ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی چۆن توانییان بەرپەچی زیاتر لە ٣٠٠ درۆن و مووشەکی ئێران بدەنەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون

هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی  شەوی شەممە ی  ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند  و تیایدا نزیکەی ٣٠٠ مووشەک و درۆنی تێدا بەکارهات ، ئیسرائیل و هاوپەیمانانی توانییان بەرپەچی ٩٩٪ ی بدەنەوەو لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خرانە خوارەوە.

دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو  هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوا  و لەوانە ئەمریکا داوایان لە ئێران کرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات  بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل.

کاریگەرییە سنووردارەکەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە :بەهێزی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو فرە چینەکانی ئیسرائیل، کە سیستەمی دژە تیرە بالیستیکییەکان و سیستەمی کۆمەڵەی ئاسنین دەگرێتەوە، هەروەها ئەو هەماهەنگییە بەهێزەی لە نێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسادا هەبوو.

ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا  ٩٩ ٪ ی درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند نزیکەی 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیاتر لە 30 موشەکی کروز و زیاتر لە 120 موشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە لە شەوی شەممەوە بۆ ئیسرائیل هەڵدراون.

هەروەها کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن زیاتر لە 70 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ موشەکی بالیستی لەلایەن کەشتییەکانی هێزی دەریایی و فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە ڕێگرییان لێکراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری ئەوە بدەن کە چ جۆرە بەرگرییەک بەکارهێنراوە بۆ لەناوبردنی موشەکەکان.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی CNN یش هێزی دەریایی ئەمەریکا لانیکەم سێ موشەکی بالیستیکی بە بەکارهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی ئەیجیس خستە خوارەوە کە لەسەر ئەو دوو  کەشتییە سەربازییەی ئەمریکان کە تەنها ڕۆژێک پێش هێرشەکەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیریکردن.

ئەو ئاژانسە دەڵێت هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاش بەکارهێنراون بۆ بەرپەچدانەوەی موشەکەکانی ئێران بەڵآم ئاشکاری نەکردووە لەکام بنکەی ئەمریکاوە لە ناوچەکە  فڕۆکەکان هەڵساون .

هەروەها وتەبێژی  سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند فەڕەنساش دەستی هەبووە لە ڕێگەگرتن لە هێرشەکانی ئێران.

هاوکات فڕۆکەکانی بەریتانیاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک سنووری سوریا و عێراق خستۆتە خوارەوە، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە لەو ناوچانە هەڵدراون.

جگە لە یارمەتی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلیش لە هەمان کاتدا، کۆمەڵێک سیستەمی بەرگری  بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان هەر لە موشەکی بالیستییەوە  بۆ موشەکی کروز و موشەکە نزمەکان.

ئاژانسی CNN سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە سیستەمی  بەرگری ئاسمانی ئایرۆن دومی ئیسرائیل یەکێکە لە هەرە دیار و بەهێزەکان و ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە ۱۰ پاتری ئایرن دۆمی هەیە، هەریەکەیان ڕادارێکیان هەیە کە موشەکەکان دەدۆزێتەوە و دواتر سیستەمێکی فەرمان و کۆنترۆڵ بەکاردەهێنێت کە بە خێرایی  ئەوە دیاریدەکات کە ئایا موشەکەکە جێی مەترسییە یانیش لە ناوچەیەکی دورەدەست و چۆڵ دەدات،  و ئەگەر موشەکەکە هەڕەشەیەک دروست بکات، ئایرن دۆم موشەک لە زەویەوە هەڵدەدات بۆ لەناوبردنی هێرشەکە لە ئاسماندا.

یەکێکی دیکە لە سیستەمی بەرگری ئیسرائیل پلیکانەکانی بەرگری موشەکی دەیڤد سلینگن، کە پارێزگاری لە هەڕەشەی مەودا کورت و مامناوەند دەکات و لە دووری 186 میلەوە ئامانجەکان لەناو دەبات.

هەروەها سیستەمی Arrow 2 و Arrow 3 ی ئیسرائیل هەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا پەرەیپێدراوە لە بەرپەچدانەوەی هێرشەکاندا بەکارهاتوون جگە لەمەش  ئیسرائیل خاوەنی فڕۆکەی جەنگییە، لەوانە فڕۆکەی F-35I  و F-15کە بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەکان بەکارهێنراون.

هەر لەم بارەیەشەوە رام عەمیناح، راوێژکاری دارایی پێشووی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەکە ی "یەدیعوت ئەحرنوت"ی ئیسرائیلیی راگەیاند:  تێچووی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردوو کە ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن، پێنج ملیار شیکڵ (١.٣٥ملیار دۆلاری ئەمریکی) بووە.

راشیگەیاند: "یەک مووشەک لە جۆری (حیتس) کە مووشەکی بالیستیکیی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، تێچووەکەی ٣.٥ ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا یەک مووشەکی سیستمی (عەسای جادوویی)ش ملیۆنێک دۆلارە".

شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ھێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە درۆن و مووشەکی بالیستیک و کرووز زنجیرەیەک ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام وەک ئیسرائیل باسی لێوە دەکات، بەھۆی ھێرشەکەوە تەنیا منداڵێکی ٧ ساڵان بریندار بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار