سیستمی ئەلیکترۆنی؛ بارگرانییەکی دیکە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان

3 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمانگی ئایاری ٢٠١٩ دەستی بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی کوردستان کرد بەمەبەستی خێرا جێبەجێكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان- بەفیڕۆنەدانی کات و پارێزراوی زانیارییەكانی هاووڵاتیان و رێگرتن لەونبوون و ساختەکاری، بەڵام بەپێی زانیارییەکان مامەڵەکان بەو شێوەیە نین و تێچوویەکی زیاتر لەسەر هاووڵاتیان دەکەوێت کەنزیکەی سێ هێندەی نرخی سیستەمە کۆنەکەیە.

پارێزەری راوێژکار نەریمان ئەحمەد، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: سیستەمی ئەلیکترۆنیش لەهەرێمی کوردستاندا بەشێوازێکی نوێ دەکەوێتە نێو دامودەزگاکانەوە، دەتوانین بڵێین هەندێک کارئاسانی کردووە بەڵام گرفتی سەرەکی ئێمە سیستەمی ئیدارییە، کەسیستەمی ئیداری زۆر خراپەو گەندەڵی ئیداری یەکێکە لەو گرفتە کە وایکردووە هاووڵاتیانی هەرێم وەک پێویست سود لەو سیستەمە ئەلیکترۆنییە وەرنەگرن.

وتیشی:بەشیوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەبەرئەوەی لەدامودەزگاکانی هەرێـمدا کەسی شیاو لەشوێنی شیاودا نییە بۆ بەڕێوەبردن ئەوانەی کەدامودەزگاکان بەڕێوەدەبەن کەسانێک نین بەتوانای خۆیان خرابێتنەوە ئەو شوێنەوە، بەپێچەوانەوە بەهۆی ئەندام بوون لەپارتێکی سیاسی دەسەڵات چونەتە ئەو شوێن و پێگانەوە بۆیە کێشەی هاووڵاتیان قوڵتربووەتەوە.

 «رۆتینات بەشیوەیەکی زۆر لەدامودەزگاکانی حکومەتدا هەیە بۆیە نەتوانراوە سود لەم سیستەمە وەربگیرێت». نەریمان ئەحمەد وای وت.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد  لەڕووی یاسایی و لەزۆرێک  لەڕووەکانەوە ئەگەر کاروباری حکومەت بەئەلیکترۆنی بەڕێوەبچێت زۆرباشترە بەڵام لەهەرێمی کوردستاندا زۆربەی کاروبارەکانی حکومەت بووەتە کەرتی تایبەت.

« لەڕابردوودا ئەگەر عەریزەیەک لەناو دادگادا لای دادنووسدا بەدوو تاسێ هەزار بکرایە،  ئێستا بە ١٥ تا ٢٠ هەزار دینارە، لەبەرئەوە ئەمان سیستەمی ئەلیکترۆنیان قۆستۆتەوە بۆ قازانجی کۆمپانیاکانی خۆیان و هەر یەکێک لەو کۆمپانیانایە کەئیشوکاری هاووڵاتیان بەڕێوەدەبەن بەرپرسانی حزبی و حکومی خاوەندارێتی دەکەن و دابەشیان کردووە لەنێوان خۆیاندا کەئەمەش بارگرانییە لەسەر هاووڵاتیان» نەریمان ئەحمەد وادەڵێت.

بەپێی زانیارییەکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا ٦٤ فەرمانگەی دادنووسی لەسەرانسەری هەرێم، ٣٧  فەرمانگە لە هەر سێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆک بەئەلیکترۆنی کراون، ١٥ فەرمانگە لەپارێزگای هەولێرو ١٢ فەرمانگە لەسلێمانی و نۆ فەرمانگە لەدهۆک و فەرمانگەیەکیش لەپارێزگای هەڵەبجە.

د.ماردین مەعسووم، ئابووریناس لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: حکومەتی ئەلیکترۆنی مەبەست لێی سودوەرگرتنە لەتەکنەلۆجیای زانیاری لەڕێگای هێڵی ئینتەرنێتەوە، هەروەها خێرا بەڕێووەچوونی کاروبارەکانی حکومەت بەرامبەر دامودەزگاکان و هاووڵاتیان، بۆ ئەمەش پێویستە هێڵی ئینتەرنێت لەو وڵاتەدا باش بێت و سیستەمی حکومەت بەشێوازە تەقلیدییەکە سیستەمێکی باش بووبێت.

وتیشی:  لەبەرئەوەی ئێمە لەسەرەتای پڕۆسەکەداین و بەشێوەیەکی گشتیش ئەم پڕۆسەیە لەسەرەتادا بەشێوەیەکی خێرا بەڕێوەناچێت و کاتی پێویستە، چونکە هێڵی ئینتەرنێت لەهەموو شوێنێک وەک یەک نییەو هاووڵاتیانیش زۆر ئاشنای پڕۆسەکە نین.

ئەو ئابووریناسە باسی لەوەشکرد لەهەرێمی کوردستاندا فەرمانگەی پاسپۆرت بووەتە ئەلیکترۆنی، زۆرجار کەسێک بۆ ماوەی مانگێک دەیەوێت کاتێک دابنێت تا پاسپۆرتەکەی نوێ بکاتەوە، دەڵێت سیستەمەکە رۆژانی پێنجشەممەو هەینی پاش کاتژمێر هەشتی شەو دەکرێتەوە ئەگەر لەو کاتەدا ئامادەنەبیت کاروبارەکانت خێرا ناڕوات و ئەرکەکەشت لەسەر زیاتر دەبێت. 

« ئەو حکومەتە ئەلیکترۆنییەی لەهەرێمی کوردستان یان لەبەشێکی فەرمانگەکانی عێراقدا جێبەجێدەکرێت زۆر جیاوازە لەوە کە لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو بەشێکی وڵاتە عەرەبییەکاندا جێبەجێدەکرێت». ماردین مەعسووم وای وت.

سەبارەت بەکاروباری حکومەتی ئەلیکترۆنی ماردین مەعسووم رایگەیاند نرخی هەر خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنی لەسەرەتادا زۆرە، چونکە تێچوونە جێگیرەکان  زۆربوون بۆیە خاوەن کارەکە نرخی خزمەتگوزارییەکە بەرز دەکاتەوە، بەتێپەڕبوونی کاتیش خزمەتگوزارییەکان نرخیان دادەبەزێت، بەڵام پێویستە حکومەت خۆی ئەم نرخانە جێگیر بکات.

« حکومەتی ئەلیکترۆنی رۆتینات و تێچوو کەمدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر هات و حکومەت خۆی سەرجەم کاروبارەکانی سیستەمەکەی ئەنجام نەدا دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی کۆمپانیاکایەکی دیاریکراو و سودەکەشی زۆر بۆ حکومەت نییە، ئەم سیستەمە تێچوو دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت وەک تێچووی کاغەز و تێچووی ناردنی نێردراو ئەمانە هەمووی لەسەر حکومەت نامێنێت». ماردین مەعسووم وای وت.

سەبارەت بەلایەنە نەرێنییەکانی ئەم سیستەمە ماردین مەعسووم وتی:  

ئەم سیستەمە لایەنی نەرێنیشی هەیە، تێچووی زۆرترە چونکە پێویستە سەرجەم ئەو خزمەتگوزارییە ئینتەرنێتییەکان و کۆمپیوتەرەکان و پێویستە ببەسترێنەوە بەئینتەرنێتەوە، هەروەها فەرمانبەران رابهێندرێت لەسەر ئەم سیستەمە.

« لایەنێکی دیکەی نەرێنی ئەوەیە ڤایرۆس لەکۆمپیوتەرەکە یان هێڵە ئینتەرنێتییەکە دەدات و رەنگە تەواوی سیستەمەکە تێکبچێت و بۆی هەیە مامەڵەکان زیانیان پێبگات و تێچوویەکی زیاتری بوێت تا چاک بکرێتەوە». د. ماردین وادەڵێت.

پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەچەند قۆناغێک بەڕێوەدەچێت و لەقۆناغی یەکەمدا هەریەکە لەوەزارەتەکانی کارەبا و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوون و تەندروستی و شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم لەم سیستمەدا بەشدارن و لەقۆناغەکانی داهاتووشدا وەزارەتەکانی دیکە دەبنە بەکارهێنەری ئەم سیستمە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار