ئێران نەخشەڕێگەی ئابووری لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ دەگۆڕێت

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بانکی ناوەندیی ئێران بڵاویکردەوە، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە جوڵەی گەشتیاری و بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران گۆڕانکاری کرا لە مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ، شارەزایەکی ئابووریش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەو بڕیارە ئێران دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار".

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئازاری 2024  بانکی ناوەندیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد "بە پشتبەستن بە سیاسەتی دراوی کۆماری ژمارە 14 بڕیاردراوە بە گۆڕانکاری لە مامەڵە داراییەکاندا لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ و تمەنی ئێرانی".

بانکی ناوەندیی ئێران ئەوەشخراوەتەڕوو "هەر گەشتیارێک لە مانگی ئازاردا گەشت بۆ عێراق بکات بڕی هەزار یۆرۆی بە نرخی فەرمی بانکەکە بۆ دابین دەکرێت".

سەعد عەبدوڵڵا گوڵپی، شارەزای بواری ئابووری لەبارەی بڕیارەکەی ئێرانەوە بە هاوڵاتی وت "لەڕووی سیاسییەوە مامەڵەنەکردن بە دۆلارەوە لە ئێران کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ئەمەریکا، هەروەها لە بەرامبەریشدا کارکردن بە یۆرۆ لە قازانجی ئەوروپایە و ئەم بڕیارەش بۆ ئێران باشە و مامەڵە لەگەڵ ئەمەریکا ناکات".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە رووی ئابوورییەوە ئەم بڕیارە بۆ ئێران باشە، چونکە ئێران بە ئاسانی دۆلاری دەستنەدەکەوت بەڵکو لەڕێگەی عێراق و سوریا و لوبنانەوە دەیتوانی دۆلار بەدەستبهێنێت، هەروەها بەهۆی ئەو فشارانەی بانکی ناوەندیی عێراق دروستیکردووە لەسەر گەشتیاران و داخستنی کۆمەڵێک بانکی ئەهلیی لەلایەن ئەمەریکاوە وایکردووە کە ئێران لەرێگەی بانکەکانی عێراقەوە دۆلاری دەستبکەوێت، بۆیە ئێران ناچاربوو ئاڕاستەی خۆی لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ بگۆڕێت".

ئەو شارەزای ئابوورییەش لەبارەی کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر گەشتیارانی هەرێم و عێراق وتی "ئەم بڕیارە بۆ هەرێم و عێراق باشە، چونکە ئەو چاوچنۆکییەی ئێران هەیبوو بۆ دەستکەوتنی دۆلار لە عێراقەوە ببووە هۆکاری ئەوەی بەهای دۆلار بەرزبێتەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوای ئەم بڕیارە چیتر ئەمە نامێنێت، چونکە گەشتیاران و ئەوانەی لە عێراق و هەرێمەوە دەچنە ئێران لە بری دۆلار یۆرۆ دەبەن لەگەڵ خۆیان، ئەمەش یارمەتی دابەزینی بەهای دۆلار دەدات".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار