حووسییەکان هێرشیان کردە سەر دوو کەشتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حووسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئازار زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و بە یەکێک لە گەورەترین هێرشەکان ناویان برد لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر ئەو کەشتیانەی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنەوە تێئەپەڕن.

یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەکان لەچاوپێکەوتنێکی  تەلەفیزیۆنیدا دەرباری ئەم هێرشانە وتی دوو هێرشی  مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر کەشتییەکی ئەمریکی و پاپۆڕێکی ئەمریکی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا بوون.

 وتیشی، لە چالاکی یەکەمدا لە کەنداوی عەدەن کەشتی ئەمریکی Propel Fortune کرایە ئامانجی چەند مووشەک و لە چالاکی دووهەمدا بە ٣٧ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر یەکێک لە پاپۆڕە جەنگیەکانی سوپای ئەمریکا لە دەریای سوور.

سوپای ئەمریکاش لە راگەیاندنێکدا هێرشی حووسییەکانی پشتڕاستکردۆتەوەو وتوویەتی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رۆژی شەممە ٩ی ئازار ١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی حووسییەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستە خوارەوە.

لە راگەیاندنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە، ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە، هەڕەشەی جیدی بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان. لەم راگەیاندنەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە لایەن حووسییەکانەوە هێرشکرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی کە ئاڵای ئەندۆنزیای لەسەر بوو، هێزەسەربازییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دوو ترۆمبێل کە چەکی قورس و مووشەکی دژە کەشتیان لەسەر دامەزرابوو.

جێگەیباسە رۆژی چوارشەممە ٦ی ئازار بە هۆی هێرشی حووسیەکانەوە بۆسەر کەشتییەکی بازرگانی ٣ کەس کوژران و چەند کەسیش برینداربوون. سوپای ئەمریکا رایگەیاند بە مووشەکی بالستیکی و لە یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئەم کەشتییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار