پێویستیی یەکگرتوویی کورد لەبەردەم دەرفەتو ئاڵنگارییەکاندا

3 مانگ لەمەوپێش



محەمەد عەلی

هەر لەدوای رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر لەغەززە، لەناوچەکە بەگشتی و لەعێراق بەتایبەتی، رۆژانە گۆڕانکاری لەهەڵوێستی وڵاتان دەبینرێت و گرژییەکان بەئاراستەیەکن، کەقۆناغی دووەمی (سایکس بیکۆ) جێبەجێ بکرێت لەدووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە، بەشێوەیەک کە نەتەوە زوڵملێکراوەکان بگەن بەئامانجەکانیان، بەجۆرێک لەداهاتوودا رۆژئاوایی و ئیسرائیلییەکان بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شێوەیەی هەیە بمێنێتەوە و مەترسی بۆ ئەوان دروستبکات.

ناکرێ نکۆڵی لەوە بکەین، کەیەکدەنگیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەشدارینەکردن لەدانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بەکۆتاییهێنان بەئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لەعێراق، دەبێتە دەستپێکێکی باش بۆ یەکهەڵوێستیی کورد لەداهاتوودا، کە دەکرێ ئەم هەنگاوە لەپرسی یەکلاکردنەوەی هەمواری بودجەو دانانی پارێزگارێکی کوردی بێلایەن لەکەرکووک لەنێوان هەردوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان بەردەوامیی پێبدرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەم یەکهەڵوێستییە کاردانەوەی دەبێت لەسەر دانانی سنوورێک بۆ دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی کوردستان لەهێرش و بۆردوومانەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەهەمووشی گرنگتر ئەم یەکهەڵوێستییە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەنجامنەدانی، کاریگەری دروستکردووە لەسەر پێگەکەی لەڕووی  یاسایی و مەعنەویشەوە.

بەو پێیەی کەمەترسییەکان لەسەر وڵاتانی سووریاو عێراق و لوبنان و یەمەن و ئێرانن، بۆیە کورد بەتایبەتی لەباشوور دەتوانێ سوودمەندی یەکەمین بێ لەم گۆڕانکارییانە، ئەمە لەکاتێکدایە کەهەرێمی کوردستان لەناوچەکە توانیویەتی دۆستایەتییەکی هاوسەنگ و درێژخایەنی لەگەڵ ئەمەریکاو ئەورووپا بنیات بنێت و نەچێتە ژێرباری هیچ ئەجێندایەکی وڵاتانی هەرێمی و بەردەوام بێت لەسەر بنیاتنانەوەی کوردستان سەرباری هەموو ئاستەنگەکان، بەڵام ئەوەی لەئێستادا زۆر پێویستە، کۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمە، کەدەکرێ پشکی شێرمان هەبێت لەم گۆڕانکاریانەی کە لەداهاتوودا روودەدەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە نەبوونی یەکهەڵوێستی، کوردستان دەخاتە بەر مەترسی لەدەستدانی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لەماوەی رابردوودا بەدەستهاتوون، رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش باشترین بەڵگەن بۆ ئەم راستییە، کە بەهەنگاوی پێچەوانەی یەکتر، هەمووان زەرەرمەند دەبن، لەبڕینی بودجەو دووبارە تەعریبکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان و هێرشە درۆنی و بالیستییەکان بۆ سەر هەرێم.

گۆڕانکارییەکی هەرە گرنگیش بەو ئاراستەیە، کۆتا هەڵسەنگاندنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بوو  تایبەت بەهەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە ئاماژە بەپێشوەچوونی باش دەکات بەئاراستەی یەکگرتنەوەی هێزەکان، ئەمەش دەکرێت بەدەستپێکێک هەژمار بکرێت بۆ  پشتپێبەستنی هاوپەیمانان بەهێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لەناوچەکەدا، ئەمە سەرباری ئەوەی بوونی هێزێکی یەکگرتوو، کوردستان لەمەترسییەکان دووردەخاتەوە و پاڵپشتییەکانیش بەردەوام دەکات، لەلایەکی ترەوە دەبێتە هۆی زیاتربوونی متمانەی نێودەوڵەتی و نێوخۆییش بەهێزەکانی پێشمەرگە، کە بەدڵنیاییەوە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لەداهاتوودا، لەبەرامبەردا لەئەگەری یەکنەگرتنەوەی ئەم هێزانە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەردەم مەترسیی گەورە لەداهاتووداو دەبێتە ئامانجێکی زۆر ئاسانی وڵاتانی ناوچەکە.

ئەگەر بەوردی سەیری گۆڕانکاری و پێشهاتەکان بکەین، بەتایبەتی لەسەر ئاستی عێراق، دەبینین کەگرژییەکان گەیشتوونەتە ترۆپک و بەڕۆژی رووناک سەرکردەی میلیشیاکان لەعێراق دەکوژرێن و شیعەکانیش داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، لێرەدا دوو ئەگەر بوونی هەیە، یەکەم، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کەدەکرێ کورد ئەو هەڵوێستەی لەپەرلەمانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت، لەئەگەری دووەمیش بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، عێراق هاوشێوەی لوبنان و یەمەنی لێدێت و دووبارە کورد دەتوانێت سوودمەند بێت لەم بارودۆخە، بەو مەرجەی کورد هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت، ئەمە جگە لەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا  بۆ کوردیش چەند هێندەی بەغدا مەترسی هەیە، بەشێوەیەک کەدەستی وڵاتانی هەرێمی و عێراقیش واڵا دەکات بۆ لەباربردنی هەرێمی کوردستان و دووبارە گەشەکردنەوەی داعش لەناوچەکەدا، بۆیە بەیەکدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، مەترسییەکان لەکوردستان دوور دەخرێنەوەو لەهەمان کاتیشدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت بگات بەئامانجەکانی لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش