لەهەفتەیەکدا سێ کچی کورد سێ خەڵاتی جیهانییان بەدەستهێنا

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

سێ کچی کورد لەیەک هەفتەدا سی خەڵاتی جیهانییان وەرگرت، کەئەوانیش هەریەکە لە سارا عومەرو زێڕین گەردی لەباشوورو زارا دۆغان لەباکوری کوردستانن.

خەڵاتی ئەمساڵی ‹لاوراڵ›ی ئەدەبی لەدانیمارک درا بە سارا عومەر تەمەن (33) ساڵ، کە خەڵکی سلێمانییەو دانیشتووی دانیمارکە، هەروەها خەڵاتی ئەمساڵی کاریگەری جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ درایە زێڕین گەردی لەباشووری کوردستان.

 زارا دۆغانیش خەڵاتی کارۆڵ رامای ئیتاڵی لەبواری هونەردا بردەوەو بووە سێیەم کچی کورد کە خەڵاتی جیهانی بەرز وەرگرن تەنها لەیەک هەفتەدا.

هەریەکە لەزاراو سارا ئەوە یەکەم جاریان نییە کەخەڵاتی جیهانی دەبەنەوە.

چیرۆکی زارا دۆغان چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە، ماوەی  سێ ساڵە لەزیندانەکانی تورکیا ژیان دەگوزەرێنێت، تورکیا بەهۆی چەند تابلۆیەکەوە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکەی داوەتە پاڵ زاراو زیندانی کردووە.

زارا دەڵێت لەزینداندا دوو رێگام لەپێش بوو: یان تەسلیم بوون یان بەرخۆدان... رێگای بەرخۆدانم هەڵبژارد.

چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکەی زارا لێرەوە دەستپێدەکات:

زارا بەنهێنی لەزیندان بەردەوامبووە لەکێشانی تابلۆکانی و بەقاچاغیش تابلۆکانی ناردۆتە دەرەوەی زیندان.

زارا لەزینداندا هیچ کەرەستەیەکی بۆ کێشانی تابلۆکانی دەستنەکەوتووە، ناچار جلی کۆن و موقەباو پەڕەی رۆژنامەی وەک گراوند بەکارهێناوە. گیاوگۆڵ، سوتەکی جگەرە و توێکڵی هەنار، گەڵای خاس و تۆزی قاوەو تەنانەت خوێنی سوڕی مانگانەی بۆ رەنگەکان بەکارهێناوە.

سەرەنجام زارا وانەیەکی تری «بەرخۆدان ژیانە»ی پێگوتین.

زارا خۆی زیندانیی بوو و تابلۆکانی بەئازادی لەهۆڵەکانی هونەر لەئەوروپا و ئەمریکا ئازارو مەینەتییەکانی زاراو نەتەوەکەی دەگایەندە هەزاران کەس.

زارا لەزیندانەوە تەسلیم نەبوو و بووە براوەی خەڵاتی کارڵ رامای ئیتاڵیی..

زارا دۆغان ماوەی سێ ساڵە لە زیندانەکانی تورکیادایە و بەتۆمەتی بانگەشە و پشتیوانی بۆ پەکەکە، ئەوەش دوای ئەوەهات کە تابلۆیەکی لەسەر رووداوەکانی نوسەیبین لە12ی تەمموزی 2016دا کێشا کە تیایدا هێرشەکانی تورکیای بۆسەر خەڵکی ناوچەکە دەگێڕایەوە.

بەگوێرەی لێدوانێکی بۆ ئاژانسی فرانس 24 بەشێوەی نووسراو، وتوویەتی تابلۆکانم لێرە لەسەر تیشێرت و خاولی دەکێشم و سەرین و کەتان و زەرف و کاغەزی جگەرە بەکاردەهێنم.

ئەو وتووشیەتی، فڵچەی بۆیەکانی لەقژی هاوڕێکانی دروستکراوەو توێکڵی پەتاتە، تەماتەو چا توێکڵی هەنارو تۆزی قاوە بەکاردەهێنێت و هەندێک جار بە «جوانترین رەنگ» ی خۆی کە خوێنی سوڕی مانگانەیەتی وێنەکانی دەکێشێت.

ئێستا زارای تەمەن (30) ساڵان، لەزیندانەوە، براوەی خەڵاتی کارڵ رامای ئیتاڵییە، یەکەم زیندانی سیاسییە کە بەهۆی کێشانی وێنەکێشانەوە دەستبەسەر دەکرێت، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بەرەو نائومێدی بچێت، زیاتر داهێنەرو کارکەر بووە..

هونەرمەندەکە بەئاژانسە فەرەنسیەکەی وتووە، بەهاوکاری و هاوڕێی زیندانیەکانی تابلۆکانی ئامادە کردووە کە هەر شتێک زانیبێتیان رەنگی دەبێت لەخواردنە بەجێماوەکەیان بۆیان هێناوە، لەکاتی کارکردندا بەدەوریدا کۆبوونەتەوە و هانیانداوە.

زارا دۆغان لەنامەکانیدا لەزیندانەوە بۆ هاوڕێکەی ناز ئۆکەی کە رۆژنامەوان بووە بەرهەمەکانی ناردووەتە دەرەوەو چەند چیرۆک و کارێکیشی لەو رێیەوە بەزمانی فەرەنسی بڵاکردووەتەوە.

زارا دۆغان لەساڵی 1989 لەئامەد لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دیجلەیە. لەکاتی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا زارا دۆغان لەشەقامەکانی شارۆچکەی نسێبین لەمێردینی باکووری کوردستان تابلۆی لەسەر دیوارەکان دەکێشاو بەهۆیەوە تۆمەتی ئەندامبوون لەپەکەکەی خرایەپاڵ.

 رۆژی 23ی تەممووزی 2016 لەمێردین دەستگیرکراو رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ ئازادکرا، دوای بێتاوانبوونی لەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵی، لەمانگی حوزەیرانی 2017دا بەتۆمەتی ئەندامبوون و پرۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکە بۆ ماوەی (33) مانگ لەگرتووخانەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستبەسەر کراو رۆژی 24ی شوباتی 2019 ئازادکرا.

زارا درێژەی بەکارە هونەرییەکانی داو تابلۆکانی لە مۆزەخانەی سانتا گیولیا بیچ (Santa Giulia Beach) نمایشکرا و بووە مایەی سەرنجی زۆر هونەرمەندان و هونەردۆستانی ئیتاڵیا.

زارا لەماوەی دوو ساڵدا خەڵاتێکی هونەریی لەئیستەنبووڵ و شەش خەڵاتی دیکەی هونەریی لەئیتاڵیا بەدەستهێنا.

هەر لەچەند رۆژی رابردوودا، سارا عومەر، لەوپەڕی باکوری دونیا، لەوڵاتی دانیمارک و زێڕین گەردیش لەوپەڕی باشوری دونیا، لەوڵاتی نیوزلەندا دوو خەڵاتی باڵا وەردەگرن.

خاتو سارا خەڵاتی ‹لاورەڵ›ی زێڕێنی پێدەبەخشرێت، کە بەرزترین خەڵاتی دانیمارکە لەبواری ئەدەبداو ساڵانە بەو نووسەرانە دەدرێت کە خاوەنی پڕفرۆشترین و نایابترین کتێبن.

زێڕین گەردیش خەڵاتی کاریگەری جیهانی پێدەبەخشرێت، کەساڵانە لەلایەن YPO بەیەکێک لەو گەنجە رابەرانە دەدرێت کە لەبواری مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهاندا کاریگەرییان هەیە.

ئارام رەفعەت، نووسەر، لەوبارەیەوە دەڵێت ئەو کچانە پێمان دەڵێن «ئەگەر تاکی کورد هەلی بۆ بڕەخسێت لە تاکی نەتەوەکانی تر باڵاتر نەبێت، کەمتر نییە. ئەگەر دەسەڵاتیش دەرفەتێک بەو مرۆڤە جوانانە نادات، با ئێمەی هاووڵاتی رێز لە بەهرەو جوانییەکانیان بگرین».

سالی رابردووش سارا عومەر، نووسەرو رۆشنبیرو پارێزەری مافی مرۆڤ لەوڵاتی دانیمارک، خەلاتی ژنی ساڵی پێبەخشرا.

خهڵاتی ژنی ساڵ لە دانیمارک دهدرێت بهو ژنانهی که لهناو ژنهکانی تردا کارهکانیان بهشێوازێکی رێچکهشکێن دیاره،  ئەویش لهوڵاتی دانیمارک و ئهسکهندهناڤیاو زۆربهی بهشهکانی تری جیهان کار بۆ مافهکانی ژن و منداڵ و مرۆڤ دهکات.

سارا عومەر، دەڵێت «کار بۆ شکاندنی تابۆکان دهکهم، ههر لهو تابۆیانهوه که دین و پیاوسالاری دروستی کردوون ههتا ئهو تابۆیانهی کهکراون بهکولتورو ههندێک ژن لهبهر وشهی عهیبه بهتوندی دهستی پێیانهوه گرتووه

سارا عومەر تەمەنی (33) ساڵە و خەڵکی سلێمانیەو ساڵی 2017 رۆمانی مردوشۆری بڵاوبووەوە و لەجیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش