وەزارەتی بەرگریی رووسیا: بەم زوانە مانۆڕی چەکی ئەتۆمی دەکەین

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا رووماڵێکی سەربازی دەکەن کە چەکی ئەتۆمیی تێدا بەکاردەهێنرێت. ئەوەش بە بەهانەی "دەستێوەردانی لە رادەبەدەری وڵاتانی رۆژئاوا" لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئۆکراینا.

رۆژی دووشەممە 6-5-2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، پلانیان وایە مانۆڕێکی سەربازی بکەن کە چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی تێدا بەکاربهێنرێت. ئاماژەشی بەوەکردووە، ئەم مانۆڕە "وەڵامی ئەو گوتە و هەڕەشە دنەدەرانەیە بەرپرسانی رۆژئاوا لەبارەی رووسیاوە دەیڵێن".

هەرچەندە نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و رووسیا بەبۆنەی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا لەوپەڕی خراپیدایە، بەڵام ئەمە جاری یەکەمە لە دوای دەستپێکی جەنگەکەوە رووسیا ئەنجامدانی مانۆڕی ئەتۆمی بهێنێتە باسەوە.
راگەیاندنەکە وا دەردەکەوێت هەڕەشە بێت بۆ رۆژئاوا کە دەستوەردانەکانیان لە جەنگی ئۆکراینا لەوە قووڵتر نەکەنەوە.

چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بریتییە لە جۆرێکی چەکی ئەتۆمی کە ناوچەیەکی کەمتر لە چەکە وێرانکەرەکانی وەک مووشەکی ئەتۆمیی کیشوەربڕ وێران دەکات. پێشتر رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی لە ئۆکراینا کردبوو و رۆژئاواش بە توندی و روونی داوای لێکردبوو کاری وا نەکات.

لەم دوو ساڵەدا دەیان بەرپرس و سەرکردەی رۆژئاوا مەترسیی فراوانبوونی جەنگی ئۆکراینایان بۆ بەشەکانی دیکەی ئەوروپا و خاکی ئەندامانی ناتۆ و دواتریش جەنگی نێوان رووسیا و ناتۆ خستبووەڕوو. ئەمەی رووسیا دەیکات دەکرێت دندەدەری هاتنەدی ئەو مەترسییە گەورەیە بێت.

لەو راگەیێنراوانەی بەرپرسانی ئەندامانی ناتۆ کە رووسیا بە "مەترسیدار"یان دەزانێت؛ هەفتەی رابردوو ئیمانویل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکراینا دەکرێت ناردنی سەربازی فەرەنسیش بگرێتەوە.

دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش گوتی، سوپای کیێڤ دەتوانن مووشەکە دوورهاوێژەکانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن.

ئەمە جاری یەکەم نییە رووسیا نیگەرانی بەرامبەر هاریکارییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا و جموجووڵەکانی ناتۆ لە ئەوروپا دەربڕێت. دوای بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ، رووسیا بەشێکی چەکە ئەتۆمییەکانی بۆ بێلارووسی هاوپەیمانی گواستەوە. ئێستاش نیازی مانۆڕی ئەتۆمیی هەیە کە دەکرێت نەوتی زیاتر بکات بە ئاگری ئەو جەنگەی بەرۆکی ئەوروپای گرتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار