تەکنۆلۆژیا وەکو پیشەسازیی کولتور

2 مانگ لەمەوپێش



ئەحمەد رەسوڵ

گۆڕانی قۆناغە مێژووییەکانی هەر کۆمەڵگایەک بەدوای خۆیدا گۆڕانکاریی لەژیانی کۆمەڵایەتیی و سیستمی بەهاو ئاکارییدا هێناوە و لێرەوە سترەکتوری بیرکردنەوە و پێکهاتەی دەروونیی مرۆڤیش گۆڕانی بەسەرداهاتووە. بۆ نموونە لەقۆناغی کشتوکاڵییدا ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیستمی ئاکاریی کۆمەڵگا هاوئاهەنگ و تەواوکار بووە لەگەڵ شێوەی بەرهەمهێنانی ئابووریی کشتوکاڵیی و لەمەشەوە مرۆڤی ئەو سەردەمە بەبیرکردنەوە و پێکهاتە دەروونییەکەیەوە  بەرهەمهاتووی هەمان کۆنتێکست بووە.

لەکۆمەڵگای پیشەسازیی سەرمایەدارییدا، گەشەسەندنی تەکنیک و شێوازەکانی بەرهەمهێنان، بەدوای خۆیدا لەبەرئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی-کولتورییدا سیستمێکی ئاکاریی نوێی هێنایە ئاراوەو لەوێشەوە مرۆڤێکی نوێ. مرۆڤی هاوچەرخ بەئەندازەی ئاڵۆزیی کۆمەڵگای مۆدێرن، ئاڵۆزیی لەبیرکردنەوەو دەروونییدا بەدیهاتووە. خوێندنەوەی ڕەخنەیی لەسەر ئاستە جیاوازەکان بۆ ئەم دۆخە نوێیەی مرۆڤی مۆدێرن لەکۆمەڵگای ئاڵۆزی سەرمایەداریی لە قۆناغی پێشکەوتووی پیشەسازییدا، دەبێتە پێویستییەکی نێو کایەی زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆییەکان.

 

بیرکردنەوەی رەخنەیی و تیۆری رەخنەیی

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، مێژوویەکی درێژی هەیە لەنێو کایەی بیرکردنەوەی فەلسەفییداو تەنانەت فەلسەفە و بیرکردنەوەی رەخنەیی هەریەکەیان بەبێ ئەویدی ئیمکانی بوونی نییە. وەکو سەرەتای چەمکەکە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی درەوشاوەی فەلسەفە لەئەسینا-یۆنان و بەدیاریکراوی سوکرات وەکو مامۆستای یەکەمی بیرکردنەوەی رەخنەیی، بەپرسیارکردنە وردو قووڵەکانی لەبارەی هەر بیروباوەڕ، دیاردەو بوونێکەوە. لێرەوە بیرکردنەوەی رەخنەیی بریتییە لەبەکارهێنانی مەهارەتە مەعریفیی و عەقڵییەکانی مرۆڤ لەوەژێر پرسیارخستن و بەگرفتئامێزکردنی پرسێک، دیاردەیەک، بیروباوەڕێک «ئایینی و نائایینی، فەلسەفیی و سیاسیی» یان بوونێک بەر مەبنای شیکردنەوە، بەڵگاندن و ئەنجامگیریی بەئاڕاستەی ئامانجێکی دیاریکراو و بەدەستهێنانی بەرئەنجامێکی دیاریکراو. «فاروق رەفیق، ٢٠٠٩، لاپەڕە ٢٢٩»

سوکرات لەیەکێک لەوتە بەنێو بانگەکانیدا کە دەڵێت «ژیانی تاقینەکراوە، شایەنی ژیان نییە» «مانای ئەوە دەگەیەنێت سەرلەبەری ژیانمان پێویستیی بە تاقیکردنەوەی عەقڵیی و پرسیارلێکردنی بەردەوام هەیە، واتا بەردەوام هەر ئایدیا، دیاردە و بوونێک کە لەژیانماندایە و پەیوەندیدارە بەژیانمانەوە پێویستە بیانخەینە ژێر تاقیکردنەوەی عەقڵیی و پرسیارلێکردنی لۆژیکییەوە، واتا بەردەوام بیرکردنەوە لەهەر ئایدیا، دیاردە و بوونێکی نێو ژیانمان و پەیوەندیدار بە ژیانمانەوە. «فاروق رەفیق، ٢٠٠٩، لاپەڕە ٢٢٧» لەڕێگەی تاقیکردنەوەی عەقڵیی، وەژێر پرسیارخستنی لۆژیکیی و بیرکردنەوەوەیە کە هەموو ئەو ئایدیا، دیاردە و بوونانەی لەژیانماندان و پەیوەندیدارن بەژیانمانەوە مانا و چییەتی پەیدادەکەن و ئامانجیان دیاریدەکرێت. خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوە هیچ یەک لەو ئایدیا، دیاردەو بوونانەی کە لەژیانماندان و پەیوەندیدارن بە ژیانمانەوە نەخرانە ژێر پرسیارلێکردن و تاقیکردنەوەی عەقڵییەوە و نەبوونە بابەتی بیرلێکراوە، ئەو ژیانە دەبێتە ژیانێکی بێمانا و بێئامانج کە شایانی ژیانکردن، یان تێدا ژیان نییە. ژیانێکی تاقینەکراوە، ژیانێکی بێمانا و بێ ماهییەت و دواجاریش بێئامانجە و شایانی ژیانکردن و تێدا ژین نییە. بۆ ئەوەی ژیانێک شایانی ژیانکردن و تێدا ژیان بێت پێویستی بە وەژێر پرسیارخستن و تاقیکردنەوەی عەقڵیی و لۆژیکیی و دواجار بیرلێکردنەوە هەیە.

بیرکردنەوەی رەخنەیی بە درێژایی مێژووی فەلسەفە و دواتریش لەدوای ڕێنیسانس و سەردەمی مۆدێرندا لەنێو کایە زانستییە سەربەخۆکاندا، هێڵێکی بەردەوام و نەپساو بووە لەپەیوەند بەبابەتگەلی پەیوەندیدار بەو کایانەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا بووەتە بابەتی قسەلێکردن، «تیۆری ڕەخنەیی Critical Theory» یە لەلای فەیلەسوفانی پەیمانگای توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەزانکۆی فڕانکفۆرت، ناسراو بە «قوتابخانەی فرانکفۆرت» بە تایبەتتریش تیۆدۆر ئادۆرنۆ کە بە یەکێک لەتیۆریزەکارانی داهێنەرو سەرمەشقی تیۆری رەخنەیی و چەمکەکانی پیشەسازی کولتورو رۆشنبیریی جەماوەریی دادەنرێت.

تیۆریی رەخنەیی رووبەرێکی فراوانی توێژینەوەی کۆمەڵێک لەفەیلەسوفانی قوتابخانەی فڕانکفۆرتە بۆ خوێندنەوەی هەمەلایەنی کۆمەڵگای سەرمایەداریی لە قۆناغی پیشەسازیی پێشکەوتوودا «یان ئەوەی پێی دەڵێن کۆمەڵگای پاش-پیشەسازیی Post-industrial Society» و مرۆڤ لە دۆخی نوێدا. تیۆریی رەخنەیی، خوێندنەوەیەکی فەلسەفیی رەخنەیی بوو لەکایە جیاوازەکانی وەکو سیاسەت، ئابووریی، کۆمەڵناسیی و کولتور، ... هتد بەپشتبەستن بە کەلەپوری فیکری مارکسیی و دەروونشیکاریی فرۆیدیی.

 

مرۆڤی نوێ، ئاڵۆزییەکی دروستکراوو هاوشێوەکراو

رۆشنگەریی، پڕۆسێسێکی درێژی هەمەلایەن و فرەڕەهەندە لەهەموو کایەکاندا، لە نوێکردنەوەی کۆمەڵگاکاندا هەم لەسەر ئاستی کارو بەرهەمهێنان و هەم لەسەر ئاستی نۆڕم، بەهاکان و سیستەمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، شێوازی کارو بەرهەمهێنان گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هات و پیشەسازیی و تەکنیک لەگەشەکردن و پێشکەوتنێکی خێرادا وایان کرد جۆرێکی دیکەی ژیان، سیستەمی کۆمەڵایەتیی، نۆڕم و بەها ئاکاریی، رەمزیی و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگا گەشەسەندووەکاندا جێگا بگرن و لێرەشەوە مرۆڤی هاوچەرخی گەیاند بەدۆخێکی نوێی کۆمەڵایەتیی، دەروونیی و عەقڵیی.

تیۆدۆر ئادۆرنۆ بەهاوبەشی لەگەڵ هاوڕێی نزیکی، ماکس هۆرکهایمەر، پەڕتوکی «دیالێکتیکی ڕۆشنگەری» یان نووسیی، کە باس لەکۆمەڵگای سەرمایەداریی لەدۆخی پێشکەوتووی پیشەسازییدا دەکات. کۆمەڵگای پیشەسازیی پێشکەوتوو سەرباری هاوشێوەکردنی ئامێر و کاڵاکان، لەوێوە هۆشیاریی و ئاگایی مرۆڤەکانیش هاوشێوە دەکات. کۆنتڕۆڵکردن و دیسپلینکردنی ئاپۆڕایەکی جەماوەریی هاوشێوەکراو گەلێک ئاسان و کردەییە بۆ سیستمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی پایەدار.

 

پیشەسازیی کولتور و هاوشێوەییکردن

ئادۆرنۆو هۆرکهایمەر، لە پەڕتوکی «دیالێکتیکی رۆشنگەری» ئەو سیستەمە سیاسیی-کۆمەڵایەتییەی کە لەبەرئەنجامی پێشکەوتنی شێوازەکانی بەرهەمهێناندا هاتە کایەوە بەوردی تیۆریزە دەکەن و دەیخەنە بەر شرۆڤەو رەخنەکردنێکی فەلسەفیی و سۆسیۆسایکۆلۆجییەوە. کۆمەڵگای مۆدێرن لەدۆخی پیشەسازیی پێشکەوتوودا، سەرباری هاوشێوەکردنی ژیانی دەزگایی، ماددیی و وەکیەکیکردنی بەرهەم و کاڵاکان، بە هاوشێوەکردنی ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانیشدا تێپەڕ دەبێت و عەقڵێکی بە ئامێربوو و دۆخێکی دەروونیی نامرۆیی بەسەر مرۆڤەکاندا دەسەپێنێت. ئەم هاوشێوە کردنەی عەقڵ و دەروونی ئینسانەکان لەسەر زەمینی کولتور روودەدات. لێرەوەیە ئادۆرنۆو هۆرکهایمەر باس لەچەمکی «پیشەسازیی کولتور» دەکەن.

یەکێک لەو چەمکە سێنتەرییانەی کە ئادۆرنۆ لە تەواوی پڕۆژە تیۆرییە ڕەخنەییەکەیدا لە زۆر شوێندا باسی دەکات و گەڕاوەتەوە سەری، لەم پەڕتوکەشدا وەکو یەکێک لەتێما سەرەکییەکان لەسەری وەستاوە «پیشەسازیی کولتور»ە.

پیشەسازیی کولتور، واتا پڕۆسەی بەپیشەسازییکردنی بەرهەمەکانی کولتور کە سینەما و فیلم، ئیزگە رادیۆییەکان و رۆژنامەو گۆڤارەکان دەگرێتەوە. سینەماو فیلم، ئیزگە ڕادیۆییەکان، رۆژنامە و گۆڤارەکان لەبەرهەمەکانی کولتوری هەر کۆمەڵگایەکن و هەم خۆیان دەبنەوە بە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کولتور. واتا هەموو ئەمانە پێکەوە هەم بەرهەمی کولتورن و هەم کولتور بەرهەمدەهێنن. لەپڕۆسەی بەپیشەسازییکردنی بەرهەمەکانی کولتوردا لەکۆمەڵگا پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا، پڕۆسێسی هاوشێوەکردنی کولتوریی روودەدات. لەپڕۆسەی هاوشێوەکردندا سینەما و فیلم چیدی ناتوانن سەر بەکاتیگۆریی هونەرێکی باڵابن، بەڵکو وەکو بەرهەمێکی پیشەسازیی و هەر کاڵایەکی بەرهەمهاتووی کارگەکان، کاڵایەکی هاوشیوەکراوو بەرهەمێکی پیشەسازییە. هونەری باڵا لەدیدی ئادۆرنۆوە ئەو بەرهەمە هونەرییانەن کە بەنێوەڕۆکێکی فیکریی و مانایی باڵاوە جیاوازییەکی قووڵی بیرکردنەوەیی و ئیستاتیکیی لەسەر زەمینی کولتور بەرهەم دەهێنن کە لەدەرئەنجامدا هاوکاری ئینسان دەکەن بۆ رزگاربوون لە هەموو ئەو کۆتوبەندانەی لەژیانی کۆمەڵایەتیی و دەزگاییدا و هەم لەسەر ئاستی سیستمی سیاسییدا، رێگرن لەبەردەم ئازادیی مرۆڤ. ئەم پڕۆسەی هاوشێوەکردن و بەکاڵاکردنە پیشەسازییە بۆ ئیزگە رادیۆییەکان و گۆڤارەکانیش هەمانشێوە راستە، بەو مانایەی هەرچەندێک ئیزگە رادیۆییەکان بەرنامەگەلی جیاواز پێشکەشدەکەن بەڵام لەقووڵاییدا هەموویان چوونیەکن لەپەیوەند بەسیستمەوە.

ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر، باس لەوە دەکەن کەپیشەسازیی کولتور تەنها لەهاوشێوەکردن و بەکاڵاکردنێکی پیشەسازییانەی بەرهەمەکانی کولتوردا راناوەستێت، بەڵکو لەم پڕۆسێسەدا کۆمەڵێک پێداویستیی سایکۆلۆجیی بۆ ئینسان دەهێننە گۆڕێ کەپڕکردنەوەی ئەم پێداویستییانە تەنها لەڕێگەی بەکاربردنی کاڵاکانی سەرمایەدارییەوە دێتە دی. واتا لە پڕۆسێسی هاوشێوەکردنی بەرهەمە کولتورییەکان و پیشەسازیی کولتوردا جگە لەهاوشێوەکردنی عەقڵیی و دەروونیی ئینسانەکان کەپێویستییەکە بۆ سیستەمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکە، هەروەها هاوشێوەکردنی پێداویستییە سایکۆلۆجییەکانیان و لەڕێگای ئەمەشەوە کردنی ئینسانەکان بە بەکاربەرێکی ناچاریی و بەردەوامی کاڵا و بەرهەمە پیشەسازییەکانی سەرمایەداریی، روودەدات.

ئادۆرنۆ، نموونەی سینەمای هۆلیودو میوزیکی جازی ئەمریکی وەکو بەرهەمگەلی کولتوریی بەپیشەسازییکراو، بەکاڵاکراوو هاوشێوەکراو، دەهێنێتەوە، کە جگە لەبەرهەمهێنانی ئاگایی و هۆشیارییەکی هاوشێوەکراوو بەکاڵاکراو، مرۆڤ دەکەن بەبوونێکی بەکاربەر، بەکاربەرێک کە خودی بەکاربردن و مەسرەفگەرایی بۆی دەبنە ئامانج و مانای بوونی خۆی لێوە وەدەستدەهێنێت،

 

تەکنۆلۆژیا و هاوشێوەییکردن

ئادۆرنۆ دەڵێت کولتوری بەپیشەسازییکراو بەدوای خۆیدا رۆشنبیریی جەماوەریی دەهێنێت. رۆشنبیریی جەماوەریی جگە لەوەی کەدۆخی باو بەرهەم بهێنێتەوە ناتوانێت هیچیتر بێت. رۆشنبیریی جەماوەریی ئاسان ئاڕاستە و کۆنتڕۆڵ دەکرێت لەلایەن سیستمەوە.

لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا کەتەکنۆلۆژیاو ئامێرە زیرەکەکان بەشێکی گەورەی ژیانی ئینسانیان داگیرکردووە، شێوازێکی نوێی ژیان و جۆرێکیتری پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و فەزای گشتیی مەجازیی بەرهەمهێناوە. لەئاستە گشتیی و رواڵەتییەکەیدا ژیانێکی تایبەتیی و لێکدابڕاوی ئینسانەکان و سەرهەڵدانی تاکگەراییەکی بێسانسۆر وەکو بەرئەنجامی ئەم دەرگیربوونەی مرۆڤ بەتەکنۆلۆژیا و لەنێویدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا «یان ئەوەی ناودەبرێت بە سۆشیاڵ مێدیا» هەژماردەکرێت. بەڵام لەئاستێکی دیکەدا، مرۆڤ لەکۆنتێکیستی ئەم ژیانە مەجازیی و دیجیتاڵییەدا، بەر شتێکی دیکە دەکەوێت، کە ئەویش دۆخی دووبارەبوونەوەیەکی بەردەوام و هاوشێوەییکراویی مرۆڤەکانە. پێکهاتەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەمان بەرهەمەکانی کولتورن بەڵکو لەئاستێکی سادەتردا، بۆیە رۆشنبیریی جەماوەریی جگە لەئاگایی و هۆشیارییەکی هاوشێوەکراو، بەکاڵاکراوو بەکاربراو چیدیکە نییە «نموونەیەکی سادە هەژموونی مێنتاڵیتیی ئاینیی و تێگەیشتنی سەلەفییانە بۆ دین بەسەر بەشێکی گەورەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان». هۆشیارییەک کە بەرکاریی، مەسرەفگەرایی و بەئامێربوونی بەرەو ئاستێکی ترسناک دەڕوات «نموونەیەکی سادە، هەژموونی نەشتەرگەریی جوانکاریی و بەپلاستیککردنی ئینسان»

 

سەرچاوەکان:

١-فاروق رەفیق، یەک کاتژمێری ماوە بۆ نیوەشەو -  بەندی پێنجەم – بیرکردنەوەی رەخنەیی، چاپی یەکەم ٢٠٠٩، لاپەڕە ٢٢٧-٢٢٩

٢- پێگەی ئینتەرنێتیی بیرکردنەوەی رەخنەیی – کورتە مێژووی بیرکردنەوەی رەخنەیی – لەم بەستەرەی خوارەوەدا:

https://www.criticalthinking.org/pages/a-brief-history-of-the-idea-of-critical-thinking/408

٣- ادورنو و هورکهایمر، جدل التنویر، مفهوم التنویر، ترجمة: د. جورج کتورة، الطبعة الاولی ٢٠٠٦، دار الکتاب الجدیدة، ص ٢٣-٢٦

٤- ادورنو و هورکهایمر، جدل التنویر، صناعة الثقافة-التنویر و خداع الجماهیر، ترجمة: د. جورج کتورة، الطبعة الاولی ٢٠٠٦، دار الکتاب الجدیدة، ص١٤١-١٤٥.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار