پزیشکی لەمیزۆپۆتامیای کۆن

9 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

میزۆپۆتامیا، لەچەندین بواری ژیانی مرۆڤ و شارستانیەتدا پێشەنگ بوون، پزیشکیش بەدەر نییە لەم بوارانەدا. لەمیزۆپۆتامیای کۆن، خواکان ئاگایی و حومکیان بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا هەبوو، لەوانەش کارپێکردەیی پزیشکی. گوڵە (بە واتای مەزن هاتووە لە سۆمەریدا)، مێخوای چارەسەریی سۆمەرییەکان بوو، ئەم خوایە، بۆ زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ چاودێر و بەرپرسی هونەرە پزیشکییەکان بوو، ڕێنمایی پزیشک و ددانسازانی کردووە لە چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکان، بێگومان، ئەم نەخۆشی و کێشە تەندرووستیانەش بەزۆری دەگەڕێندرانەوە بۆ هۆکاری بانسروشتی. لەڕاستیدا، زۆرێک لە لایەنەکانی پزیشکی کە دواتر پەیوەست دەکرانەوە بە میسر و یۆنان، لە بنچینەدا سەرچاوەیەکەیان میزۆپۆتامیایی بوو.

گوڵە (کە بە نینکاراک و نینسینا ناسراوە) تەنیا بەرپرسیار نەبوو لە تەندروستی و چاکبوونەوە، بەڵکو لەلایەن خێزانەکەیەوە هاوکاری دەکرا لەنێویاندا هاوژینەکەی پابیلساگ کە دادوەرێکی یەزدانییش بوو، کوڕەکانی دامو و نینازو و کچەکەی گونوررا. تەنانەت، ئەم گۆپاڵەی کە دوو ماری لەسەر ئاوێزان بوون کەهەتا ئەمڕۆش نیشانەی پیشەی پزیشکییە، لەنینازوی کوڕی گوڵەوە سەرچاوەی گرتووە کە پەیوەندی بە مار و گۆڕانکاری و بنجیهان و چاکبوونەوە هەبووە.

لەمیزۆپۆتامیا، پزیشکان تەنیا وەک بریکار بینراون کە لەڕێگەیانەوە ئەم جۆرە خوایانە کاریان دەکرد بۆ پاراستنی تەندروستی مرۆڤ و کە لەئەمڕۆدا وەک پزیشکی گشتی، پسپۆڕ، نەشتەرگەر، ددانساز، چارەسەرکەری باوەڕ و دەروونناس وەسف دەکرێن. پزیشکی لەهەر بوارێکدا بووبێت، لەپیشە هەرە گرنگە خوێندەوارییەکانی میزۆپۆتامیا بووە و هەمیشە بەڕێزێکی زۆرەوە ئاماژەی پێکراوە.

بۆ ئەوەی کەسێ ببێت بە پزیشک (لەمیزۆپۆتامیا ژن و پیاو وەک یەک توانیویانە ببن بە پزیشک)، دەبوو سەرەتا بخوێنێت بۆ ئەوەی ببێتە نووسیار، واتە فێری نوسین و خوێندنەوەی مێخی بێت، پاشان سەرنجی لەسەر دەقە پزیشکییەکان بێت و لەکۆتاییدا تیشکۆ بخاتە سەر پسپۆڕییەکی دیاریکراوی پزیشکی. فێربوونی ڕێنووسی مێخی و شارەزابوون لەوانەنامەی قوتابخانەی نووسەران لانیکەم ١٠-١٢ ساڵی خایاندووە تاوەکو کەسێک بتوانێت خۆی بە تەواوی بۆ خوێندنی پزیشکی تەرخان بکات. بەڵام کاتێک وەک پزیشک دەناسران، پزیشکانی میزۆپۆتامیا، هاوشێوەی پزیشکانی ئەم سەردەمە، بە گشتی ژیانێکی زۆر ئاسوودە دەژیان.

ئەرکی سەرەکی پزیشکی ئەوکاتە، هاوشێوەی ئێستا، چاککردنەوەی مرۆڤەکان بوو لە نەخۆشییەکان و هێشتنەوەیان لەتەندروستییەکی باشدا. یەکەم هەنگاو لەچارەسەرکردنی کەسێکی نەخۆشدا دەستنیشانکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە بوو، واتە دەردۆزی بووە (هەروەک چۆن ئەمڕۆ هەیە) و زۆربەی کاتیش ئەو هۆکارە دەگەڕێندرایەوە بۆ گوناهێک کەنەخۆشەکە کردبووی، جا ئەگەر نەخۆشەکە گوناهەکەی زانیبێت یاخود نەیزانیبێت. سا، نەخۆشەکە هەر نەخۆشییەکی بووبێت و چارەسەری کۆتایی هەرچییەک بووبێت، هەمیشە چارەسەرەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ ئیرادەی خواکان و دەستێوەردانیان لە کاروباری مرۆڤدا. کەواتە نەخۆشی یەکسان بوو بە گوناهـ و چارەسەری ئەو نەخۆشییە پێویستی بەجۆرێک لەدانپێدانان (تەوبە) و پابەندبوون بووە بە ئەنجامدانی چاکە لە داهاتوودا. زۆرجار پزیشکەکان پشتیان بە گژوگیا و ئەندامە هەناوییەکانی ئاژەڵان بەستووە بۆ چارەسەریی. زۆرجار ئەم چارەسەرانە بۆ نەخۆشی شلەپەتەیی (لاوازی سێکسی) و کێشەی دووگیانی و نەزۆکی بەکاربردووە. جێگای سەرنجە، ئەم جۆرە کارپێکردە پزیشکی و ڕوانینە بۆ نەخۆشی و دەرد، دوای چەندین هەزار ساڵ (دوای دۆزینەوە پزیشکییەکانی مۆدێرن)، کاریگەری لەسەر زیهنیەتی باوەڕداران و دانیشتوانی میزۆپۆتامیا و هەتا ئاستێکیش دەرەوەش هەیە، لەئێستا ئەم جۆرە «پزیشکییە» ئەوەندە کاڵوکرچ کراوەتەوە لە کەسایەتی «مەلا عەلی کەڵەک» و کەسانی تری هاوشێوەی ئەو برەوی هەیە و تەنانەت لەوڵاتێکی وەکو ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، باوەڕدارانی مەسیحی پێیان وایە لەڕێگەی «نزا»ـەوە نەخۆش و دەرد و چەرمەسەرییەکانی مرۆڤ چارەسەر دەبن. ئەمە لە کاتێکدا، لەمیزۆپۆتامیادا، چەندین ڕێوڕەسم و دەرمانی جۆراوجۆر بەکاربراوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان نەک تەنیا خوێندنی چەند دێڕێک لە «کتێبی پیرۆزی» ئاینی.

بەدرێژایی مێژووی میزۆپۆتامیا دوو جۆری سەرەتایی پزیشک هەبوون:

١. ئاسو: پزیشکێک بووە کە بەشێوەیەکی ئەزموونی و دەرمان چارەسەری نەخۆشی یان برینداری کردووە.

٢. ئاسیپو: ئەم جۆرە پزیشکانە بۆ چارەسەر پشتیان بەو شتە دەبەستێت کە مرۆڤ پێی دەڵێت «جادوو».

جیاوازی بەرچاوی نێوان ئەو دوو جۆرە ئەوەیە کە ئاسیپوەکان بەڕوونی زیاتر پشتیان بە جادوو و نزای بانسروشتی بەستووە، لەکاتێکدا ئاسو ڕاستەوخۆتر مامەڵەی لەگەڵ جەستەدا کردووە لەڕێگەی مەڵهەم و هێورکەرەوە و دەرمانی گیاییەوە. لەبەرئەوەی هەردوو جۆری چارەسەرکەرەکە سەرچاوەی بانسروشتییان بۆ نەخۆشی قبوڵ کردووە، نابێت ئاسو بە ‹مۆدێرن›ـتر لە ئاسیپو هەژمار بکرێت.

هەردوو جۆری پزیشکەکە لەپەرستگاکان چارەسەرییان کردووە و لەوێ چارەسەری نەخۆشەکانیان دەکرد بەڵام زۆرجاریش ڕۆیشتوون بۆ ماڵی نەخۆشەکان بۆ چارەسەریی. شاری ئیسین ناوەندی پەرستنی مێخواوەند گوڵە بووە و وا بیردەکرێتەوە کە ئیسین ناوەندێکی ڕاهێنان بۆ پزیشکان بووە کردووە کەدوای ڕاهێنانەکان، پزیشەکەکان بەپێی پێویستی ڕەوانەی پەرستگاکانی شارە جیاوازەکان دەکران. بێگومان، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە پزیشکەکان شوێنی تایبەتی چارەسەری خۆیان (تیمارگە) هەبووبێت، هەرچەندە پاشاکان و خانەدان و دەوڵەمەندان پزیشکی تایبەتی خۆیان هەبووە.

جێگای سەرنج و ئاماژەپێدانە کەگۆپاڵی مار ئاوێزان، کەدوو ماری بە گۆپاڵێکدا هەڵزناون، کەهێمای پیشەی پزیشکییە لەسەردەمی مۆدێرندا، پەیوەست کراوە بەهیپۆکراتسی پزیشکی بەناوبانگی یۆنانی و یۆنانییەکانەوە، لە ڕاستیدا، خودی کارپێکردەی پزیشکی و هێمای پزیشکی مۆدێرنیش لەمیزۆپۆتامیا سەرچاوەی گرتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار