆتە شاری ئوتریخت لەپەیمانگەی شوڤەرز لەئەکادیمیای سکرتێری ئەوروپی تەواو کردووە. لێرە بەیاساو رێکخراوەکانی یەکێتی ئەوروپا ئاشنا بووە. لەهەمانکاتیشدا دەرگایەکی فراوانی بۆ کردەوە تاوەکو تێکەڵی ژیانی سیاسی بێت.

لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2004ی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا وەک ئەندام هەڵبژێردرا لەڕێی گروپی هاوپەیمانی لیبراڵ و دیموکراسی، لەهەڵبژاردنەکانی 2009دا دووبارە هەڵبژێردرایەوە بۆ ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا، لە 2010 دەستی لەئەندامێتی لەپەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کێشاندەوە، دوای ئەوەی وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا هەڵبژێردرا، لە 2012 دوای هەڵبژاردنەکان وەک وەزیری بەرگری هۆڵەندا دەستنیشانکرا، بەردەوامی بەخزمەتەکەی دا تاوەکو  2017  لەپاش لێکۆڵینەوەی لیژنەی پەرلەمانی لەرووداوەکانی مالی، تێیدا بلاسخارت بەکەمتەخەمی تاوانبار کرا، دوای ئەوە بەفشاری پەرلەمان  دەستی لەکارکێشایەوە.

لە ئابی 2018 سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس وەک نوێنەری تایبەتی خۆی لەعێراق دەستنیشانکرد هاوکات وەک سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق .

 

داکۆکیکردن لە هاوڕەگەزخوازەکان

بلاسخارت ئەندامێکی ئەکتیڤی  حزبی گەل بۆ ئازادیی و دیموکراسیVVD کە حزبێکی لیبراڵە و مارک رووتە  سەرۆک وەزیرانی پێشووی هۆڵەندا سەرۆکایەتی دەکرد. لەناو ئەم پارتەدا کاری دەکرد بۆ هاوڕەگەزخوازەکانی داکۆکی لەمافەکانیانی دەکرد، لەرێگەی ئەم داکۆکیکردنەشەوە دەنگێکی باشی هاوڕەگەزخوازەکانی بەدەستهێنا.

 

وەزیری بەرگری

لەساڵی 2012دا وەکو وەزیری بەرگری بەشداری کابینەکەی رووتە دەکات و هەتاوەکو ساڵی 2017 لەم پۆستە دەمێنێتەوە بەڵام دواتر بەهۆی سکانداڵی مالی  پەرلەمان پۆستەکەی لێدەسەنێتەوە. کاتێک لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمان ئەوەیان بۆ دەرکەوت، کە بلاسخارات کەمتەرخەم بووە لەپاراستنی گیانی سەربازانی هۆڵەندا لە مالی، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی فیشەکی خراپەوە، کە راستەوخۆ بلاسخارت بەرپرسیار بووە، ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا لێکۆڵینەوەو پشكنینی خۆی بکات، دواجاریش بەفشاری پەرلەمان دەستی لەکارکێشایەوە.

 

چوون بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان

هۆڵەنداش وەکو لای خۆمان پەیوەندیییە شەخسییەکان رۆڵیان هەیە، ئەم ژنە لەپاش ئەوەی پەرلەمان لەپۆستەکەی دەرکرد، لەجیاتی ئەوەی واز لەسیاسەت بهێنێت و خەریكی کارێکی تر بێت، بەردەوامبوو لەسیاسەت، ئەوەبوو لەڕێگەی پارتەکەیەوە ناردیان بۆ نیویۆرک لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەوێ لەساڵی 2018 کرایە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەعیراق، ئەمەش قۆناغێکی نوێی بۆ ئەم ژنە هێنایە کایەوە. بەداخەوە لەم رێکخراوەشدا راستە کەسانی دیپلۆماتی زۆر بەڕێزو بەتوانایان تێدابووەو پێشتریش هاوکاری عیراقیان کردووە، بەڵام وەکو هەموو رێکخراوێک، زۆرجار سیاسی فاشیل لەم رێکخراوەدا جێگەی خۆی دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەوروپییەکان کاتێک لەوڵاتەکەیان لەسەر کەمتەرخەمی دەردەکرێن، دێنە ئەم ریکخراوەوە، باشترین نموونەش بلاسخارتە.

بلاسخارت و عیراق

بلاسخارت پێش ئەوەی بێتە  عێراق مێژووییەکی زۆر باشی نەبوو، ئەمەش بەهۆی رووداوەکانی حەویجەوە لەساڵی 2013 کە لەمیدیای عەرەبیدا بە  «کۆمەڵکوژی حەویجە» ناسراوە. کاتێک خەڵكی حەویجە دژی حکومەت خۆپیشاندانیان دەکرد، خۆپیشاندانەکانیش دەستی بەعسییەکانی تێدابوو، پاش سێ رۆژ لەگەمارۆدان، هێزە عیراقییەکان بەهاوکاری هێزە هاوپەیمانەکان کەهێزە سەربازییەکانی هۆڵەنداش  بەهێزی ئاسمانی بەشداربوون، دەستکرا بەتەقەکردن لەخۆپیشاندان و نزیکەی 58 کەس کوژران، ئەمەش لەناو جیهانی عەرەبی سوونەدا هەرای گەورەی نایەوە، هەندێکیش پێیانوایە، هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە پێش هەموویانە داعش و قاعیدە، سوودی زۆریان لەم کۆمەڵکوژییە بینی، بۆئەوەی هەستی عەرەبە سوونەکان لەدژی حکومەت بجووڵێنن. هەرچەندە حکومەت و پەرلەمانی عیراقی لێکۆڵینەوەی وردیان ئەنجامدا و چەند بەرپرسێکی سەربازیی و ئەمنیش سزادران، بەڵام ئەمە وەکو بەنزین وابوو بیکەیت بە ئاگردا، بۆئەوەی خەڵکی ناوچە عەرەبە سوونییەکان زۆرتر دژی حکومەتەکەی مالکی بوەستنەوە.

لەم تاوانەشدا هێزە سەربازییەکانی هۆڵەندا بەشداربوون کەئەوکاتە بلاسخارت  وەزیری بەرگری بووە، بەپێی ئەو راپۆرتەی کەوەزارەتی بەرگری ئەمریکا» پینتاگۆن» لەبارەی رووداوەکەوە کردوویەتی، باس لەتێوەگلانی هێزەکانی هۆڵەندا دەکات. بەڵام بلاسخارت بەبێ قڕە لەم رووداوە گەورەیەش تێپەڕی، هەندێک میدیای هۆڵەندی باسی لەم کەمتەرخەمییەی بلاسخارت کرد، بەڵام وەکو دەڵێن زۆر گرنگیان نەبوو.

بەهەرحاڵ ئەم رووداوە رۆڵێکی زۆر خراپی لەئاشتەوایی ناو کۆمەڵگەی عێراقی بینی، چونکە لەوکاتەدا هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان و بەعسییەکان و وڵاتانی ئیقلیمی سوونە، ئەم رووداوەیان زۆر بەخراپی قۆستەوە.

 

دوا قسە

بەداخەوە لای زۆرێک لە عیراقییەکان، پێیان وایە کەهەموو ئەوروپییەک بەجددیەوە کارەکانی دەکات، بەڵام لەراستیدا ئەوەی پەیوەندی بەم ژنەوە هەیە، دوورە لەڕاستی، چونکە خۆی سیاسەتمەدارێکی فاشیل بووە لەوڵاتەکەی خۆی، ئیتر چۆن دەتوانێت کێشە زۆرەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکات.؟! دواجاریش وا لە پۆستەکەی لابراو ئەو فریاد رەسەش نەبوو، کە هەندیک لایەن پێیان وابوو، دەتوانێت کێشە زۆرەکانی عیراق چارەسەر بکات.

 

سەرچاوە:

https://repository.ubn.ru.nl/

 

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش