حوسییەکان: لە ساڵی رابردووە تاوەکو ئێستا ٥٤ کەشتیمان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن ئاشکرایکرد لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ٥٤ کەشتییان کردووەتە ئامانج.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ئەلعەربییە" بێت رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ عەبدولمەلیک ئەلحوسی، سەرۆکی گروپی حوسییەکان لە یەمەن رایگەیاند "گرووپەکەی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانیانەوە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەزە ٥٤ کەشتییان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا گروپەکەی ٣٨٤ هێرشى مووشەکى و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجامداوە"، هەروەها جەختیشی لەوەکردەوە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و گەرووی باب ئەلمەندەب.

سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەریان وتی "هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا کاریگەری لەسەر توانا سەربازییەکانی حوسییەکان نەبوو".

حوسییەکان دەڵێن ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە خاوەندارێتی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن یان کەلوپەل بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە، ئەمەش وەک هاوسۆزییەک بۆ کەرتی غەزە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە هێرشی ئیسرائیلی لەسەرە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار