ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی تورکیا و عێراق بڵاوکرایەوە

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە بەیاننامەیەکدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی شاندی توركیا و لایه‌نی عێراقی ئاشكراکرا و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر کارکردن بەشێوەی هەماهەنگ.

دوێنێ پێنجشەممە ١٤ی ئازاری ٢٠٢٤ شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بەیاننامەی کۆبوونەوەکەی بڵاوەکردووەتەوە و تیادا هاتووە، لەم دیدارانەدا کە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ی ئەنقەرەیە، هەڵوێستی هاوبەش لە بەرامبەر پێشهاتە هەرێمییەکان و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی بوارە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاردراوە بە چڕکردنەوەی کارەکان لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، ئەویش بە ئامانجی بنیاتنانی چوارچێوەی پێکهاتەیی لە بوارە جیاوازەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەو ڕووەشەوە بنیاتنانی میکانیزمەکانی پەیوەندیی بەردەوام و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش پێکدەهێنرێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا باس لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق کراوە کە بڕیارە دوای مانگی رەمەزان ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت و تورکیا داوا لە عێراق دەکات هەموو هەوڵەکان بخاتە گەڕ بۆ سەرکەوتنی ئەو سەردانە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەوەیش کراوە لە ڕێگەی ئەم دەقەوە کە بە تێگەیشتنی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ستراتیجی بۆ پەیوەندییەکان لە نێوان تورکیا و عێراق ئامادەی دەکەن، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر کارکردن بە شێوەیەکی هەماهەنگ، لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا بە دامەزراندنی لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوە.

هەروەها هەردوولا کە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر گرنگییدانی هەردوولا بە یەکێتیی سیاسیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووەتەو و  تیشکیش خرایە سەر ئەوەی کە پەکەکە مەترسی ئەمنیی بۆ تورکیا و عێراق دروست کردووە و، بوونی ئەم رێکخراوە لە خاکی عێراقدا بە واتای پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە کە لایەنەکان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی کۆمەڵکوژی لە غەززە و، دڵنیاییاندا لە ئیرادەی بەهێز بۆ پشتیوانی کردنی دۆزی فەڵەستین.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە کە تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکات کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق دەریکردووە لە بارەی ئەوەی پەکەکە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوە لە عێراقدا؛ جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لایەنەکان ڕاوێژیان کردووە لە بارەی ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستن بگیرێنەبەر بەرامبەر ڕێکخراوەکە و درێژکراوەکانی لە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق تورکیا دەکەنە ئامانج.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لایەنەکان لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی دیداری پێشبینیکراودا هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە دیدار و کۆبوونەوەکان لە چوارچێوەیەکی رێک و پێک و بەردەوامدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار