دوو بەرپرسی ئەمریکی: ھێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نزیکە و لەچەند کاتژمێری داھاتوودا روودەدات

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون

دوو بەرپرسی ئەمەریکی بە ئاژانسی هەواڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکییان ڕاگەیاندووە ،چاوەڕوان دەکرێت هێرشێکی گەورەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئەمڕۆ هەینیدا ئەنجام بدرێت، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان موشەکی تێدا بەکاربهێنرێت کە ئامانجیان بنکە سەربازییەکانی ناو وڵاتەکە بێت.

 بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە  لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی داهاتودا هێرشی ڕاستەوخۆی  ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ هێرشەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەفسەری سەربازی ئێران ئەنجام بدرێت.

 ئەو بەرپرسە ئەمریکیانە بەو ئاژانسەیان وتووە، ئێران بە نیازە لە ھێرشەکەدا زیاتر لە ١٠٠ فرۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل بکات و چەند پێگەیەکی سەربازی بکاتە ئامانج.

باسیانلەوەشکردووە ، بۆ ئیسرائیل ئاسان نابێت خۆی بپارێزێت و نەهێڵێت زیانی پێبگات گەر هێرشەکە بەو ڕادەیە بەهێز و گەورە بێت، بەڵام ئەمریکا پێی وایە  ئێران لە کۆتاییدا ھێرشێکی بەو ڕادەیە گەورە ئەنجام نادات بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە زیاتر ئاڵۆزبونی ڕوشی ئەمنی ناوچەکە.

زیادبونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە کاتێکدایە  دووشەممەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جۆری ئێف ٣٥ی ئیسرائیلی باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێرانی لە ناوەڕاستی دیمەشق بۆردومان کرد و حەوت سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێرانی كوشت و دوابەدوای ئەمەش ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "باڵیۆزخانەکان لە هەر وڵاتێک هەبن، بە خاکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێن کە خاوەندارێتییان دەکات. کاتێک هێرش دەکەنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە، وەکو ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێمە. رژێمە پیسەکە لەم بابەتەدا هەڵەی کرد؛ دەبێت تەمبێ بکرێت و دەشکرێت."

هاوکات لە وڵامی  ئایەتوڵا خامنەی، نیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕین. کار لەسەر بنەمایەکی سادە دەکەین؛ هەرکەسێک ئازارمان بدات، ئازاری دەدەین. خۆمان بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئیسرائیل ئامادە دەکەین لە رووی بەرگری و هێرشکردنەوە." 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار