‌هێزەکانی ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی تەندروستی الشفا کشانەوە

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی تەندروستی غەزە رۆژی دووشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی تەندروستی (الشفا) لە کەرتی غەزە کشاونەتەوە.

ئەم پاشەکشە چەند رۆژ دوای ئەوە دێت کە بە هۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە نەخۆشخانەی (الشفا) بە تەواوتی رووخا و بە پێی وتەی وەزارەتی تەندروستی غەزە، دەیان تەرم لەم نەخۆشخانەیە هێنراوەتە دەرەوە. بەڵام سوپای ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی هێرشەکەی "ورد" و "ئامانجدار" بووەو هێزەکانی حەماسی کردۆتە ئامانج و هێشتا پاشەکشەی لەم ناوچەیەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

هاوکات کەناڵی تەلەفیزیۆنی "الاقصی" رایگەیاند دوای پاشەکشەی هێزەکانی ئیسرائیل، دەیان تەرم لە کۆمەڵگەی پزیشکی "الشفا" و دەورووبەری کۆمەڵگەکە دۆزراوەتەوە. ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییە ئاماژەی بەوە داوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو باشووری رۆژئاوای شاری غەزە پاشەکشەیان کردووە.

جەنگی غەززە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکان و  لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بە بارمەتە گیران.

لە بەرامبەردا و لە وەڵامی ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردە ئامانج. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 32 هەزار فەلەستینی کوژراون کە ٪80یان ژن و منداڵن. 

بەردەوامیی جەنگی غەززە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23ی ئادار، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندووە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووی کەرتی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و نیوەی ئەو ژمارەیەش لە لێواری برسێتی و قاتوقڕیدان هاوکات لە ساڵی 2024دا، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 11 کاروان خۆراکی گەیاندووەتەوە کەرتی غەززە. لە کاتێکدا رێکخراوەکە دەڵێت، نزیکەی ملیۆنێک و 450 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین پێویستی بە هاوکاریی مرۆییە.

کەمیی هاوکارییەکەش وایکردووە، زیاتر لە 64%ی دانیشتووانی غەززە رووبەڕووی کەمیی خۆراک و برسێتی ببنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار