ماسکە گڵینەکەی هومبابا

11 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

هومبابا کە لەبنەڕەتدا بەهواوا ناسراوە، کەسایەتییەکی ئوستووڕەی میزۆپۆتامیایە. بنەچەو واتای ناوەکەی نەزانراوە. هواوا وەک مرۆشێوە وێنە کراوە کە لەڕموزن، زەبەلاح و دێو دەچێت. ناوبانگی زیاتر بەهۆی داستانی گلگامێشی پاڵەوانەوەیە، کە لەهەموو نوسخە هەڵبەستراوە جۆراوجۆرەکانی داستانی گلگامێشدا دەردەکەوێت؛ لەوانە نوسخەکانی هۆری و هیتی. هەمیشە وەکو نیشتەجێبوو و پاسەوانی دارستانی سیدار وێنەی دەکێشرێت، ئەو دارستانەی گلگامێش و ئینکیدۆی هاوڕێی تێیدا سەرکێشی بەگیانیانەوە دەکەن. رووبەڕووبوونەوەکەیان لەگەڵ هومبابا دەبێتە هۆی کوشتنی و ئەم رووداوە خوداکان توڕە دەکات. هومبابا لەبەرهەمە ئەدەبییەکانی تری میزۆپۆتامیادا ئامادەیی هەیە.

رووخسارە گرژو مۆنەکەی هواوا، پاسەوانە ئەفسانەییەکەی دارستانی سیدار، لەشێوەی گینگڵدا لەسەر ماسکە گڵینەکە کێشراوە. ئەمەش ئاماژە بەقەفی ریخوڵەکانی مەڕ دەکات. هۆکاری ئەمەش لەپشتەکەی روونکراوەتەوە: «ئەگەر بڕیار وایە قەفەکانی ریخۆڵە ئاماژەبن بۆ سەری هواوا، سا [ئەمە] بەختە بۆ سەرجۆن کە فەرمانڕەوای ناوچەکە بووە. ئەگەر... ماڵی مرۆڤ پڕ رزق و رۆزی بێت.  بەدەستەکانی واراد-ماردووکی پێشگۆی کوڕی کوبورومی پێشگۆ دیاری کراوە».

واراد-ماردوک لەشاری سیپار (باشووری عێڕاق) ژیاوە، لەدەوروبەری ١٨٠٠-١٦٠٠ پێش زایین. کارەکەی پێشگۆیی بووەو پێشبینی داهاتووی کردووە.  لەعێراقی دێرین، باوترین شێواز بۆ پێشبینیکردن، کۆڵینەوە لەشێوەو رەنگی ئەندامەکانی ناوەوەی مەڕی قوربانی بووە. پێیان وابووە هەموو بەشێکی ئەندامەکان ئاماژەدارو هەڵگری پەیامی خواکان بوون. بەشەکان و واتاکانیان لەسەرچاوە تۆمارکراوە پڕ وردەکارییەکاندا کۆکراونەتەوە. روونە، واراد-ماردوک لەماوەی کارکردنیدا روخسارە ناسراوەکەی لەڕیخۆڵەدا بینیوەتەوە هەروەکو چۆن خەڵکانی ئەمڕۆ روخسار لەهەور یاخود نانی تۆستی سووتاو دەبینین. لەداستانی گیلگامێشدا هواوە دەردەکەوێت کە پاڵەوانی بەتوانا گلگامێش و ئینکیدۆی هاوەڵی دەیبەزێنن. ئەم حەکایەتە لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گێڕدراوەتەوە.

واراد -ماردوک پێی وایە بینینی هواوا لەناو ریخۆڵەی مەڕدا، بەختی پاشا سەرجۆنە، ئەو پاشایەی ٤٠٠ ساڵ لەوەوبەر فەرمانڕەوایی کردبوو. سەرجۆن یەکەم کەس بوو هەموو میزۆپۆتامیای یەکخست و خۆیشی لەکۆندا بەفەرمانڕەوایەکی بەهێز ناوی دەرکردبوو. بەختەکە شتێکی ئەرێنییە. هەر خۆیشی لەنەریتی میزۆپۆتامیادا، بەزۆری سەرجۆن بەپاشایەکی باش دانراوە. ئەم ماسکە بۆ سەردەمی بابلی کۆن دەگەڕێتەوە، واتە ١٨٠٠-١٦٠٠ پێش زایین، لە سیپار، میزۆپۆتامیای باشوور، کەعێراقی ئیمڕۆ دەگرێتەوە. ئێستا ماسکە گڵینەکە لەمۆزەخانەی بەریتانیا لە لەندەن نمایش دەکرێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار