هەڵەبـــجە، وەک رابـــردووم

2 مانگ لەمەوپێش



شوان سدیق

یادی هەڵەبجەیەو کۆتایی هەفتەشە سەرەتا نەموییست شتێک لەوبارەوە بنووسم

زۆرجار دەڵێی پێویست ناکات، دواتریش پەشیمان دەبیەوە. بەدەرفەتمزانی لەم گەشتە دوورەم گەشتێکیش بەڕابردووی رووداوەکان بکەم!

لەگەڕەکی کانی عاشقانی هەڵەبجە لەدایکبووم.

تەمەنم شەش ساڵ و شتێک بوو شارەکە کیمیاران کرا.

رۆژێک پێشتر و رۆژی دواتریش لەنێو ژێرزەمین ماینەوە.

دواتر سوپای ئێران رەوانەی ئێرانیان کردین دوو رۆژێک لەسەر سنوور ماینەوە.

رۆژی دواتر گەیشتینە ئێران و پاش چەند رۆژێک لەئۆردووگای سەریاس جێگیرکراین.

ژیانی نێو خێمەو خراپی گوزەران خەڵکی هەر بەخەیاڵی گەڕانەوە بوو.

پاش چەند مانگێک ژمارەیەک خێزانی هەڵەبجەیی گەڕانەوە بۆ عێراق.

 عێراق هەموومانی لەشاری سلێمانیەوە رەوانەی بەندیخانە کرد.

پاش چەندڕۆژێک بەجیا، ژن و منداڵ و بەساڵاچوو رەوانەی باشووری عێراق کراین.

چەند رۆژێکی پێچوو لەپارێزگای مووسەنا گیرساینەوە.

زیندانی نوگرە سەلمان یەکێکە لەزیندانە کۆنەکانی عێراق، کردیانە شوێنی ژیانمان.

 نوگرە سەلمان دەکەوێتە پارێزگای موسەنا لەشاری سەماوە لەساڵی ١٩٣٠ لەسەردەمی پادشایەتی دروستکراوە.

مانەوە لەنوگرەسەلمان نزیکەی ساڵێکی خایاند ساڵێک لەزیندان بەئاسانی باس ناکرێت، ماوەیەکی پڕ لەتراژیدا، برسێتی و توینێتی خۆراکی خراپ، ئەشکەنجەی دەروونی!

بۆ خێزانی خەڵکی بەندیخانەکە جارێک ناخۆشبووبێ بۆ ئێمە دووجار، باوکم بەهۆی بەرکەوتەی کیمیاییەوە چاوەکانی کزبوون و توانای نابینایەی لاوازبوو,

ئێمەش منداڵبووین، ژیانی بەندیخانەش هەمووی راکەڕاکەو فڕکان فڕکانبوو بۆنان و ئاو!!

نەخۆشی و لاوازی جەستەیی و گەڕبوونی لەش و سەرمان بەهۆی کەمخۆراکی و ئاوی پیس و حەمام نەکردن کێشەیەکی دیکەی ئێمە بوو لەو بەندیحانەیە.

چیرۆکی نووگرەسەلمان چیرۆکێکی بێ کۆتاییە، ژیان و راکەڕاکی رۆژگار نەیهێشت رووداوەکان بگێڕینەوە،

نەمانتوانی رووی راستی راسیسزم و فاشیەت دەربخەین، عێراق و رێژمەکەی بەنەفرەت بکەین.

ئاخر ئێمە خۆمان لەنێو تراژیدیەکە بووینە کەچی ژیانی جولەکەکانی ئەڵمانیاو پۆڵەنداو ئیتاڵیا شارەزاین ئەمە کەموکوڕیەکی گەورەو عەیبەیە بۆ ئێمە!

دوای سەختی و ئەشکەنجەیەکی سایکۆلۆجی لەنووگرەسەلمان رزگارمان بوو گەڕاندینیانەوە بۆ هەولێر لەوێ دووبارە ژیاینەوە!

 ژیانی کامپ لەهەولێر وێستگەیەکی دیکەی نوێی ژیان، خوێندن و گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆمان رێگایەکی دیکەبوو هەولێرییەکان ئامێزیان بۆ کردینەوە.

هەولێرییەکان پێیان گوتین ئێوە لەگەڵ ئێمەن ماڵتان لەگەڵ دابەش دەکەین، ئەوهاشیان کرد!!

لەڕاپەڕینیش گەڕاینەوە بۆ سنووری سلێمانی بەپێ ناچاربووین بەشداری کۆڕەوەکە بکەین.

هەرچۆنێک بوو پێش ئەوەی بگەینە سنووری ئێران ناچاربووین بەهەڵەبجەدا تێپەڕین.

پاش کیمیایی و نوگرەسەلمان و هەولێر هەڵەبجەمان نەبینیەوە تاکو کۆڕەوەکە.

ئەو رۆژەی گەیشتنەوە هەڵەبجە لەشەوەکەی خوشکێکم بەهۆی سەرماو باران و سەختی رێگاکە کۆچی دواییکردو لەحەوشی ماڵی پورێکم ناچاربووین بەخاکی بسپێرین!

کەس لەم ژیانە سەر دەرناکات، نازانین رووداوەکان چۆن دەگوزەرێک، ئەوەی دەبێ ئێمە لێی تێبگەین بەردەوام بین، تێبگەین ئیدی ئەمە ژیانە!


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار