حوکمی دادگایی

2 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

مەبەستمان لەحوکمی دادگایی، پێچەوانەی حوکمی دیموکراسییە. لەکاتێکدا لەدیموکراسیدا خەڵک دەبێت حوکم بکەن، دیارە لەمیانەی پرۆسەی نوێنەرایەتیدا، بەڵام دادگا، دادوەر، لەسەر بنەمای یاسا، هێز، لەگەڵ دەستور حوکم دەکەن، بەم پێیە دادوەرو دادگا دانراوو دەستنیشانکراون، نەک هەڵبژێردراو یان بڕوا پێبەخشراو.

لەم ماوەیەی دواییەدا دادگای باڵای فیدراڵی بووە بەجێگای پیادەکردنی حوکم لەعێراقدا. ئەم دیاردەیە نوێیە، بەو پێیە دادگاکە هەرچەندە سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ بەڵام زۆربەی تەمەنی لەکارخراوبوو. وەک فایەق زەیدان دەڵێت، لە دایکبوونێکی سەختی هەبوو. لەهەمانکاتدا دەرئەنجامی خواستێکی هەنوکەیی سیاسییە، لەپێناو فەراهەمکردنی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١. ئەم (ولادة عسيرة) وەک فایەق زەیدان دەڵێت، بۆ هەمیشە مایەی گومان و لاوازیی و سیاسی بوونی دەزگاکە دەبێت، بۆیە دەبێت چارەسەری بکات. کارابوونی دەزگا، ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی ناوەندو دەزگاکانی تر. ئەوەی جێگای سەرنجە، دادگای فیدڕالی لەئەمڕۆی عێراقدا بەغرورێکی زۆرەوە رووبەڕووی هەموو دەزگاکانی تری وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەبێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە دادگاکە کێشەی دەستوری و شەرعی و تێگەیشتنی رۆڵ کرداری زۆرە. بەڵام لەئێستادا بەئەمری واقیع، کاراترین و کاریگەرترین دەزگای حوکمداریی وڵاتە. سەرەتای پاشخانێکی فیکریی بۆ دەزگاکە دەخەمەڕوو، پاشان سەرنج دەخەمەسەر ئەم بڕیارانەی دوایی. بیرۆکەو پلانی دادگای فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بۆ پۆل برێمەر. برێمەر پلانڕێژی بەلیبرالکردنی عێراق بوو. دەستوری عێراقی کە لیبراڵترین دەستوری ناوچەکەیە دەرئەنجامی ئەمەیە. بۆیە پاشخانی ئەمریکایی بوونی دەزگاکە گرنگە. خەسڵەتی دەسەڵاتی لیبرال وەهایە؛ هەوڵدەدات کەدەسەڵات بەگشتی و بەزۆری لای هیچ کەس و ناوەندێک کۆنەبێتەوە، چونکە کۆبونەوەی دەسەڵات، دەبێتە مایەی خراپبونی یان خراپ بەکارهێنانی. بۆیە جیاکاریی دەسەڵاتەکان، بە خەسڵەتی سەرەکی لیبرال دەناسرێتەوە. بیری جیاکاری لیبرال لە جۆن لۆکەوە دەستپێدەکات، مۆنتسکیو دادگەریی بۆ زیاد دەکات و پاشان لەسەردەستی باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا بەرجەستە دەبێت. لەهەمانکاتدا فیدڕاڵ خۆی وەک بونیادێک و شێوازێک لەدابەشکردنی دەسەڵات، لەهەناو کەلتوری دەسەڵاتی لیبرالەوە هاتووە. ئەگەر جیاکاریی دەسەڵاتەکان جیاکارییەکی ئاسۆیی بێت، ئەوا فیدڕاڵ و هەموو شێوەکانی لامەرکەزی جیاکاریی ستونییە. بەڵام نەبونی تێگەیشتن و لاوازیی کەلتوری لیبرال لەهەناو کەلتوری سیاسی و ئاگایی گشتی عێراقدا، فیدراڵی کردووەتە مەترسی و مۆتەکە، بەجۆرێک ناوهێنانی وەک تابویەک و بڤەیەکی لێهاتووە. بۆ نموونە، وەک جۆرێک لەپەراوێزخستن و شاردنەوە، وشەی ئیتحادی عەرەبی کە لەبری فیدراڵ بەکاردێت، ژە بەهیچ جۆرێک مانای فیدرال نادات، بەڵکو مانای یونیەن دەدات، کە لەو پاشخانەوە هاتووە، کە ئیتحاد، بەپێچەوانەی فیدراڵ، جەخت لەیەکبوون دەکاتەوە نەک جودایی. بەڵام مەبەستی سەرەکی لەنەوتنی وشەکە نکوڵیکردنیەتی.  دادگای فیدڕاڵی لەئەمریکاش خۆی مایەی مشتومڕە. یەکێک لەباوانی دامەزرێنەری ئەمریکا کە ئەلکسەندەر هاملتنە، وەها باسی دەکات کە دەزگایەکە نە گیرفانی هەیە، نە شمشێر، بە زمانی ئەو کاتەی ئەمریکا یانی نە سەرچاوەی پارەو دارایی هەیە، نە چەک و هێز. نەبونی ئەم دوانەش وەها بینراوە کە مایەی لاوازی بێت. وەها دیارە ئەو سەردەمەی ئەمریکا وەک ئەمڕۆی عێراق وەهابووە کە چەک و دراو بنەمای دەسەڵات بوون. 

ئەم دەزگا یاساییە، وەک رۆبەرت دال ناوی دەبات، مایەی مشتومڕ بووە لە ئەمریکا. رەنگە تووێژینەوە کورتەکەی بیرمەندی سیاسی گەورە رۆبەرت دال کە لەساڵی ١٩٥٧ نوسراوە، یەکێک بێت لەهەرە توێژینەوە دیارەکان دەربارەی ئەم دەزگایە.  لەئاستی ئایدیالدا، دادگا بۆ ئەوە دامەزراوە، هەتا نا سیاسیانە، مشتومڕی نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لەوڵاتدا یەکلایی بکاتەوە. چونکە وەک دەزانرێت هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە لایەن حزبەکانەوە دیاری دەکرێن و هەمیشە دەبنە مایەی سیاسیی بوون لەناو کایەی دیموکراسیدا. ئەم رۆڵی ناسیاسی بوونە لەگەڵ، کۆتابوون و نەبوونی توانای تانە لێداندا دەردەکەوێت، چونکە دادوەریی وەها دەبینرێت کەدەبێت یەکلاکەرەوە و کۆتایی پێهێنەربێت. بەڵام لەبەر نەبوونی گیرفان و شمشێر، دەسەڵاتی دادگای باڵا هەمیشە بەدەست جێبەجێکردنی ناتەواوو پشتگۆخستنەوە دەناڵێنێت. دیارە رای گشتیش ڕۆڵ دەبینێت، بە گشتی کاتێک بڕیاری دادگا لەلایەن خەڵکەوە پشتگیریی بکرێت ئەوا چانسی جێبەجێکردنی زیاترە، لەوەی لەلایەن خەڵکەوە نەیارێتی بکرێت.

 دادگای فیدڕاڵی عێراقی کۆمەڵێک کێشەی زۆری هەیە. یەکەم، بێلایەنی لەعێراقدا، بەمانای ئەوە دێت کەهەموان تیایدا بەشدارن، بەتایبەتی هەموو حزبەکان، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک بێلایەنی نیەو نابێتە مایەی بێلایەنی. دیارە ئەمە تەنها لەدادگا نیە بەڵکو لەهەموو دەزگاکانی تردا بوونی هەیە. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لەبێلایەنی دژ بەسروشتی بێلایەنیە. وەک کۆمیدیاکاری ناسراو ئەحمەد البشیر ئاماژەی پێدەدا، هەمیشە لەگەڵ ناوهێنانی بێلانی لەعێراق، دەبێت زیاتر پێبکەنین. 

دووەم، کێشە زاڵبونی کەسی سەرۆکە بەسەر دادگاکەدا. وەک لەزۆر ناوەندی تردا دەبینرێت. ئەم دادوەرەش لەهێزێکی سیاسی تایبەتەوە نزیکە کەچەند هەفتەیەک لەمەوپێش کوڕەکەیان بۆ پارێزگاری دیالە هەڵبژارد بەڵام لەبەر بچووکی تەمەن رێگریی لێکرا. سێیەم، نەبونی کەلتور و تێگەیشتنی فیدڕاڵ لە هەناو کەلتوری یاسایی و خوێندنی عێراقدا، هەروەها لاوازبوون یان نەبوونی کەلتوری لیبرال یان تەنانەت دژایەتیکردنی زۆری لەلایەن نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی عێراق و کوردستانەوە. دیارە ئەم کێشانە تەنها کێشەی دادگای فیدڕاڵی نین، بەڵکو هەموو دادگاکان بە دادگاکانی کوردستانیشەوە، بەدەست ئەم کێشانەوە دەناڵێنن. پاش ئەم پاشخانە کورتە: دەمەوێت بەکورتی باس لەدوایین بڕیاری دادگا بکەم دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

بڕیاری پێدانی موچە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، دەکرێت خوێندنەوەی باش و هەروەها نێگەتیفیشی بۆ بکرێت. ئەگەر حکومەتی ناوەند بەبێ هیچ رێگرییەک موچەی خەڵکی کوردستان بدات، ئەوا نەک تەنها بەسودی ئابوری، بەڵکو بە سودی زۆری دیموکراسی کوردستان دەشکێتەوە، چونکە رەنگە بۆ یەکەمجار ببێتە مایەی دروستبوونی چینی ناوەند لەوڵاتدا. چینی ناوەند ئەو چینەیە کەئەگەر داهاتی مسۆگەر بکرێت رەنگە بایەخ بەجۆری خوێندن و ئازادی و ماف بدات.  هەرچەندە تووێژی فەرمانبەرانی کوردستان و عێراق کە دێتەسەر کەلتورو رۆشنبیریی و ماف و ئاگایی مایەی گریانن. چونکە ئەوان لەهەناو کەلتوری کرێخۆریدا بوون بە بەشێک لەسیستەمەکە، کە لەئەنجامدا عەقڵەیەتی کرێخۆرێتی دروستکردووە. بیرمەندی میسری حازم ببلاوی کاری باشی لەسەر رەهەندی عەقڵی ئەم بوارە کردووە. لەساڵانی رابوردودا کە موچە کێشەی نەبوو، بەپلان و بەخواست، هەموو بوارەکانی وەک ماف و ئازادی و دەزگاو چۆنێتی دەسەڵاتەکان پشتگوێخران. ئەوەی موچەخۆران دەبێت بیزانن ئەوەیە کە بۆ مسۆگەرکردنی موچە دەبێت شەڕ بۆ زیاتر لە موچە بکەیت. لەهەناو سیستەمێکدا کە ماف و ئازادی و دیموکراسی هەبێت موچەش مسۆگەرە، بەڵام پێچەوانەکەی وەهانیە. دادگای فیدڕاڵی لەسەرووی هەموویەوە ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی نوێ لەڕێکخستنی هێز لەعێراق و ناوچەکە. کورد، پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، لە سی ساڵی رابوردودا بەئاستێکی وەها لە ناوەو دەرەوە دۆخەکەیان خراپ کردووە، کە باشکردنی مەحاڵە. هەرێم چیدی بواری هەڵەو سەرکێشی نیە، چونکە ئێستا وەک کەلەپچەکراوێک وەهایە هەتا زیاتر بجووڵێت کەلەپچەکەی توندتر دەبێت لەمەچەکیدا. هەرێم نەک نەیتوانی سیستەمێکی وەها تۆکمە دروست بکات کەبەرگەی ئەم فشارانە بگرێت، بەڵکو هێندە لاوازی هەیە، بە هەبوونی هەر هێزێک و نیەتێک لەبەغداوە دژی بەئاسانی لاواز دەبێت. کۆی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم لەسەر پارە بونیادنراوبوو، لەبەرامبەر پەکخستنی دەزگاکان، کە بەپەکخستنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ئێستا کە پارە لەدەستی هەرێمدا نەمێنێت، کۆی سیستەمەکە لەبەر مەترسی نەماندایە. مەترسییە گەورەکەش ئەوەیە، ئەوەی خۆی بە نەیار و جیاواز دادەنێت زۆر زیاتر پولەکییە لەدەسەڵاتدارانی هەرێم خۆی. دادگا ئەگەر سەربەخۆو بێلان بێت لەهەموو دەزگایەک زیاتر پێویستە بۆ حوکمڕانی، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر زیانبەخشە. بەڵام کوردستان ئەگەر بیەوێت رەخنە لەدادگای ناوەند بگرێت دەبێت بەنموونە بوون رەخنەی لێبگرێت، بەو مانایە سەرەتا دادگای خۆت بێلایەن و سەربەخۆ بکە، پاشان رەخنە بگرە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش