یەکێتی دەیەوێت قەڵای بایکۆت بڕمێت

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ شکاندنی بایکۆتی مامۆستایان لەسەنتەری شاری سلێمانی چڕبوونەتەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکان لەم شارە شکستپێبهێنێت و بەدوای ئەویشدا ١٣ شارۆچکەی تر ملبدەن کەنزیکەی پێنج مانگە هەفتانە دەڕژێنە شەقام بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەو دانەمەزراندنی وانەبێژان.

مانگی رابردوو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا داوای شکاندنی بایکۆتی لەمامۆستایان کرد، بەڵام مامۆستایان لەوەڵامدا یەکێتییان تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵی «چەواشەکاریی» دەدات لەکاتێکدا خۆی بەشێکە لەکێشەکان.

دوای ئەوەی مامۆستایان بەدەم داواکەی یەکێتییەوە نەچوون، بەڵام ئەو حزبە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان و بەڕێوەبەری هەندێک لەقوتابخانەکانەوە فشاری چڕکردەوە لەسەر مامۆستایانی وانەبێژو میلاک بەهەڕەشەی غیابدان و فەسڵکردن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بایکۆت لەسلێمانی و ١٣ شارۆچکەی تر نەشکاوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەقوتابخانەکان کراونەتەوە بەڵام هەموو مامۆستاکان ئامادەی دەوام نابن.

 ئاوات ئازاد نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی فشارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ سەر مامۆستایان بەمەبەستی شکاندنی بایکۆت بەهاوڵاتی راگەیاند، کەحکومەت هەموو جۆرە فشارێکی بۆ سەر مامۆستایان گرتووەتەبەر، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر ورەیان.

«فشارەکان دەمێکە هەیە، فشارەکان لەمانگی دوانزەی 2023ەوە دەستیانپێکردووەو تازە نییە، بەڵام ئێمە هەر بەردەوامبووین، مانگی یانزەو دوانزە چەند جارێک خوێندنگەکانیان کردەوەو دواجار دایانخستەوە لەبەرئەوەی مامۆستایان نەچوونەوە بۆ ناوەندەکانی  خوێندن» ئاوات ئازاد وادەڵێت.

هەر لەبارەی هەڕەشەکانی حکومەتی هەرێم بۆ سەر مامۆستایان ناوبراو وتی :» هیچ هەڕەشەو چاوسوورکردنەوەو فشارێک ئێمە ناترسێنێت، چونکە ئیمە داوای هیچ شتێکی زیادەمان نەکردووەو داوای مافەکانی خۆمان کردووە».

هەروەها وتی: «بەوەرگرتنی مووچەیەک دوای 48 رۆژ ناڕۆینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و گوێ بەفشارەکانیس نادەین و بەردەوام دەبین».

فشارەکانی یەکێتی بۆ سەر مامۆستایان تەنیا لەڕێگەی هەڕەشەی غیابدان و فەسڵکردنەوە نەبوو، بەڵکو مانگی رابردوو هێزەکانی ئەمنی بەکارهێنا بۆ ئەوەی مامۆستایان خۆپیشاندان و کۆنگرەی رۆژنامەوانیش ساز نەکەن، بەڵام ئەوەش نەیتوانی کۆتایی بەناڕەزایەتیەکان بهێنێت.

ئەگەرچی بەشێک لەمامۆستایان لەڕێگەی هەڕەشەی فەسڵکردن و غیابدان چوونەتەوە بۆ قوتابخانەکان، بەڵام ئەو قوتابخانانەی کەکراونەتەوە ١٠٠٪ مامۆستایان تێیدا دەوام ناکەن.

ئاوات ئازاد بەهاوڵاتی وت کەدەرگای نزیکەی لەسەدا 60ی قوتابخانەکانی سەنتەری شاری سلێمانی کراوەتەوە بەڵام هەموو مامۆستایان نەگەڕاونەتەوە. روونیشیکردەوە کەفشارەکان لەناو سەنتەری سلێمانی زۆرن، بەڵام لەدەرەوەی شاری سلێمانی زۆرینەی قوتابجانەکان هێشتا داخراون.

ئاوات ئازاد هەروەها وتی «ئەمە بەس لەسەنتەری سلێمانی وایەو ئەمەش پێی ناوترێت شکاندنی بایکۆت، لەبەرئەوەی لە 13 شارو شارۆچکە تەنها لەشارێک دەرگای چەند قوتابخانەیەک کراوەتەوە کەئەویش مامۆستایان هەموویان نەچوونەتەوە بۆ دەوام».

بەپێی وتەی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی، لەسنووری ئەو قەزایانە بەسەرجەم ناحیەو گوندەکانیەوە هێشتا زۆرینەی قوتابخانەکان داخراون کەبریتین لەشارەزوور، سەیدسادق، هەڵەبجە، بازیان، چەمچەماڵ، کەلار، کفری، دەربەندیخان، پێنجوێن، قەڵادزێ، رانیە، دوکان و کۆیە.

یەکێک لەداواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازیی پلەبەرزکردنەوەی یاسایی مامۆستایانە کەحکومەت ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە بەنایاسایی رایگرتووە بەپاساوی نەبوونی داهات.

ئاوات ئازاد وتیشی «ماوەی هەشت ساڵە پلەبەرز کردنەوەی مامۆستایان بەشێوەیەکی نایاسایی راگیراوە، بەڵام  ئەم حکومەتە بێباک و خەمساردە هاتووە پلەی سێ هەزار ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگەی بەرزکردووەتەوە».

هەروەها وتی «ئەو ئەفسەرانە هەر برامانن، ئەوانیش هەروەکو ئێمەن و هیچ جیاوازییان نییە، بەڵام ناکرێت تۆ بێیت بەرزکردنەوەی سەربازی دەستپێبکەیت، بەڵام پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێنەکەیت، کەئەمەش جۆرێکە لەدزیکردن بەئاشکرا».

بەرپرسێک لەلقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات لەماوەی ئەم هەشت ساڵەدا «حکومەت شەش ترلیۆن دیناری مووچەخۆرانی بڕیوە».

عەتا ئەحمەد جێگری لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند کەدەمێکە لەگەڵ حکومەت لەسەر هێڵین، بۆ بابەتی پاشەکەوتی مووچەو دامەزراندنی وانەبێژەکان و هەروەها پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی میلاک.

 عەتا ئەحمەد وتی «پێشتریش یاداشتی زۆرمان ناردووە بۆ وەزارەتی پەروەردەو دارایی حکومەت، دوایین یاداشتمان نزیکەی دوو مانگ و نیو لەمەوپێش بوو، کەداوای پێنج خاڵمان کردبوو، یەکێک لەو خاڵانە داوای پلەبەرزکردنەوەمان کردبوو، چونکە لەئەنجامی پلەبەرزنەکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەدرێژایی ئەم هەشت ساڵە، حکومەت شەش ترلیۆن دیناری لەخەڵک بڕیوە بەڕاستی».

سەبارەت بەپلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو پشتگوێ خستنی چینی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش مامۆستا عەتا ئەحمەد وتی :» پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی 70و 80 بڕیاری لەسەردراوەو ئێمە پێمان ئاساییەو پێشمان خۆشە بۆ هەموو فەرمانبەران بکرێت و هەواڵێکیش هەیە کەتەنانەت بڕیاری پلەبەرزکردنەوە بۆ هێزەکانی ناوخۆش دەردەچێت ئەم ماوەیە، بۆیە وەکو مەکتەبی سکرتارییەت راگەیاندنێکمان بڵاوکردەوە و داوای ئەوەمان کردووە کەمامۆستایانیش شایەنی ئەوەن کەپلەبەرزکردنەوەکانیان بەزووترین کات دەستپێبکات».

لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژێش وتی : « بۆ وانەبێژان حەقە حکومەت خۆی هەست بەبەرپرسیارێتی بکات بەرامبەریان، ژمارەیەک لەو مامۆستایانە ماوەی 10 ساڵە وانە دەڵێنەوەو لەسەدا 20ی وەزارەتی پەروەردە ئێستا وانەبێژە کەژمارەیان نزیکەی 36هەزارو 600 کەسەو پەروەردەکانی دەرەوەی شار زۆربەی لەسەرشانی ئەمان راوەستاوە، بەڵام بەداخەوە تائێستا حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە، لەو ماوانەی پێشوودا ئەو دوو خاڵەی وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردەوە ئاماژەیان بەشتێکی وا داوە کەهەنگاو دەنێن بەرەو بەگرێبەست کردنیان و ئۆمێدەوارین نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە تەنها نووسراو نەبێت و ببێت بەکردارو ئەنجومەنی وەزیران بەزووترین کات وانەبێژان دابمەزرێنێت».

لە 22/1/2024، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای لەمامۆستایان کرد بایکۆت بشکێنن و رایگەیاند کە «خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کەبەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە».

لەبەرامبەردا مامۆستایانی ناڕازی وەڵامی داوای یەکێتیان بۆ شکانی بایکۆت دایەوەو رایانگەیاند یەکێتی ویستوویەتی تاوەکو دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لەمانگی ١٢ی رابردوو «موزایەدەی بوونی ئازادی رادەربڕین لەقەڵەمڕەوییەکەیدا بەسەر لایەنیتردا بکات و وەک گوشارێکیش و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی لەسەر مێزەکە بیهێڵێتەوە».

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دایەوەو رایگەیاند «یەکێتیی دەتوانێت خەڵکی تر چەواشە بکات، بەڵام مامۆستایان کە وانەی (هۆشیاریی) بەکۆمەڵگە دەڵێنەوە، بەرچاویان روونە کەیەکێتی خۆی بەشێکە لەکێشەکان و هەر بۆ خۆیشیان دەتوانن بەشێک بن لەچارەسەر».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار