شی‌و فشە 

2 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

شی xi مەبەستم سەرۆکی چینی شی ژیاوپینگە. هەتا ماوەیەک لەمەوپێش شی ژیاوپینگ زوو زوو قسەی زل و هەڕەشەی دەکرد، بە تایبەتی بەرامبەر ئەمریکا. لەو قۆناغەدا چین جۆرێک لە خیتابی پیادە دەکرد کە بە خیتابی گورگی شەڕانی ناسراوبوو.

دیارە هۆکاری زۆر و ئاڵۆز لەپشت ئەم جوڵانەوانەوە بوونی هەیە، لەوەی کە پاڵنەرەکانی ئەم رەفتارانە چین، بۆ وڵاتی چین لەو کاتەدا بەو شێوەیە دەدوا، چین دەیویست چۆن وێنابکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ زۆر پرسیاری تر کەڕەنگە بۆ خوێنەری کورد هێندە گرنگ نەبێت. بەگشتی دوو تیورە لێرەدا ئاماژە پێدەدەم، بەبێ چوونە ناو تانوپۆیانەوە. یەکەم، تیورەی ناسیونالیزم، بەو مانایە چین گەشتووەتە قۆناغی ئەوەی کە بەخۆیدا بنازێت و بیەوێت خۆی بۆ دونیان نمایش بکات.

هەمیشە لەهەناو ناسیونالیزمدا بڕێکی زۆر لە بەخۆنازین و لوتبەرزی و فشە هەیە، بەتایبەتی کاتێک گەلان خۆیان گەورەو تاقانە و مەزن و بێ وێنە دەکەن. ئەمە دەکرێت لەڕوانگەی رێڕەوی شی خۆشیەوە بخوێنرێتەوە، بەوەی کە دەیەوێت هەتا مردن سەرۆک بێت، ئەوا دەیەوێت خیتابی شانازی و گەورەیی و بەرگریی پیادەبکات هەتا وەک پێویست و بێڕکەبەرو تاقانە ببینرێت دیدێکی تر، لەڕوانگەی ئابوری سیاسیەوەیە. هەندێک دەڵێن، چین گەیشتوەتە قۆناغێک لەئابوری کە چیدی وەک جاران گەشە ناکات، هال براند و مایکڵ بێکڵی ئەم دیدە تەبەنی دەکەن. بەم پێیە چین چونکە وەک جاران گەشە ناکات و گەشەی ئابوری بنەمای شەرعیەتی دەسەڵاتە، ئەوا لەژێر فشار یان ترسی لاوازبووندا گیڤ و گاڤی زۆر دەکات، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، کەخراپ تێگەیشتنێک لەهەناو نوخبەی چیندا هەبوو بەوەی کەگوایە ئەمریکا بەرەو لاوازبوون دەڕوات و سەردەمی ئەوان دەستیپێکردووە. لەهەمانکاتدا وەک دوان شیالین سەرنجی لێدەدات، پاڵنەری ناوخۆییش بۆ ئەم رەفتارانە بوونیان هەیە بەهەرحاڵ من لێرەدا باس لەفشەکانی شی دەکەم، مەبەستم لەچەمکی فشە ئەوەیە کە کەسێک یان هێزێک یان وڵاتێک لەسەر تێگەیشتنەکی هەڵە بۆ خود، یان هەستی خۆ بە کەمزانین، یان غرور لەخۆی و ئەوانیتر دەڕوانێت. فشە، هەمیشە نمایشە بۆ ئەویتر، بەو مانایە، کەسێک کاتێک فشە دەکات، وەها مامەڵە دەکات کەخۆی لەئەویتر باڵاتر دەزانێت، بەڵام لە هەمانکاتدا لەئەویتر دەپاڕێتەوە کە سەرنجی بداتێ، بایەخی پێبدات. وەک پەیوەندی نێوان کۆیلەو ئاغای هێگڵە فشە لە دەرەوەی رۆژئاوا زۆر باوو بڵاوە، بەتایبەتی کاتێک دێتە سەر پیادەکردنی دەسەڵات، چونکە گەلان و تاکەکان لەو دونیایەدا بەقووڵی و بە خەستی بریندارن بەڕۆژئاوا.

چین بۆ نمونە، کاتێک سەدەیەک زیاتر بەدەستی رۆژئاوا زەلیلکراوە، هەمیشە دەیەوێ خۆی لەبەردەم رۆژئاوادا وەها بنوێنێت، کە چیدی ناتوانرێت وەهای لێبکرێتەوە. بەڵام زەلیلبوون بەشێکی سەرەکی دونیابینی چینیە. ئەم قۆناغە بەشەڕی ئەفیون دەستپێدەکات. ئەم دۆخی دەرونی و سیاسی و جیوپۆلەتیکیە بۆ ئەحمەدی نەژادو قەزافی و سەدام و ئەردۆغان و زۆری تر راستن ئەم دیاردەیە لەهەناو سیاسەتی کوردیدا زۆر باوە، کەئاماژەیە بۆ نەخۆشیی دەسەڵات. گەر سەیری سیاسەت، یان ئەوەی پێی دەوترێت سیاسەت، لەکوردستان بکەیت، دەبینیت، هەر لەدروستکردنی کۆشک و باڵەخانەکانەوە، هەتا جۆری ئۆتۆمبیلەکان، شێوازی لەبەرکردن و قسەکردن، هەموو پاڵنەرەکەی غرورێکی خۆ بەکەمزانینە بەڵام ئەوەی جیاوازە لە نێوان شی و ئەوانیتردا، شی ئێستا قسە ناکات، کە یانی شی وانە وەردەگرێت و فێر دەبێت. ئەمە بەگشتی سروشتی فشەکەران نیە. فشەکەران خۆیان وەها دەبینن کەهێندە پڕن بەشی فێربونیان تیادا نەماوە. ماوەیەکە شی ژیاوپینگ وەک جاران دەرناکەوێت و وتاری ئاگرین نادات. لەڕاستیدا ماوەیەک لەمەوپێش ئەو کەسەی کە لەپشت دیدی دیپلۆماسیەتی گورگی هارەوەبوو، لە کارەکەی دوور خرایەوە و برا بۆ کەرتی کشتوکاڵی کەرتێک کە ئەوەندە بواری فشەی تیادانیە لێرەدا دێینە سەر رەهەندێکی تر فشە، ئەویش ئایا فشە بەئاستێکە کە کەسی فشەکەر چیدی توانای ئەوەی نیە بگەڕێتەوە بۆ واقیع و ئەو دونیا دۆنکیشۆتەی کە بۆ دروستکراوە، لێی دەبێتە واقیع، یان هەر زوو هەست بەواقیع دەکات؟ لێرەدا خەسڵەتێکی تایبەتی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی دێت کاتێک کەسی دەسەڵاتدار بەخەڵکانی بەڵێ قوربان و گەورەم و ئەمانە دەورە دەدرێن. ئەم ڕۆژانە تەماشای بەرنامەیەکی ئەحمەد مەلا تەلالم دەکرد دەربارەی دیدارێکی قەیس خەزعەلی. قەیس بەشێخ الامین ناو دەبراو ئەندام پەرلەمانێکی کتلەی سادقونیان هێنابوو، کە کاری ئەوەبوو بڵێت عێراق یانی خەزعەلی و خەزعەلی یانی عێراق. دیارە هەڵکشانی خێرای خەزعەلی مایەی تێڕامانە لەشانۆی سیاسەتی عێراقیدا. بەتایبەتی دەست گەیشتنی بەدەسەڵات و هەوڵی بۆ گواستنەوە لەجیهادەوە بۆ دەسەڵات. ئەم دۆخە لێرەدا جێگەی قسە لەسەرکردن نیە ئەم دۆخی پیرۆزی و گەورەیی دروستکردنە، لەئێستای عێراقدا بەکەسانی ئەندام پەرلەمان و راوێژکاران دەبەسترێت. بەجۆرێک کاری هەرەسەرەکی راوێژکاران و ئەندام پەرلەمانان، زۆرێک لەبەناو رۆژنامەنوسان و موحەلیلی سیاسی، پێاهەڵدانە بەسەر سەرۆک یان سەرکردەکەیاندا، ئەمە لەدۆخی سودانیشدا دەبینرێت، کە نزیکی ١٠٠ راوێژکاری هەیە ئەوەی لە دۆخی فشەی کوردستان و عێراقدا، جیاوازە ئەوەیە کە فشەکەران، دونیای فشیان لێدەبێت بەواقیع و نایانەوێت لەخۆیانی تێک بدەن. بەڵام شی ژیاو پینگ وەها نەبوو. دیارە گەرچی هەتابێت شی دەسەڵاتی زیاتر دەبێت بەڵام هێشتا گروپێکی حەوت کەسی هەن کەدەسەڵاتدارن و کەسانی وەک Cai Qi چای چی هەتابێت پێگەیان پتەوتر دەبێت هۆکاری وازهێنانی شی لەفشە، دەرککردنی بوو کە ئابوری چین و پێگەی چین لە دونیادا، بەوجۆرە نیە کە ئەو وێنای دەکات. لەدوای پەتای کۆرۆناوە، ئابوری چین نەک توانای هەستانەوەی نیە، بەڵکو لەقەیرانی گەورەدایە، بەوەی ناتوانێت کاری نوێ دابین بکات، کەرتی خانوبەرە، کە کەرتێکی سەرەکی ئابوری چینە، روو لەداڕمانە. ئیفلاسکردنی کۆمپانیای گەورەی ئێڤەرگراند، یەکێکە لە ئاماژە گەورەکان. دیارە فشەکانی شی هۆکاربوون لەوەی کە چین زیاتر بکەوێتە ژێر فشارو ئابلۆقەو و وڵاتانی تر بەزیاتر مەترسی بیبینن، ئەمەش زیانی گەورەی لەئابوری چینیدا، چونکە چین خۆی وەها دەبینی کە کارگەی بەرهەمهێنانی دونیایە. دروشمی made in China تەنها بە مانای ئەوە نایەت کە لەچین دروستکراوە، بەڵکو لەو چوارچێوەدا بەمانای ئەوە دێت کە چین وڵاتی دروستکردنی کاڵاو شمەکەکانە بەڵام بۆ ئەوەی چین وەها بمێنێتەوە دەبێت جێگای سیقەی وڵاتانی تر بێت، فشەش زیانی زۆر بۆ سیقە. مرۆڤی فشەکەر جێگای سیقەنیە دیارە لاوازبونی ئابوری چینی هۆکاری بونیادی زیاترە، وەک نەبونی گەنجی پێویست، کە دەرئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتی یەک منداڵە، هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆری پیر، ئەمە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کەمبوونەوەی دەستی کارو کۆتایی دەستی کاری هەرزان و لەدەستدانی توانای کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی تری وەک ئەندەنوسیا، فلیپین و هەروەها کەمبوونەوەی کڕیاری ناوخۆیی، کەهەموویان کاریگەرییان لەسەر بازاڕ هەیە بەشێوازی جیاواز. شی بۆی دەرکەوت کە گەشەی چین بەرهەمی جیهانگەرییە، هەر پەرچەکردارێک دژ بە جیهانگەریی، ئابوری چین زیانی گەورەی بەردەکەوێت، بۆیە وازی لە فشەکانی هێنا لێرەدا جۆری ئابوری و دونیابینی سیاسی گرنگە. نەوت بنەمای فشەیە. پاڵنەری سەرەکی کرداری سیاسی قەبەی بێ سودە. کاتێک نەوت دەبێتە بنەما، ئەوا دەبێتە رێگر بۆ گەشەی بنەماکانی ترو داهاتەکەی بەکاردەبرێت بۆ رازاندنەوەی دەسەڵات و رازیکردنی حەشامەت، ئەم دیاردەیە بە پارادۆکسی فرە، ناسراوە لەئەدەبیاتی نەوتدا


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش