بــەیــداخی ئــــور

9 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

پەیداخی ئور سندوقێکی داریی ناوبۆشی سۆمەرییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین و هەنووکە، ئەم دەستسازە هونەرییە لەمۆزەخانەی بەریتانیا هەڵگیراوە. ئەم هونەرە مۆزایکە، لەسندوقێکی رەنگپۆشکراوی داریی بۆش پێکهاتووە، کە پانییەکەی ٢١.٥٩ سانتیمەترو درێژییەکەی ٤٩.٥٣ سانتیمەترە. مێژووی ئەم سندووقە دەگەڕێتەوە بۆ شانشینی یەکەمی ئور لەسەردەمی شانشینی سەرەتاییداو تەمەنی نزیکەی ٤٦٠٠ ساڵە، لەگۆڕێکی شاهانە لە ئور (نزیک ناسریەی باشوری عێراق) لە ساڵانی ١٩٢٠ لەتەنیشت ئێسکەپەیکەری پیاوێکی قوربانیکراو دۆزرایەوە کەڕەنگە خاوەنی سندووقەکە بووبێت.

بەیداخەکە بۆ ئەوە دروستکراوە کەدیمەنەکانی «جەنگ» لەلایەک و «ئاشتی» لەلایەکی دیکەوە بە بەکارهێنانی مۆزایکێکی وردو درشت وێنا بکات. هەر لایەک زنجیرەیەک دیمەن نیشاندەدات کە لەسێ تۆماردا پیشان دراون، سەرەوە، ناوەڕاست و خوارەوە.

دوو مۆزایکەکە بەهۆی دیمەنی سەر سندووقەکە ناویان لێنراوە «جەنگ» و «ئاشتی»، و هەڵمەتێکی سەربازی و دیمەنەکانی ئاهەنگێک دەنوێننەوە. لەکۆتایی هەر چێوەیەک چەند ئاژەڵێک نەخشێنراون.

دیمەنە مۆزایکییەکانی «جەنگ» سەرەتاییترین نواندنەوەی سوپایەکی سۆمەریە، کەساتەوەخت و دوای جەنگی تێدا وێناکراوە. لەچێوەی «جەنگ»ـدا پاشا لەناوەڕاستی تۆماری سەرەوەدا نیشان دەدات، کە لەهەموو کەسایەتییەکی تری ناو وێنەکەدا باڵا بەرزترەو بەڕاوەستاوی گۆپاڵێکی بەرزکردووەتەوە کەئاماژەیە بۆ سەرکەوتن و پاشایەتی. پاشا لەپێش  پاسەوانەکان و گالیسکەیەکی چوار تایە وەستاوە، لەبەردەمیشیدا ڕیزێک دەستبەسەر هەن کەهەموویان رووت و بەستراو و بریندار وێنا کراون و برینێکی گەورە و خوێناوی لەسەر سنگ و رانیان هەیە.

چێوەی «ئاشتی» سەر سندووقە مۆزایکە رەگاڵەکە دیمەنێکی ئاهەنگگێڕان نیشان دەدەن. لەتۆماری سەرەوەی ئەم چێوەیەش، دیسانەوە پاشا دەردەکەوێت، لێرەدا پاشا لەسەر تەختی شاهانەی دانیشتووە و پێکێک مەی لەدەستدایە، لەبەردەمیشیدا، شەش کەسی لەسەر کورسی دانیشتوو هەیە، ئەوانیش جامێ مەیان لەدەستی ڕاستدا هەڵگرتووە. هەروەتر، لە تۆماری سەرەوە، لەدوای شەش کەسەکەش، دوو مۆسیقار هەن کە لەوانەیە یەکێکیان گۆرانیبێژو ئەوەی تر مۆسیاژەن بێت

 لەتۆماری ناوەڕاستدا، هەندێ مرۆی سەرڕووت هەن کە تەنوورەی ریشاڵەداریان لەبەردایە و پارچە پەڕۆیەکی شێوە پشتێندیان لەکەمەر بەستراوە، هەوەها، هەر لەم تۆمارەدا ئاژەڵ و ماسی و کاڵای دیکەش نەخشێنراون، رەنگە ئەمانە ببرێن بۆ ئاهەنگەکە. لە تۆماری خوارەوە کۆمەڵە کەسێک نیشان دەدات کەجلوبەرگی جیاواز لەئەوانەی سەرەوەیان لەبەردایە و بەرهەمەکانیان بەکۆڵ هەڵگرتووە. تەواوی دیوی پشتەوەی مۆزایکەکە بەمینای شین رەنگڕێژکراوە، مینای شین بەردی بەرخ و پیرۆز بووە لەلای سۆمەرییەکان و ئاماژەی ئاینی هەبووە.

«بەیداخی ئور» لەیەکێک لەگەورەترین گۆڕەکانی شاهانەی ئوردا دۆزرایەوە، کەپەیوەست بووە بەپاشایەکەوە لەدەوروبەری ساڵی ٢٥٥٠ پێش زایین کۆچی دوایی کردووە، دوای دۆزینەوەو رێکخستنەوەی پارچە شێواوەکانی ئەم سندووقە هونەرییە سەرنجکێشە، گواستراوەتەوە بۆ وڵاتی بەریتانیاو ئێستاش لەمۆزەخانەی نیشتیمانی بەریتانیا لەگەڵ چەندین پارچە هونەری دەستسازیی میزۆپۆتامیا هەڵگیراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار