لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ئێران نزیکەی ٨٣٤ کەس لە سێدارەدراون

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێی ئامارەکانی دوو رێکخراوی چالاکی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٨٣٤ کەس لە سێدارەدراون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە و رێکخراوی فەرانسەوی "پێکەوە دژی سزای سێدارەین" لە راپۆرتێکی هاوبەشدا کەم لەم هەفتەیەدا بڵاو کراوەتەوە دەڵێن، ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لانیکەم ٨٣٤ کەسی لە سێدارە داوە و ئەم ئامارە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەرزترین رێژەی سزای سێدارەیە لەو وڵاتەدا، لە ساڵی ٢٠١٥ لانیکەم ٩٧٢ کەس لەسێدارە دران.

ئەم دوو رێکخراوەی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە سزای سێدارە وەک کەرەستەیەک بەکاردەهێنێت بۆ ترساندنی کۆمەڵگا و دوای خۆپیشاندانە فراوانەکەی ساڵی ٢٠٢٢ کە بە شۆڕشی ژینا ناسراوە ژمارەی لە سێدارەدان زیاتر بووە. بە شێوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٣ لە چاو ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی لە سێدارەدان لە ٤٣٪ زیاتر بووە.

مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتەوە بە میدیاکانی راگەیاندووە "ئەم راپۆرتە بە روونی ئەوە دەخاتەڕوو کە کۆماری ئیسلامی سێدارە وەک کەرەستەیەک بەکاردەهێنێت بۆ سەرکوتی سیاسی نەیارەکانی".

ئەمیری موقەدەم ئاماژەی بەوەکرد "ئێمە باس لە حکومەتێکی دیکتاتۆر، ناکارامە، گەندەڵ دەکەین کە توانای چارەسەرکردنی کێشەی رۆژانەی خەڵکی نییە و تەنها هەوڵدەدات وەک قەوارەیەکی سیاسی خۆی بهێڵێتەوە".

لەم راپۆرتەدا بە روونی ئاماژە بەوە دراوە کۆماری ئیسلامی هەشت خۆپیشاندەری شۆڕشی ژینای  کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کران و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا، هەروەها خۆپیشاندەرێکیش سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ لە سێدارە دراوە.

ئەم دوو رێکخراوە باس لەوەدەکەن بەهۆی گرنگی پێنەدانی کۆمەڵگای جیهانی بە سێدارەکان لە ئێران و بەتایبەت دوای هێرشی ٨ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر جەنگی غەزە، سزای لە سێدارەدانەکان لە ئێران زیاتر بووە. تا پێش جەنگی غەزە رۆژانە ٢ کەس لە سێدارە دەدران، لە دوای دەستپێکی جەنگی غەزە بە شێوەی مامناوەند رۆژانە ٣ بۆ ٤ کەس لەسێدارە دەدرێن.

هەروەها ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بەوەداوە، لە سالی ٢٠٢٣ دا بە گشتی ٤٧١ کەس بە هۆی دۆسیەی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون و ئەمە ١٨ جار لە ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ زیاترە.

ئەم دوو رێکخراوە رەخنە لە کۆمەڵگای جیهانی دەگرن کە کەمتەرخەمن بەرامبەر بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئەمە دەستی کۆماری ئیسلامی ئاوەڵا کردووە بەوەی بەردەوام بێت لە سزای لەسێدارەدان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار