وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا: سنوورمان لەگەڵ بێلارووس  توندوتۆڵتر دەکەین و گەورەترین بودجەمان لە مێژوودا بۆ تەرخانکردووە

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ 

وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا رایگەیاندووە، سنوورەکەیان لەگەڵ بێلارووس بەهێزتر دەکەن، ئەوەش بۆ رێگریکردنی کۆچی نایاسایی لە بێلارووسەوە بۆ ناو پۆڵەندا و دواتریش بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا.

رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، کۆشینیاک کامیژ، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "بەربەستی سەر سنووری پۆڵەندا و بێلارووس بەهێزتر دەکەین. ئەو بودجەیەی بۆمان دابینکردووە، گەورەترینە لە مێژووی پۆڵەندادا".

ئەو بەرپرسەی پۆڵەندا ئەوەشی خستەڕوو، زیادکردنی هێزی سەربازیی پۆڵەندا و هاوپەیمانانی لە نزیک سنوورەکانی بێلارووس، دەبێتە رووگەیەکی بەهێز بۆ ناتۆ و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاش.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لە نزیک سنووری بێلارووس و کالینینگراد هێڵێکی بنکەی سەربازیی بەرگری دروستدەکەن و کەند لێدەدەن، تاوەکو خۆیان لە لێشاوی کۆچبەری نایاسایی بپارێزن.

لای  پۆڵەندا وایە، ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەر کە هەوڵدەدەن لە بێلارووسەوە بچنە پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن بەرپسانی مینسک و مۆسکۆوە هاندەدرێن، بۆیە بەرپرسانی وارشۆ هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە دەدەن.

پۆڵەندا لە 5 ساڵی رابردوودا وەک دەرچەیەک بۆ چوونە ناو ئەوروپاوە لەلایەن کۆچبەرانەوە سەیردەکرێت، بەتایبەت لە دوای لاشاوە زۆرەکەی لە 2019دا رووی لەو وڵاتە کرد کە بەشێکی کۆچبەرەکان هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بوون.

بە گوێرەی ئاماری حکومەتی پۆڵەندا، لە 2021دا رێگەیان لە لانیکەم 30 هەزار و 781 پەڕینەوەی نایاسایی لە بێلارووسەوە بۆ ناو وڵاتەکەیان گرتووە؛ ژمارەکە لە 2022دا 12 هەزار و 157 کەس بووە. لە 2023شدا زیاتر لە 30 هەزار کەس هەوڵی چوونەژوورەوەیان داوە و لەو ژمارەیە 13 هەزاریان گەیشتوونەتە ئەڵمانیا و 17 هەزاریشیان دەستگیرکراون.

لە رابردوودا چەندین جار بەرپرسانی وارشۆ رووسیا و بێلارووسیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی پۆڵەندا بە رێگەدانی چوونی کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو وڵاتەکەیان دەدەن؛ ئەوەش لەبەر ئەوەی پۆڵەندا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئۆکراینایە و ئەندامە لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار