هەواڵگری ئۆکراینا: پلانێکمان بۆ رفاندن و پاشان کوشتنی زیلنسکی پووچەڵکردەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

هەواڵگری ئۆکراینا دەڵێت، دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە لە سەرووبەندی دانانەوەی ڤلادمیر پووتیندا وەک سەرۆکی رووسیا، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی تیرۆر بکەن.

رۆژی سێشەممە 7-5-2024، ڤاسیل مالیوک، سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری ئۆکراینا دەڵێت، هەوڵی بە بارمتەگرتن و دواتر کوشتنی ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینایان پووچەڵکردووەتەوە.

مالیوک دەڵێت، تۆمەتبارەکان ویستویانە لەو کاتەدا پووتین وەک سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم دیاریدەکرێتەوە، ئەمان زیلنسکی بکوژن.

ئەمڕۆ بۆ جاری پێنجەم، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ شەش ساڵی دیکە وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە دانرایەوە.

بە گوێرەی راگەیێنراوی ئەو بەرپرسە هەواڵگرییەی ئۆکراینا، ئەو دوو سیخوڕەی رووسیا هەوڵیانداوە لە رێگەی نزیکبوونەوەیان لە فەرماندە باڵاکانی نێو سوپای ئۆکرایناوە زانیاریان لەبارەی شوێنی زیلنسکی دەستبکەوێت، بیڕفێنن و پاشان بیکوژن.

ئەوەشی راگەیاندووە، دوو فەرماندەی پاسەوانی سەرۆکایەتییان دەستگیرکردووە کە لە پلەی کۆڵۆنێلدا بوون بە تۆمەتی بەشداربوون لە پلانەکە. ئەو دوو کۆڵۆنێلەش وا دەردەکەوێت لەلایەن رووسیاوە پێش دەستپێکی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەکرێگیرابن.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانەکە لە رووسیاوە چاودێری کراوە و سێ سیخوڕی رووسیش لە ناو ئۆکراینادا کاریان لەسەرکردووە.

بەشێکی دیکە لە ئەرکی ئەو سیخوڕانە ئەوەبووە، شوێنی مانەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئۆکراینا ئاشکراکەن تاوەکو بە مووشەک و درۆن بکرێنە ئامانج.

ئەمە جاری یەکەم نییە ئۆکراینا تۆمەتی هەوڵی کوشتنی بەرپرسانی باڵای ئۆکراینی و ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی دەداتە پاڵ رووسیا. بە گوێرەی ئۆکراینا، لە شوباتی 2022ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ لانیکەم 10 جار هەوڵی کوشتنی زیلنسکی دراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار