نوێنەرەکانی کورد لەبەغدا چی دەکەن؟

2 مانگ لەمەوپێش



هێرش ئەحمەد

1- ئەو وڵاتانەی وەك گۆشتی قوربانی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراو هەریەكەیان بەشێكیان بردووە بەدرێژایی مێژوو كوردیان لەنوێنەرایەتیەکی راستەقینە بێبەش كردووەو هەمیشە داگیركەرو دوژمنەكان بەنوێنەرایەتیو لەجیاتی ئەو قسەیان كردووەو بڕیاریان بۆداوەو هەوڵی ئەوەیان داوە لەناو بۆتەی دەوڵەتدا ئەم نەتەوەیە بتوێننەوە .

پێشتر كورد خوازیاری ئەوەبوو كە لەڕێگەی حزبێك یان رێكخراوو نوێنەرێكی راستەقینەوە داخوازییە رەواكانی خۆی داوابكات لەناو ئەو دەوڵەتانەدا، گەرچی رێگە بەحزبی كارتۆنی كوردیو بەشداری ئەشخاس بەناوی كوردەوە دراوە، بەڵام ئەم جۆرە بەشداریو رێگەپێدانە هیچ گوزارشتێكی راستەقینەو بەرجەستەیان بەناوی كوردەوە نەكردوەو، بەشداریكردنی شكڵی ئەم جۆرە (نوێنەرانە) بەهیچ جۆرێك دەربڕی خەونو ئیرادەی كورد نەبووەو تەنها بۆ ئەوەی (وێنە گەورەكەی كوردو حكومەت)ی پێ تەواو بكەن. لەكاتێكدا بەشداری ئەو حزبە كارتۆنیو كەسایەتیانە هێندەی نوێنەری حكومەت بوون لەناو كوردا هێندە نوێنەری كورد نەبوون لەناو حكومەتو ناوەندی سیاسیدا.

هەلومەرجی گۆڕاوی سیاسی دوای رووخانی سەدامو بەشداری گرنگو جددی كورد لەگۆڕینی ئەو رژێمەو دووبارە دروستكردنەوەی عیراقێكی نوێ‌‌و نوسینەوەی دەستورێك كەگوزارشتبێت لەیەکسانخوازی هاووڵاتیو پێكهاتەكانی دەرفەتێكی گەورەبوو بۆ كورد كەنوێنەری راستەقینەو ئەسیڵ كەگوزارشت لەخواستو داواو ئیرادەی كورد بكات و شەڕی سیاسی و مەدەنی بۆ مافو داخوازییە رەواكانی بكات بنێرێتە بەغدادو ناوەندە گرنگەكانی بڕیاری سیاسی، لێرەوە بەشدارییەكی فراوانی لەئاستی باڵاو پۆستە گرنگەكاندا لەناوەندی بڕیاری عیراقدا پێبڕا .

دوای 21 ساڵ لەپرۆسەی ئازادی عیراق و بەشداری ئەم نوێبەرانەو هەڵسەنگاندنیان ئەو پرسیارەمان پێدەکات کەلیستی دەسکەوت و مافە بەدیهاتوەکانی لەسەر دەستی ئەم نوێنەرانە چەندە؟، (ئەوەی وەك دەسكەوت بەدەستهاتووە نادیدەی ناگرم، بەڵام كورد وەك نەتەوە چاوی لەدەسكەوتو بەركەوتەی شایانترە) راستە بەشدارییەكی فراوانی نوێنەرایەتی كورد لەپۆستە باڵاو سیادییەكانی عێراق هەیە، بەڵام نوێنەرایەتیەكە شەڕی جددی بۆ بەرككەوتەو گەڕانەوەی مافە زەوتكراوە مێژووییەكان بۆ كورد بەڕێژەیەکی بەرچاو نەکردووەو دیمەنەکە روون و ئاشکرایە.

ئێستا گرنگە بپرسرێت هەر بەجددی كورد نوێنەری راستەقینەی هەیە لەبەغداد؟ نوێنەرەكانمان كام شەڕ دەكەنو كام مافی زەوتكراو وەردەگرنەوە؟ لەو گرفتو تەنگژانەی نێوان هەرێمو بەغداد چۆن و چەند فشار لەبەرامبەر بەغداد دەکەن؟ روونە كەنزیكەی 10ساڵە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادوە بەردەوامە لەو كاتەشەوە كەسێ خولی پەرلەمان دەكات کورد كۆمەڵێك پەرلەمانتاری وەك نوێنەر ناردووەتە بەغداد (یان راستتر تەعین كراون) جگە لەوەی کورد 600 پۆستی باڵای تری لەعیراقدا هەیە.

بەڕاست ئەو هەموو نوێنەرە بەناوی كوردەوە بەو هەموو پۆستو پلە باڵایانەوە چیان بۆ داخوازیو مافەكانی كورد كردووەو چیان گەڕاندووەتەوە؟ گەرچی لەسەرجەم هەڵبژاردنەكانی عێراقدا هێزە كوردستانیەكان وەك وێستگەیەكی گرنگو چارەنووسساز باس لەئامادەیی کورد لەعێراقدا دەکەن (كەئەم دەستەواژەیە دروستە) بەڵام دوای دەنگدانو دەرچوونی كۆمەڵێك پەرلەمانتار ئیدی بێدەنگی و خەمساردی لەبەرامبەر هەر گرفتێك كەتووشی هەرێم دەبێت، دەبێتە پیشەییان .

بەهۆی ئەوەی لەسەر چەکێکی سپی و بەتاڵ ئیمزامان بۆ نوێنەرەکان کردووە، بۆیە دەستیان بەسەر چارەنووسماندا گرتووەو خەمساردانە گەمەی پێدەکەن، ئەم نوێنەرە بێئاگایانە کەزۆربەیان زمانی عەرەبی نازانن هەموو چالاکی و مەهارەیان لەپەرلەمانی عێراقدا ئەوەیە چارەنووسی ئێمەو جۆری گرفت و کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بۆ ئەگەرو رێککەوت جێبهێڵن. زۆرینەی ئەو پەرلەمانتارانە بەگشتی تەنها لەمیدیادا وەك (پەیامنێر) گێڕانەوەیەكی سادەی كێشەكان دەكەنو لەزۆربەی رووداوەكانیشدا هەركەسەو دەیەوێت خۆی وەك فریادرەسو پاڵەوان نمایش بكات گەر لەبەغدادیش قسە بكەن زۆر شەرمنانە قسەدەکەن.

بەجددی لەكوردستان کێ لەنوێنەرە كەمتەرخەمو تەممەڵەكانی كورد دەپرسێتەوە كە لەبەغدادن؟ ئەوان كە لەسەر پشكی كوردو بۆ كورد لەوێن لەئەركدا كەمترین جێبەجێدەكەنو لەمافدا زۆرترین ئیمتیازیان بۆخۆیان بردووە؟ ئەولەویەتی كورد پۆست بوو یان گەڕانەوەی مافەکان وەك كێشەی خاكو ماددەی 140؟ راستە پۆستو ناونیشان گرنگەو دەتوانرێت رۆڵو كاریگەری زیاترت بداتێ و مەسەلەکانت زیاتر بباتە پێشەوە!.

بەڕاست چ لایەنو دامودەزگایەكی نیشتمانی هەتا ئەگەر حزبیش بێت، لێپرسینەوە دەكات لەگەڵ ئەو نوێنەرانەی لەبەغدان لەسەر ئەداو كەمتەرخەمییان؟ هەموو ئەو لایەنانەی لەسەر پشكی كورد پەرلەمانتارو پۆستو پلەیان لەناو دامودەزگای سیاسی عێراقدا هەیە، تەنها لەخەمی زامنكردنی پلەو پایەی خۆیانو دەسكەوتی كەسیدان و لەخەمی تەندەر وەرگرتنو موچەی زەبەلاحو كۆمەڵێك ئیمتیازاتی تردان بۆ بابەتە چارەنوسسازەکانیش هیچ بەدەستەوە!.

لێرەوە هەبوونی لایەنێكی دەستوریو یاساییو نەتەوەیی گرنگە كەلێپرسینەوە لەنوێنەرانی كورد لەبەغداد بكات و لەئەدای ناشایستەیان لەكەمتەرخەمیو لەشەڕنەكردن بۆ مافەكانی كورد بپرسێتەوە کەمتەرخەم و تەوەزەلەکان سزا بدات و زرنگ و چالاکەکان ئافەرین و دەستخۆشانە بکرێن. گرنگە لێیان بپرسرێت كەچییان بۆ خۆیان كردو چیان بۆ كوردو مافەكانی كرد؟ ئایا بەشی كورد تەنها دامەزراندنی ژمارەیەك وەزیرو پلە باڵایەو تەواو؟ هەر بەجددی چ دەزگایەكی دەستوری لەم بەناو نوێنەرانە دەپرسێتەوە؟ لەكاتێكدا ئێستا زۆرترین كێشەو گرفت لەنێوان هەرێمو بەغداد هەیەو سات بەسات بەغداد زیاتر ئەم هەرێمە لەقاڵبدەداتو سازشی پێدەكاتو داوای هەموو شتێک دەكاتو هیچیش نادات! كێ نرخی ئەم خەسارەتە نەتەوایەتیو مەعنەویە دەداتەوە؟ لەکاتێکدا هێزە كوردستانیەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروشمی گەڕانەوەی ناوچە كوردستانیەكانو گێڕانەوەی بودجەی هەرێمو بەدیهاتنی مافەكانی کوردییان بەرزكردەوە. بۆیە پێویستە قۆناغی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەم بەناو نوێنەرانە بكرێت لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنو بەرنامانە كەزۆرینەیان جێبەجێنەكرانو تادێت سیاسەتی كوردستانی لەپاشەكشەو بچوكبوونەوەدایە لەبەرامبەر بەغداد.

ئەسڵەن هەندێک لەو پەرلەمانتارانە بوونەتە رەقیب بەسەر هەرێمەوەو بوونەتە نوێنەری بەغداد لەكوردستان و رۆڵی راستەقینەی خۆیان ونكردووە. نوێنەرەكانی كورد بەگفتی شەڕكردن لەسەر مافە نەتەوەییەكانو گەڕانەوەی خاكو ناوچە جێناكۆكەكان چوونە بەغداد، بەڵام نەك ئەم بەڵێنەیان بەجێنەگەیاند ئێستا كێشەكان لەگەڵ بەغداد بووە بەبابەتی هات و نەهاتی نیوە موچە.

پاش ئەو هەموو قوربانیو مافخورانەی گەلی كوردستان هاووڵاتی كوردستان شایستەی ئەوەیە هیچ مافێكی نەكرێتە قوربانی ویستی شەخسی بەناو نوێنەرانێك كەتەنها خەمی گیرفانو دەوڵەمەندبوونو سەفەری دەرەوەو خەریکی ڤیزە فرۆشتنەوەن. ئەمێستا خەونو ویستی شەخسی نوێنەرو پەرلەمانتارەكان هاتەدیو داخوازیو بەدەستهێنانی مافەكانی كوردیش ساڵ بەساڵ لەمەحاڵ نزیک دەبێتەوە.  پەرلەمانتارەكانی بەغداد بەوتەزای (من وام كردو من پێشبینی دۆخەکەم کرد)بوو، كاری پەرلەمانتاریو پەیامنێریان لێ تێكچووە، لەكێشە زۆرەكانی نێوان هەرێمو بەغددا ئەم قیلو قالە، ئەم گوتاری خۆبەپاڵەوان كردنە پۆپۆلیستیە لەسەر بنەمای هیچی بەدەستنەهاتوو هیچ ئەرزش و جەدوایەكی بۆ كورد نەبووەو نیە. 

راستییەك هەیە پێویستە بەدەنگی بەرز بگوترێت شەڕی ناسنامەو خاكو داخوازی رەوای كورد بەو نوێنەرانەی كوردو بەوجۆرە سیاسەتە ناکرێت، گرفتەکەش ئەوەیە نوێنەرەكانی كورد دوای چوار ساڵ لەخۆدەوڵەمەندكردنو تێكەڵ بوون لەناو چەندین سەفەقاتی بازرگانیو دواتر خانەنشین بوون دەگەڕێنەوە كوردستانو هیچ لێپرسینەوەیەك لەئەداو كەمتەرخەمیو لاموبالاتییان ناکرێت و مانەوەیان لەبەغداد بەنرخی پاڵەوانی نەتەوەیی بەكوردستانیانی دەفرۆشنەوە.

بۆیە هەقی خۆیەتی بپرسین هەبوونی ئەم نوێنەرو فەرمانبەرە پلە باڵایانە بەم ناچالاکیو كەمتەرخەمیەوە لەسەر پشكی كورد چ خێرێكی تێدایە؟

2- بەغداد چی لەئێمە دەوێت؟ بەدەر لەناکارایی و ناچالاکی نوێنەرەکانمان، لەکێشەو گرفتە درێژخایەنەکانی هەرێم و ناوەند، گرنگە ئەو پرسیارەش بکرێت ئەی بەغداد چی لەئێمە دەوێت؟ دۆخی كوردستان لەڕووی سیاسییەوە داوەشاوەو تووشی پەرتەوازەییو شێواوی بووە، هەلومەرجە نوێكان یەكگرتووییو یەكگوتاری دەوێت کە لەئێستادا ماڵێکی پەرتەوازەمان هەیە، تەحەدییە نوێكان نوێنەری بەجورئەتو بەئاگای دەوێت كەگوزارشتێكی فیعلی لەویستو داخوازی ئیستحقاقی كورد بكاتو كۆتایی بەشۆكی سیاسیو داوەشینی هەرێم لەبەرامبەر بەغداد بهێنێت هەتا پاشەكشێ لەدەسكەوتو مافەكان نەبێتە واقعێكی باوو چەسپاو. عێراقو كوردستان لەهەژاندایەو ناوچەكەش لەگەڵیدا دەكوڵێت، كێشەكانی بەغدادو هەرێم رۆژ بەڕۆژ گێچەڵی زیاتری تێدەكەوێتو هەتا ئێستا ئەم گرفتو كێشانە لەسەر هیچ چارەسەرێكی دڵنیاكەرەوەی یەکجاری نەنیشتوەتەوە گەڕانەوە بۆ دەستورو لێکتێگەیشتن نەماوە.

لەم وردە سەرنجەدا پەرێزی دەسەڵاتێكی گەندەڵ و شکستخواردوو پاكناكەمەوە، بەڵام نەیارانی كورد مەبەستیانە بەهەر وەسیلەیەك بێت قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێننەوەو ئیش لەسەر ئەوە دەكەن خەیاڵی دەستە جەمعی ئێمە لەسەر ئەوە رابێنن بەغداد فریادڕەسە.

لەو ژینگە شۆڤێنیو تایفەگەریو گۆڕەپانە شێواوەی عێراقدا خەیاڵی سیاسیان و بوونی خۆیان لەسەر سڕینەوەی ئیرادەی كورد دەبیننەوە. لێرەوە دەبێت قەوارەی هەرێم لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی و حزبە شکستخواردووکان سەیربکرێت و لەڕوانگەی کوردبون و کوردستانیەوە هەوڵ بۆ پاراستنی بدرێت.

حكومەتە یەک لەدوایەکەکانی بەغداد داخوازییە رەواكانی كورد جێبەجێ ناكەنو خاوەخاوی تێدا دەكەن، نوێنەرەكانیشمان بەشداری حورمەتمەندانەی سەنگی كوردیان كردووە بەوەسیلە بۆ پەیداكردنی سەروەتو سامان بۆ خۆیانو گۆڕینەوەی پشكی كورد بەویستی تایبەتیو ماددی.

سیاسەتی گێچەڵكردنو برسیكردنی هەرێم بەهەوڵی عەقڵی ناوەندگەرای عەرەبی عێراق كەدەیەوێت رەنجی تێكۆشانی میللەتێك كە 100 ساڵە بێوچان خەبات دەكات تووشی بچووكبونەوەو مردنی لەسەرخۆ بكات.  بەغداد بەتەرجەمەو تەفسیری خۆی دەستور بەکاردێنێت و لەفرسەت دەگەڕێت كوردستان لەئاستی میللیو سیاسی هەر لەتەنگژەو قەیراندا بێت و هەرێم نەیپرژێت ئیحتیوای تەنگژەو گرفتەکان بكاتو رەوشی بێ چارەسەری مانەوەی كێشەكان وەكخۆیان بنو هەر لەپاشەكشێ و پێكوتەدابێت. گەرچی قەراربوو عێراقی نوێ وەك دەوڵەتێكی خاوەن سیادە رێگربێت لەدەستتێوەردانو مەترسی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر هەرێم، بەڵام ئێستا خۆی بووەتە مەترسی بۆسەر هەرێم و خەڵکەکەی. بەغداد بەبڕینی بودجەو گێچەڵكردن یاریکردن بەقوتی هاووڵاتی کوردستان، هەرێمی گوشیوەو نوێنەرەكانی كوردیش لەبەغداد لەسەر حسابی كورد مافی میللەتێكیان بۆخۆیان دۆشیوە، بەغداد رۆژبەرۆژ ئاستی داواكاریو مەرجەكانی بەرزتر دەكاتەوەو نوێنەرەكانی ئێمەش سات بەسات خەمساردتردەبن.

روونتر بدوێین هەموو دژو ناکۆک و جیاوازەکان لەبەغداد بۆ لەقاودان و بچووککردنەوەی هەرێم یەک بیرکردنەوەو یەک گوتاریان هەیەو لەسەر هیچ کۆک نەبن لەسەر خوانی دژایەتی کورد کۆدەبنەوە، بەڵام لای کورد سەیرەکە لەوەدایە ئەو هەموو مەترسیە نادیدە دەکات و کوردبوون واناکات یەکگرتوویان بکات و ئەو پەرتەوازەیی و پاشەکشێە بگۆڕێت بە راسان و ئیحتیوای مەترسییەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش