کێ راپەڕینی دزی؟

2 مانگ لەمەوپێش



ئارام قادر حەمەسوور

راپەڕین.. بەردەوامی ستەم

دوای راپەڕینی 5/3/1991 لەکوردستانی باشوور، بەماوەیەکی کوورت حزبەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانیان کرد، هەنگوینەکەی دەسەڵات و پارە، یەکێتی و پارتی کرد بەدژی یەک. شەڕی ناوخۆ لەسەر پارە بوو نەک چەسپاندنی ئومێدەکانی راپەڕین، شەڕی ناوخۆ سوکایەتیی و سەرەتای نائومێدییەکان بوو، هەزاران گەنج بەشەڕی ناوخۆ بوونە قوربانیی و بەچرۆیی نێژران. وەک ئەفڵاتوون دەڵێت؛ کەسێک توانای حکومڕانی خۆی نەبێت، ناتوانێت حکومڕانی خەڵکیش بکات. هەر لەسەرەتاوە ئامانجەکانی راپەڕینیان خستە ژێر پرسیار، لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

هۆشی منەی ڤێتنامی دەڵێت: بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕەکان گەندەڵ بکەیت، غەرقیان بکە لەپارەدا. سەرکەوتنی راپەڕین بەماوەیەکی کوورت، کوتایی راپەڕین و ئامانجەکانی بوو. وەک عەلی وەردی دەڵێت: سەرکەوتن گۆڕی شۆڕشە. واتا زۆرکات سەرکەوتنی شۆڕش و راپەڕینەکان کۆتایی خەون و ئومێدەکانی خەڵکە، سەرکەوتن دەبێتە گۆڕی ئامانجەکان. دەبینین لەدونیاشدا شۆڕشە گەورەکان دوای سەرکەوتن بوونەتەوە دۆزەخ وەک پێش شۆڕش. شۆڕشی فەرەنسا 1789 دوای خۆی رۆپسپیری ستەمکاری درووستکرد. شۆڕشی ئۆکتۆبەر 1917ی رووسیا ستالینی بەرهەمهێناو بەملیۆنان کەسی کووشت. شۆڕشی کوبای گیڤاراو ڤیدڵ کاسترۆ، دواتر کاسترۆی کردە ستەمکارێکی گەورەو تامردن کورسی دەسەڵاتی چۆڵنەکرد. دەبێت لەپاڵ هەموو شۆڕش و راپەڕینەکاندا گومانی ستەمکارییمان هەبێت، چونکە شۆڕش و راپەڕینەکان دەکرێت دۆزەخ گەرمتر بکەن.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چەندان راپەڕین و شۆڕشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام کەمیان توانیویانە گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی درووست بکەن. وەک عەلی شەریعەتی گوتی: گرفتی شۆڕش و راپەڕینەکانی ئەم ناوچەیە ئەمەیە کەستەمکار دەگۆڕن لەجیاتی ستەم. واتا ستەمکارێک دەڕوات بەڵام عەقڵی ستەمکاریی هەردەمێنێ. هەمیشە ستەمکاریی لەستەمکار مەترسیدارترە، چونکە ستەمکاریی کولتوورێکی ترسناک درووست دەکات.

 

راپەڕین و ئەدەبیات

لەئەدەبیاتدا بەچەندان شێوە مەترسییەکانی ستەمکاریی دوای شوڕش و راپەڕینەکان نیشاندراوە.

پاش - نوسەری بەریتانیی (جۆرج ئۆرویل) لەساڵی 1944 رۆمانێك دەنووسێت بەناوی (كێڵگەی ئاژەڵان) رێگرییەكی زۆر لەساڵی 1945 لەبەریتانیا بڵاودەبێتەوە، رۆمانێكی مێژووی سیاسییە. ئەم رۆمانە باسی شۆڕش و دوای شۆڕش دەكات لەزمانی ئاژەڵانەوە. هەرچەندە ئەم رۆمانە گوزارشتە لەشۆڕشی ئۆكتۆبەری1917ی رووسیاو دواتر هاتنەسەر كاری ستالین و كووشتنی ملیۆنان كەس بەناوی شۆڕشەوە.

بەڵام ئەم رۆمانە وێنادەكرێت بۆ گشت شۆڕش و راپەڕینەكانی دونیا، لەكێڵگەی ئاژەڵاندا چەندان ئاژەڵی وەك  (بەرازو مەڕو بزن و كەرو ئەسپ و ماین و مریشك و قەلەڕەش) دەژین، بەرازیك خەون بەشۆڕش و رزگاربوون لەدەستی مرۆڤ دەبینێت و دواتر بۆ بەرازەکانی دەگێڕێتەوە و دەمرێت. دواتر ئەو خەونە دێتەدی و ئاژەڵەكان شۆڕش دژی خاوەنی كێڵگەكە دەكەن كەمرۆڤەو دەست بەسەر كێڵگەكەدا دەگرن. دوو لەبەرازەكان رابەرایەتی شۆڕشەكە دەكەن، بەڕۆیشتنی رۆژگار هەنگوینی دەسەڵات بەرازەكان بەرەو فەرمانڕەوایی و ستەمكاریی و گەندەڵیی دەبات،  بەناوی خیانەتەوە دوو بەرازەكە یەكتر تۆمەتبار دەكەن و دواتر بەرازێكیان لەكێڵگەکە دەردەكرێت و تاكە بەرازێك رابەرایەتی كێڵگەكە دەكات و دەبێتە ستەمکار. ئەمەش هەرچی حەرامە حەڵاڵی دەكات بەتەنیا بۆ بەرازەكان، بەرازەكان بنەماكانی شۆڕش پشتگوێدەخەن. ئاژەڵەكانی تریش بێ ئیرادەن و تامردن دەبنە كۆیلەی بەرازەكان و خۆزگە بەسەردەمی پێش شۆڕش دەخوازن .

ئۆرویڵ نیشانمان دەدات، کەگوڕینی دەموچاوەکان گرنگ نییەو نابێت بەماسکەکان بڕوا بکەین، بەڵکو هەمیشە شۆڕش و راپەڕینەکان پێویستیان بەگوومانە .

نیکۆلای گۆگۆل رۆماننووسی رووسی، ساڵی 1842 چیرۆکێکی نووسیوە بەناوی (پاڵتۆ)TheOvercoat.

ئەم چیرۆکە کاردانەوەی زۆری هەبووە تائێستاش، بۆیە دۆستۆیفسکی دەڵێت؛ هەموومان لەپاڵتۆکەی گۆگۆلەوە هاتوینەتە دەرەوە. (ئەکاکی) پاڵەوانی چیرۆکەکەیەو لەبەڕێوەبەرایەتییەکی حکومی فەرمانبەرە، ئەکاکی خاوەنی پاڵتۆیەکی کۆن و شڕەو ناتوانێت بیگۆڕێت، لەسەر ئەم پاڵتۆ شڕەی دەبێتە گاڵتەجاڕیی هاوڕێکانی. لەژێر ئەم گاڵتەجاڕییەدا ئەکاکی ئەم پاڵتۆیە دەگۆڕێت و پاڵتۆیەکی نوێ بەدرووستکردن دەدات لەکاتێکدا ئەکاکی زۆر هەژارە. ئەکاکی پاڵتۆ تازەکە دەپۆشێت و ماوەیەک هەست بەئارامی دەکات، بەڵام شەوێک چەند کەسێک رێگە لە ئەکاکی دەگرن و پاڵتۆکەی لێدەسەنن، ئەمەش خەمێکی قووڵ بۆ ئەکاکی درووست دەکات، دواتر کاربەدەستان بەساردی وەڵامی داواکەی دەدەنەوە بۆ دۆزینەوەی پاڵتۆکەی، لەکۆتاییدا ئەکاکی بەم خەمەوە دەمرێت.

ئەم چیرۆکەی گۆگۆل ریالیزم و رەخنەگرانەیە و بەکۆمەڵگە دەڵێت؛ بەڕووکەشەکان نەخەڵەتێن. لێرەدا پاڵتۆ هیمایە بۆ دەسەڵاتی سیاسیی و کاتێک پاڵتۆکە کۆن و شڕ بووە ئەوا دەسەڵات بێکەڵک بووە، دواتر لەڕێگەی شۆڕش و راپەڕینەوە ئەم پاڵتۆیە کەوێنای دەسەڵاتە  دەگۆڕێت بۆ پاڵتۆیەکی تازەتر، بەڵام لەپاڵتۆ شڕەکە خراپتر دەبێت و دەبێتە کارەسات. گۆگۆل نیشانمان دەدات کەگوومان درووستبکەین بۆ گۆڕانکارییەکان، مەرج نییە گۆڕانکارییەکان لەدۆزەخەوە بمانبەن بۆ بەهەشت، زۆرکات شۆڕشەکان دۆزەخ گەورەتر دەکەن .

 

دزینی راپەڕین

دوای سی و سێ ساڵ  لەڕاپەڕین، ئەوەی دەیبینین حکومڕانییەکی خراپە. دەسەڵاتدارییە نەک دەوڵەتداریی، تائێستاش دوو حزبی دەسەڵات، دوو حکومڕانی جیاوازن. ئومێدەکان هێشتا  یۆتۆپیان و نەتوانراوە کۆمەڵگە خۆشبەخت بکرێت، هێشتا کۆمەڵگە بەدەست نەبوونی بنەما سەرەتاییەکانی ژیان دەناڵێنێت، هێشتا خەڵک کێشەی مووچەو ژیان و نادادیی هەیە. وەک جۆن لۆک گوتی: هەر دەسەڵاتێک کۆمەڵگەکەی برسی بکات ستەمکارە. ئێمە بەڕاپەڕین ستەمکارمان گۆڕیوە، بەڵام ستەم بەردەوامە. راپەڕین وەک پاڵتۆکەی گۆگۆڵ و مەزرای ئاژەڵانی ئۆڕوێڵ ترسناک بوو. راپەڕین، لەماشێنی ستەمکارێکی بێگانەوە بۆ ماشێنەکانی ستەمکاری ناوخۆیی بردین. ماکس ڤیبەر دەڵێت؛ سیاسییەکان هەندێکیان بەسیاسەت دەژین و هەندێکیان بۆ سیاسەت دەژین. سیاسییەکانی ئێمە زۆرینەی کات بەسیاسەت ژیاون، بۆیە ئامانجەکانی راپەڕین دزران و راپەڕینیش دزراو مەکینەکانی ستەمکاریی بەردەوام بوون، تائەمڕۆش هاونیشتیمانییان دەهاڕێت. زۆرینەی   گەنی و کەمینەی خەنی بەرهەمی راپەڕین بوون، ئەم جیاوازییە چینایەتییەش لەکۆتاییدا نائومێدییەکی گەورەی درووستکردووە، ئەمەش حەقیقەتێکی سۆسیۆلۆژییەو لەکۆتاییدا دەسەڵات دەخاتە مەترسییەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش