کیم جۆنگ ئوون: سهرکهوتنێکى پرشنگدارمان بهسهر کۆرۆنادا بەدەستهێناوه
"تائێستا کۆریای باکوور هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنای تۆمارنەکردووە"
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی کۆریای باکوور رایگهیاند سەرکەوتنێکی پرشنگداریان بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەدەستهێناوە و دەڵێت" رێگرییان لە ڤایرۆسێکی زیانبەخش کردووە و دۆخی وڵاتەکەشی بە "سەقامگیر" ناودەبات.
میدیاکانی وڵاتەکە رایدەگەیێنن هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، بەڵام بەهۆی رێگریی لە کاری رۆژناوانی و داخرانی کۆریای باکوور بەڕووی جیهاندا، نازانرێت کە ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی وڵاتەکەوە باسدەکرێن راستن یاخود نا.
کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور دەڵێت، سەرکەوتنیان بەسەر کۆرۆنا و رێگری لە بڵاوبوونەوەی، بەهۆی دووربینیی لیژنەی ناوەندیی حیزبەکەیانەوە بووە.
بەپێی میدیای فەرمی حکومەتی کۆریای باکوور، سەرۆکی وڵاتەکە هۆشداریی داوە لەوەی کە هەڵگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی بەشێوەیەکی خێرا و بەپەلە "دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی باوەڕپێنەکراو".
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، کۆریای باکوور رێکاری تووندی گرتەبەر، سنوورەکانی داخستن و سەدان کەسی بیانیی لە پایتەختی وڵاتەکە کەرەنتین کرد، هەروەها دەیان هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکەی کەرەنتین کرد و قوتابخانەکانیشی داخست، هەرچەندە ئێستا قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام کۆبوونەوە لە شوێنە گشتییەکان قەدەخەیە و پۆشینی ماسکیش ناچارییە.
بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە کۆریای باکوور تاوەکو ئێستا پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا بۆ 922 کەس کراوە و ئەنجامی پشکنینی سەرجەمیان نەرێنی بووە.
لە 30ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە وڵاتەکە بەتەواوی سنوورەکانی داخستووە و خەڵکێکی زۆر کەم دەتوانن بچنە نێو وڵاتەکە یاخود لێی بێنە دەرەوە.