ئەبێ چەند تاریق عەزیز لەنێو ئێمەدا هەبێ!

2 مانگ لەمەوپێش



 

د. سەعید عەلی محەمەد

بەدرێژایی مێژوو هەمیشە لەدەوروبەری سەرۆك و خەلیفە و فەرمانڕەواكاندا حاشیەو كەسانێك هەبوون كەڕۆڵی گەورە و چاك و پۆزەتیڤیان بینیوە لەئاڕاستەكردن و رێنمونی كردن و گەڵاڵەكردنی بڕیارەكانی ئەو سەرۆك و فەرمانڕەوانەداو كاریگەریی گەورەیان هەبووە لەسەر جۆرو شێوازی ئەدای سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵات، لەبەرانبەردا تاقم و كەسانێكی تر بەدەوروبەری ئەو فەرمانڕەوایانەدا هەبوون كەحاشیەیەكی خراپبوون و كاریگەری و رۆڵی خراپیان هەبووە لەمومارەسەكردنی سیاسەتی ئەو سەرۆك و خەلیفانەداو بگرە زۆر كارەسات و ماڵکاولیان بۆ وڵات و میللەت و تەنانەت خودی فەرمانڕەواكەش دروستكردووە!

ئاشكرایە پەیداكردن و دەستنیشانكردنی راوێژكارو كەسانی نزیك لەسەرۆك لەوڵاتانی ئێمەدا كارێكی ئێجگار قورس و ناڕەحەتەو سەرۆك یان وەزیر هەتاوەكو چەند راوێژكارێك بۆ خۆی دیاری دەكات (بەچاوپۆشی لەوەی ئەو راوێژكارانە كەسانی بەتواناو شایستە بن یان نا) چەندان گرفتی بۆ دروستدەكرێ و رووبەڕووی رەخنەو گلەیی و گازندەیەكی بێسنوور دەبێتەوە، بەڵام لەوڵاتانی پێشكەوتوودا چونکە دەستنیشانكردن و دانانی ئەو راوێژكارو كەسە نزیكانە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پسپۆڕیی و تووێژینەوەیە، پڕۆسەیەكی زۆر ئاسان و بێ سەرێشەیە، هەربۆیە لەوڵاتێكی وەك ئەمریكادا راوێژكارەكانی كۆشكی سپی لە (5000) راوێژكار تێپەڕدەكات!

رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لەسێ ئەڵقەدا بەناونیشانی (پەندو ئامۆژگاریەكان) دیمانەیەكی (یاسر عەبد ڕەببە)ی سەركردەی دیاری فەلەستین و كەسایەتیەكی نزیك لە یاسر عەرەفاتی سەرۆكی پێشووی كۆچكردووی (بزوتنەوەی فەتح)ی بڵاوكردۆتەوە ، ناوبراو ئاماژە بەهەندێ لەوێستگەكانی ژیانی سیاسی خۆی دەكاو پەردە لەسەر هەندێ لەنهێنییەكانی پشت پەردەو كۆبوونەوە داخراوەكان لادەدات! ئەوەی لەو دیمانەیەدا زیاتر سەرنجی راكێشام ئەوە بوو ئەو سەركردە فەلەستینە باسی ئەو كەسانە دەكات كەهەمیشە لەدەوروبەری سەرۆك و بەرپرسە باڵاكاندا كاریگەری خراپ و جەهەننەمیان لەسەر ئەو سەرۆك و فەرمانڕەوایانە هەیە!

ئەو دەڵێ : حاشیەو كەسانی نزیك لەسەرۆك زۆرجار كەسانی ماستاوچی و هەلپەرست و بەرژەوەندپەرستن، كەسانێكی خاوەن عەقیدەو فەلسەفەیەكی جێگیر نین و بەپێی میزاج و ئارەزووی ئەو بەرپرس و سەرۆكانە مامەڵە دەكەن و قسەو باس و ئامۆژگاری و زانیارییەكان دەگەیەنن!

یاسر عەبد رەببە دەڵێ : ئەو حاشیە و كەسە نزیكانە ئەوەی كە سەرۆك بەلایەوە باش و پەسەند بێت بۆی دەڕازێننەوە و جوانی دەكەن، كاتێك سەرۆك دەبینن پشتیوانی خۆیانی بۆ دووپاتدەكەنەوە، ئەو دەڵێ : هەر ئەو كەسە نزیكانە كاتێك لەسەرۆك دووردەكەونەوە زمان دەگۆڕن و بەشێوەیەكی جیاوازتر قسەو مامەڵە دەكەن! كە بەڕاستی ئەم جۆرە كەسانەش وەك (عەبد ڕەببە) دەڵێ مرۆڤی ترسنۆك و خۆرە و بێكەڵكن.

ئەو سەركردە فەلەستینیە نموونەیەك دەهێنێتەوە و دەڵێ: كاتێك (یاسر عەرەفات) ئامۆژگاری سەددامی دەكرد بەوەی باعێراق توشی ئەو كارەساتە نەبێت كە تووشی گەلی فەلەستین بووە، سەدام وەڵامی دەدایەوەو ئاماژەی بەڕووناكیەكانی نێو بەغدا دەكردو دەیووت: من چۆن ئێستا رووناكییەكانی بەغدا دەبینم هەر ئاواش رووناكیەكانی قودس دەبینم! لەو نێوەندەدا تاریق عەزیز بەشان و باڵی سەدامدا دەهات و بە یاسر عەرەفاتی دەووت: سەدام دەیەوێت قودست بۆ رزگار بكات تۆش رەفزی دەكەیت؟!

عەبد رەببە دەڵێ : بەڵام كاتێك تاریق عەزیز لەسەدام دووردەكەوتەوە و لەگەڵ مندا قسەی دەكردو كۆدەبووینەوە، پێی دەوتم : بە یاسر عەرەفات بڵێ ئەگەر سەدام لەسەر سەپاندنی راوبۆچوونی خۆی بەردەوام بێت ئەوا كارەسات و كاولكاری رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە!

منیش لەكۆتایی ئەم گێڕانەوەدا و لەبەر رۆشنایی قسەكانی دیمانەكەی عەبد رەببەدا دەپرسم : دەبێت ئێستاكە چەند جۆر تاریق عەزیز لەنێو ئێمەدا هەبن و رۆڵی تاریق عەزیز بگێڕن؟! دەبێ چاوەڕێی چەند عەبد رەببە بكەین تاڕاستیەكان و پەنهانیەكانی پشت پەردەو ژوورە تاریكەكانمان بۆ بگێڕنەوە؟!


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش