ئەبگال؛ حەوت پیرە ژیرەکانی میزۆپۆتامیا

9 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

بەپێی ئوستورەی کۆنی میزۆپۆتامیادا، خواکان بۆیە مرۆڤیان ئافراندان تاوەکو لەبری ئەوان کاری چاندن بکەن و ئەرکی خواکان کەم بکەنەوە، بەم هۆیەشەوە خواکان دڵنیابوون لە ڕێگەی قوربانیکردنەوە ژەمەکانیان وەردەگرن و خواردن دەخۆن. بەڵام، ئەم مرۆڤانەی سەرەتا ئافرێندرابوون لە ڕاستیدا تێنگەیشتبوون و نەیاندەزانی کە چۆن ئەو ئەرکانە بەجێ بگەیەنن کە بڕیار بوو لە بری خواکان بیکەن، بەم هۆیەوە خواکان، حەوت ئەبگال (سۆمەری) یاخود ئەپکالو (ئەکەدی) کە زاراوە گەلێکن لە نوسراوە مێخییەکاندا بە گشتی بە واتای «ژیر، حەکیم یان پیر» دێت وەک مامۆستا ناردیان بۆ لای مرۆڤ تاوەکو فێریان بکەن. بەپێی ئوستورەی میزۆپۆتامیا، ئەم بوونەوەرانە لە دەریاوە هاتوونەتە جیهانی مرۆڤەوە.

لە چەندین دەقی مێخیدا، ئەم ئەبگالانە حەوت نیمچە خوان، هەندێکجار وەک بەشێک مرۆڤ و بەشێکییش ماسی یان باڵندە وەسف کراون، کە پەیوەستن بە ژیریی مرۆڤەوە؛ ئەم بوونەوەرانە زۆرجار لە ئەدەبیاتی میزۆپۆتامیادا بە حەوت پیر یان ژیرەکە ناودەبرێن. هەندێک جاریش پەیوەست دەکرێن بە پاشایەکی سەرەتایی پێش لافاوە مەزنەکەی ناو گێڕانەوەی میزۆپۆتامیا. دوای لافاوی مەزنەکە (داستانی گیلگامێش)، پیرەکان بە مرۆڤ دانراون و لە هەندێک دەقدا بە ئوممانو ناودەبرێن نەک ئەپکالو. هەروەتر، ئەم زاراوەیە، بۆ پاشایەک یا خوایەک بەکابراوە کە ژیر و خاوەن حیکمەت بووبێت.

دەتوانرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ناو و «ناونیشان»ـی ئەم حەوت پیرانە ڕیزبکەین:

ئواننا، «نەخشەکانی بۆ ئاسمان و زەوی تەواو کرد»،

ئواننێدوگا، «زیرەکی گشتگیری پێ بەخشرابوو»،

ئێنمێدوگا، «چارەنووسێکی باشی پێ بەخشرابوو»،

ئێنمێگالاما، «لە ماڵێکدا لەدایک بوو»،

ئینمێبولوگا، «لەسەر لەوەڕگە گەورە بووە»،

ئانئێنلیدا، «جادووگەری شاری ئێریدو»،

ئەتەوئابزو، «بەرەو ئاسمان هەڵکشا».

 

یەکەمیان ئواننا، جەستەی ماسییەکی هەبوو، بەڵام پێ، قۆڵ، سەر و دەنگی مرۆڤی هەبوو. ئەم یەکەمین پیرە، چۆنیەتی خوێندنەوە و نووسین و بیرکاری فێری مرۆڤ کردووە، لەمەش زیاتر، مرۆڤی فێری چۆنیەتی دروستکردنی شار و داهێنانی پەرستگا و دانانی یاسا و کێشان و دیاریکردنی سنوورەکان و دابەشکردنی زەوی و چاندنی تۆو و دروێنەکردن و ڕنینەوەی میوەی کردووە. هەروەها، ئواننا چۆنیەتی ئافراندنی گەردوون و مرۆڤی بۆ مرۆڤە یەکەمەکان ڕوونکردەوە، واتە، بەر لە ئواننا، مرۆڤەکان نەیان دەزانی چۆن و بۆچی ئافرێنراون، بێئاگا لەئەوەی خواکان تەنیا بۆ کار و بێگاری مرۆڤیان خوڵقاندووە تاوەکو لەبری ئەوان کاربکەن و قوربانیشیان بۆ بکەن تاوەکو خواکان تێر بکەن و خواردن بخۆن.

جیا لەم حەوت پیرە، چەندین پیری تریش هەبوون، کە هەر یەکەیان پەیوەست بوو بە شارێکی دیاریکراوەوە، تاوەکو دانیشتوانەکەی فێری بنچینەکانی شارستانیەت بکات. هەروەتر، دانیشتوانی میزۆپۆتامیای کۆن، وێنەی پیرەکانیان لەسەر دیواری خانوەکانیان هەڵکەندووە بۆ ڕەواندنەوەی خراپە و نەخۆشی و نەهامەتی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەکو پارێزەری مرۆڤەکانیش سەیر کراون.

دواتر، لە ژێر کاریگەری ئەم حەوت ئەبگالەوە، یۆنانیەکان «حەوت ژیر/دانا»ەکەی خۆیان داهێناوە. ئەفڵاتوون لە دیالۆگی پرۆتاگۆرۆسدا، بەمشێویە ناویان ڕیز دەکات، « تالیسی میلیتۆس و پیتاکۆسی میتیلین و بیاسی پرین و سۆلۆنی خۆمان (ئەسینا) و کلیۆبولۆسی لیندیان و میسۆنی چێنیان؛ و حەوتەمی داناکانیش چیلۆنی سپارتایی بوو.»

هەروەها، لە کتێبی پەیدابوون و پەندەکانی سلێمان‌ـی پەیمانی کۆندا، ئاماژەکانی «حەوت ژیر»ـەکە دەردەکەوێت. لە بەشی ٩ـی پەندەکانی سلێمان، دەخوێنینەوە: «دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە، حەوت کۆڵەکەکەی داتاشیوە.» هەروەتر، ئەدەبیاتی ئەپۆکریفای یەهوودی پڕیەتی لە گێڕانەوە و باسی چۆنیەتی هاتنەخوارەوەی ئەم «حەوت ژیرە» بۆ سەر زەوی تاوەکو مرۆڤ فێری هونەرەکانی شارستانیەت بکەن، لەم ئەدەبیاتەدا ئەوان ناویان بە «چاودار» هاتووە و سەرکردەکەیان «ئەزازیل» بووە. بێگومان، لە کەلتوور و ئەدەبیاتی گەلانی دەرەوەی میزۆپۆتامیا، بە ئاشکرا و دەستکارییەوە کاریگەرییەکانی ئوستورە و ئاین و کەلتور، و زانستی میزۆپۆتامیا نکۆڵی لێ ناکرێت و ئەمەش دەرخەری بەهێزی و مەزنی ئەم شارستانیەتە دەردەخات.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار