گڕی تاوەری ٢٢؛ دەروازەی جەنگێکی نادیار

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەکاتێکدا شەڕی غەزە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، مەترسی شەڕێکی دیکە یەخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی کەڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران سێ سەربازی ئەمریکیان لەبۆردوومانێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لەئوردن کوشت و ٣٤ی دیکەیان بریندارکرد.

هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەژێر ناوی «بەرەی بەرگری ئیسلامی عێراق» بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی کە بەتاوەر ٢٢ ناسراوە، وەڵامی ئەمریکای بەدوادا هات و سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، 85 ئامانجی ئەو گرووپانەیان لەناو عێراق و سوریا پێکاوە.

ئەم رووداوە تووڕەیی گەورەی لەناوخۆی ئەمریکا لێکەوتەوە. لەهەمانکاتدا بەشێک لەشارەزایانی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەم هێرشەیان وەک خاڵێک زانی کەددەبێت بەهۆی پەرەسەندنی جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم لەمبارەیەوە وتی :» لەحاڵێکدا هێشتا خەریکی کۆکردنەوەی زانیارین تایبەت بەم هێرشانە، بەڵام دەزانین ئەم هێرشانە لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە بووە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکەن. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی دژی تیرۆریسم بوەستینەوەو بەردەوام ئەبین. بێگومان لەکات و شوێنی دیاریکراودا بەشێوەی خۆمان حیسابی خۆمان لەگەڵ ئەو کەسانە پاک دەکەین کە لەپشت ئەم هێرشانە بوون و بەرپرسن لێی.

هەڵوێستەکان لەناوخۆی ئەمریکا

سەرۆککۆمار بایدن

جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبەرنامەیەکی هەڵبژاردنەکان لەکارۆلینای باشوور دەربارەی هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢و کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکاییەوە وتی :»دوێنێ شەو رۆژێکی ناخۆشمان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو. ئێمە سێ سەربازی بوێری خۆمان بەهۆی هێرشێک کەکراوەتە سەر یەکێک لەبنکەکانمان لەدەستداوە».

سەرۆککۆماری ئەمریکا داوای لەبەشداربوون کرد، بۆ رێزگرتن لەسەربازە ئەمریکاییەکان چەند ساتێک بێدەنگ بن. دواتر وتی :» ئێمە وەڵام دەدەینەوە».

وەزیری بەرگری ئەمریکا

لۆئید ئاوستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، بەئاماژە بەوەی کەگرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران بەرپرسن لەوهێرشە بەردەوامانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند ئەمریکا لەکات و شوێنێکدا کەخۆی دیاری دەکات، وەڵامی شیاوی بۆ هێرشانە دەبێت.

دەربارەی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی :» زۆر نیگەرانم لەوەی کە سێ سەربازی ئەمریکایی کوژراون و ژمارەیەکی زۆر سەرباز برینداربوون. ئەم هێرشانە تووڕەی کردووم بەداخەوەم.

لۆئید ئاوستین هەروەها وتی، ئەم سەربازە ئەمریکاییانە بەمەبەستی وەستانەوە دژی هەڕەشەکانی داعش لەو ناوچەیەن.

وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبەشێکی تر لەقسەکانیدا دوای رووداوەکە وتی :» سەرۆککۆمار بایدن و من ناتوانن ئیتر دان بەخۆماندا بنێین و هەموو کارێک دەکەین بۆ بەرگری لەئەمریکاو هێزەکانمان و بەرژەوەدنییەکانمان.

ژمارەیەک لەسیناتۆرە  دیموکراتەکان

هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، لەناوخۆی ئەمریکاو لەناو سیاسییەکاندا زۆر بەهەند وەرگیراو دەستبەجێ ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا لەهەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریخواز هەڵوێستیان گرت.

لەناو سیناتۆرە دیموکراتەکاندا، سیناتۆر (بۆب کیسی) لەگەڵ ئەوەی سەرەخۆشی لەبنەماڵەی ئەو سێ سەربازە کرد، خوازیاری ئەوەبوو بەتوندی وەڵامی ئەو لایەنانە بدرێتەوە کە لەپشتی هێرشەکەوە بوون. لەتویتێکدا نووسی:» ئەمە سەرچەشن و نموونەیەکی کارەکانی ئەو گرووپانەیە کە لەلایەن ئێرانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن و هەست دەکەن بوێرن و ناترسن و ئەمەش جێگەی نیگەرانییە».

سیناتۆر مایکل پێنت هەروەها دەربارەی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم نووسی :» ئەم هێرشانە بەشێکن لەپلانێکی بەرفراوانتری دەستدرێژییە بەردەوامەکان کە لەلایەن ئێرانەوە لەناوچەکە جێبەجێ دەکرێن». ئەم سیناتۆرە دیموکراتە خوازیاری ئەوەبوو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دژی هێرشەکانی ئێران هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت.

ئادام سمیت، ئەندامی باڵا لەکۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی سێناری ئەمریکا هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ی وەک پەرەسەندنی مەترسیداری ناکۆکییەکان ناوبردو جەختی کردەوە بۆ بەرگرتن لەپەرەسەندنی ناکۆکییەکان، پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەو ئەو کەسانەی لەپشتی ئەو هیرشانەوە بوون سزا بدرێن .

ئەم سێناتۆرە لەوتووێژ لەگەڵ CNN ، ئەوەی لەغەزە روودەدات گرنگە، جەنگی غەزە لەئێستادا بووە بەهۆی بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی.

ئێلیساسلاتکین، یەکێکی تر لەئەندامانی سینا، لەمبارەیەوە هەڵوێستی گرت و ئاماژەی بەهێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران دا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکاو لەتویتێکدا نووسی:» نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە رۆژ لەگەڵ رۆژ پەرە دەستێنێت، ئەمە وادەکات لایەنە وتووێژکارەکان دەربارەی جەنگی غەزە خێراتر هەنگاو هەڵبگرن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان».

ئەم سیناتۆرە هەروەها نووسی :» ئەم گرووپانە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و ئەجێنداکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەکەن. ژمارەیەکی تر لەسیناتۆرە دیموکراتەکان لەوانە، دینا تیتۆس، کیتی مێنینگ، خوازیاری هەڵوێستی جیدی دەوڵەتی بایدن بوون.

ترامپ و کۆمارییەکان رەخنەی توند لە بایدن دەگرن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشتری ئەمریکا، هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەو کوژرانی سێ سەربازی بەڕۆژێکی تاڵ بۆ ئەمریکا ناوبرد.

ترامپ کەبەربژێری سەرەکی کۆماریخوازەکانەو بەئەگەری زۆر رەقیبی جۆ بایدنە لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکادا، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک، هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ی بەهێرشێکی بێ شەرمانە ناوبردو نووسی:» ئەم هێرشە دەرئەنجامی لاوازی و خۆبەدەستەوەدانی بایدنە».

ترامپ لەدرێژەدا نووسیبووی :» سێ ساڵ لەوەپێش، بەهۆی سیاسەتی گونجاوی منەوە کەزۆرترین گوشارم دەخستە سەر ئەو رژێمە، ئێران لاوازو تێکشکاو بوو کە بەئاسانی کۆنتڕۆڵی دەکات و حکومەتی ئێران بەئەستەم دەیتوانی دوو دۆلاری دەستبکەوێت بۆ ئەوەی بیدات بەگرووپە بریکارە تیرۆریستەکانی».

ترامپ هەروەها نووسیویەتی :» جۆ بایدن چەند میلیار دۆلاری دا بەکۆماری ئیسلامی و حکومەتی ئیران ئەو دۆلارانە بەکاردەهێنێت بۆ پەرەپێدانی خوێنڕێژی و کوشتن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست».

ترامپ هەروەها نووسیبووی :» ئەگەر من سەرۆککۆمار بومایە، ئەم هێرشە رووی نەدەدا، هەروەها وتی، ئەگەر ئەو سەرۆککۆمار بوایە، حەماس هێرشی نەدەکردەسەر ئیسرائیل و جەنگی ئۆکراین نەدەبوو».

دۆناڵد ترامپ لەدواییدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو، هێرشی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم، بەڵگەیەکی ترە بەوەی دەبێ دەستبەجێ ئەمریکا سیاسەتی « ئاشتی لەڕێگای هێزەوە» بگرێتەوەبەر بۆ ئەوەی بەر بەپشێوی و نائارامی و کوژرانی ئەمریکاییەکان بگرێت.

جۆن کۆرنین، سیناتۆری ئەیالەتی تەگزاس لەسەر لیستی کۆمارییەکان دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکییەکە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X   نووسی :» ئێران بەئامانج بگرن».

لیندسی گراهام، سیناتۆرێکی تری ناسراوی کۆمارییەکان، وێڕای رەخنەی توند لەدەوڵەتی ئەمریکا لەسەر چۆنیەتی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نووسی :» بدەن لەئیران، بەتوندی لێیان بدەن».

ئێرانییەکان هەڕەشە دەکەن

لەدوای هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەم و پاشان هێرشە بەردەوامەکانی لایەنەکانی سەر بەئێران لەعێراق  و سوریاو لوبنان و یەمەن، بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و دونیای رۆژئاوا، وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکاو بەریتانیا ئێران ئاگاداردەکەنەوە دەستبەرداری پشتیوانیکردنی هێزەکانی سەر بەخۆی بێت لەناوچەکە. تەنانەت لەپرسی حووسییەکاندا ئەمریکا چینی راسپارد بەوەی ئێران رازی بکات دەستبەرداری پشتیوانیکردن لەحووسییەکان بێت و حووسییەکان کۆنتڕۆڵ بکات.

بەڵام کۆماری ئیسلامی بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو هیزانە کەخۆی بە (بەرەی بەرگری) ناویان دەبات، سەربەخۆ بڕیاردەدەن و کۆماری ئیسلامی بەرپرس نییە لەچالاکییەکانی ئەوان. لەپەیوەن   رووداوی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، ئێران بێئاگایی خۆی راگەیاندو رایگەیاند بەرەی بەرگری سەربەخۆیانە هێرشیان کردووە.

لەهەمانکاتدا دوای لێدوانی بەردەوامی بەرپرسانی ئەمریکایی و بەتایبەت کۆمارییەکان کەسووربوون لەسەر ئەوەی دەبێ ئێران سزابدرێت، بەرپرسانی ئەمریکایی هەڕەشەیان کردووە هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لەدەرەوەی وڵات یان هێرش بۆ سەر خاکی ئێران بێوەڵام نابێت.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەمبارەیەوە وتی :» بەرەی بەرگری خۆیان بڕیاردەرن بەوەی چی دەکەن و لەئێران فەرمان وەرناگرن. هەروەها وتی ، ئێران نایەوێت جەنگی غەزە لەناوچەکە پەرەبستێنێت.

ئەمیر سەعید ئیرەوانی نوێنەری ئێران لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەمبارەیەوە وتی:» هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر خاکی ئێران، بەرژەوەندی یان کەسەکانی لەدەرەوەی سنوورەکان، لەلایەن ئێرانەوە بەتوندی وەڵامی دەدرێتەوە».

رۆژی سێشەممە ٣٠ی کانوونی دووهەم نوێنەری ئێران لەڕاگەیاندنێکدا لەگەڵ ئەوەی، ئەوەی رەتکردەوە پەیامی جیاوازیان لەلایەن واشنگتۆنەوە لەدوو رۆژی رابردوودا پێگەیشتبێت وتی :» پەیامی لەو جۆرەمان بۆ نەهاتووەو ئاڵووگۆڕی پەیام نەبووە لەنێوانماندا. بەمەشەوە، ئەمە سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە ئەگەر هەر لایەنێک هێرش بکاتەسەر خاکی ئێران یان بەرژەوەندییەکانمان یان هاووڵاتیەکانمان لەدەرەوەی سنوورەکان، بەتوندی وەڵامی دەدرێتەوە».

کەناڵی ئەلجەزیرە پێشتر لەزمانی یەکێک لەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە رایگەیاندبوو، دوابەدوای هێرش بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ئوردن کەکوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە، واشنگتۆن لەڕێگای وڵاتێکی سێهەمەوە کۆمەڵێک پەیامی بۆ تاران ناردووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئێران لەوەڵامی ئەمریکادا وتوویەتی، هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر ئێران وەڵامی توندی دەبێت.

ئیبراهیم رەئیسی لەدوای هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢ دەربارەی ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وتی :» ماڵپەڕی تابناک نزیک لە سوپای پاسداران دەربارەی ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نووسیویەتی :» ئەم هات و هاوارە زیاتر دروستکراوی کەسانێکی نۆکەری ئیسرائیلە لەئەمریکاو ژمارەیەک لەشارەزایانی فارسی زمان ئاگرەکە خۆش دەکەن».

سەرەنجام ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرانی دەربارەی هەڕەشەکان بۆ سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی رۆژی ٢ی شوبات لەسەردانێکدا بۆ پارێزگای هۆرمۆزگانی باشوور وتی :» زۆرجار وتوومانە ئێمە نابین بەهۆی هەڵگیرسانی هیچ جەنگێک، بەڵام ئەگەر وڵاتێکی زاڵم بیەوێت هێرشمان بکاتەسەر، کۆماری ئیسلامی وەڵامی گونجاوو بەهێزی دەبێت بۆیان».

رەئیسی هەروەها وتی :» هێزی سەربازی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکە هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و نەبووە، بەپێچەوانە هێزی سەربازی ئێمە لەناوچەکە ئاسایشی هێناوەو وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن پشت بەم هێزەو بەتواناکانی کۆماری ئیسلامی ببەستن و متمانەی پێبکەن».

سەرۆککۆماری ئێران بێ ئەوەی ناوی ئەمریکا ببات وتی :» ئەمڕۆکە دوژمن هیچ توانایەکی نییە کەدژی ئێمە بەکاری بهێنێت، لەبەرئەوەی ئەوان دەزانن هێزەکانمان چەند بەتوانان».

ئێران هێزەکانی خۆی لەسووریا کێشایەوە

رۆژی پێنجشەممە ١ی شوبات، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی ئەفسەرە باڵاکانی سوپاکەی لەسوریا کەمدەکاتەوەو زیاتر پشت بەمیلیشیا شیعەکان وهێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان دەبەستێت لەسووریا. 

رۆیتەر لەزاری پێنج سەرچاوەی جیاوازەوە بڵاویکردەوە، کەئێران بەبڕیارێکی بەپەلە ژمارەی ئەفسەرە باڵاکانی لەسوریا کەمکردووەتەوەو دەشڵێت بڕیارەکەی ئێران بۆ دوورکەوتنەوەیە لهشهڕی راستهوخۆ لهگهڵ ئهمریكا.

رۆیتەرز لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا بەئاماژەدان بەوەی کەئێران لەدوای ناکۆکییەکانی سووریا، پشتیوانی گەورەی ئەسەدەو ژمارەیەکی زۆر لەهێزەکانی لەسووریایە نووسیویەتی: ئێران نایەوێت سووریا بەجێبهێڵێت، بەڵام نایانەوێت جەنگ پەرەبسێنێت و دەشزانن بەهۆی هێرشی میلیشیاکانی سەر بەئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق  و سووریا، ئەگەری هێرش بۆ سەر ئەو گرووپانە لەلایەن ئەمریکاوە نزیکە.

هێرش بۆ سەر بەرەی بەرگری لەدێرەزوور

دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢ی شوبات، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هێرش کرایەسەر ١١ بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لهناوچهكانى مهیادین و ئهلبوكهمال سەر بەپارێزگای درێرهزوور لهسووریا . سەرەتا پێنتاگۆن و ئەمریکا رایانگەیاند هێرشەکان کاری ئەوان نەبووە. بەڵام دواتر لەگەڵ ئەوەی رایانگەیاند هێرشەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بووە، ئەوەشیان راگەیاند کەئەمە سەرەتایەو ئەمریکا لەهەموو شوێن بەرگری لەگیانی هاووڵاتییەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات.

حەشدی شەعبی لەڕاگەیاندنێکدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر بنکەکانی لەپارێزگای دێرەزوور، ١٦ کەس کوژراون و ٣٦ کەس برینداربوون.

رۆژی یەکشەممە رێوڕەسمێک بۆ بە خاکسپاردنی کوژراوەکان لەبەغدا بەڕێوەچوو و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەوتارێکدا هێرشی توندی کردەسەر ئەمریکاو لەبارەی هێرشەکەوە وتی، «ئەو تاوانە قێزەونە بەوە لەهێرشەکانی پێشووی جیادەکرێتەوە کەکردنە ئامانجێکی راستەوخۆی هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو و بەپاساوی ناڕاست و شێواوو پووچیش بارەگاکان، نەخۆشخانەو هێزەکانی لەشوێنە سنوورییەکان و لەنێو سەنگەرەکان کردە ئامانج کەئەرکی پاراستنی سنوورو پاراستنی ئەم وڵاتەو دژایەتیکردنی تیرۆریان لەئەستۆدایە.

رەخنەی میدیاکانی ئەمریکاو کۆمارییەکان لە بایدن

دوا بەدوای هێرش بۆ سەر بنکەکانی بەرەی بەرگری لەپارێزگای دیرەزوور، کۆمارییەکان رەخنەی توندیان لە بایدن گرت و وتیان، بایدن بەهەڕەشەکانی پێشتری ئێران و گرووپەکانی سەر بەئێرانی ئاگادار کردبووەوەو ئەوان بنکەکانیان جێهێشتبوو. کۆمارییەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشتر دەبوایە هێرشەکان ئەنجامبدرایە.

تەنانەت CNN لەڕاپۆرتێکیدا لەمبارەیەوە نووسیویەتی:» ئەو هێرشانە کرانەسەر بنکە چۆڵکراوەکان». کۆمارییەکان وەک رێککەوتنی نێوان ئێران و دیموکراتەکان بەڕێبەری بایدن ناویان لێبرد.

ئایا جەنگەکە دەبرێتە خاکی ئێرانەوە؟

دوای رووداوی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، یەکێک لەو ئەگەرانەی کەباس دەکرا ئەوەبوو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی راستەوخۆ ئێران بکەنە ئامانج. ئێرانییەکانیش هەستیان بەم مەترسییە دەکردو لەگەڵ ئەوەی بێبەریبوونی خۆیان لەهێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ رادەگەیاند، هەڕەشەیان کرد هەر هێرشێک بکرێتەسەر ئێران بێوەڵام نابێت.

بایدن بەئاشکرا باس لەوە دەکات ئەو نایەوێت جەنگ لەوە زیاتر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبستێنێت. بەڵام هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە پارێزراو بێت. هیچکات راستەوخۆ باس لەئەگەری جەنگ لەگەڵ ئێران نەکراوەو راستەوخۆش وەک ئەگەرێک نەخراوەتە لاوە.

جەیکووب سالیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رۆژی یەکشەممە ٤ی شوبات لەوتووێژ لەگەڵ NBC NEWS ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێرانی نەخستە لاوە.

سالیڤان دەربارەی هێرشەکانی ئەمریکا لەتۆڵەی سەربازە ئەمریکاییە کوژراوەکان وتووێژی لەگەڵ دەکرا، سێ جار لەلایەن پێشکەشکاری ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییەوە پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەگەری هێرشی بایدن بۆ سەر ئێران، هەرسێ جارەکە خۆی لەوە دوورگرت وەڵامی پرسیارەکە بداتەوەو وتی:» نایەوێت لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا، دەبارەی ئەو بژاردانەی لەبەردەستدان قسەبکات».

سالیڤان جەختی کردەوە ، سەرۆککۆمار بایدن نایەوێت جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبستێنێ، بەڵام سورە لەسەر ئەوەی وەڵامی گونجاوو بەهێز بداتەوە بەو هێرشانەی کراوەتەسەر ئەمریکییەکان.

ساڵیڤان بەئاماژە بە فەرمانی جۆ بایدن بەوەی کەوەڵامی بەهێزو جیدیان دەبێت بۆ ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئەمریکییەکان لە ئوردن وتی، ئەم وەڵامە شەوی هەینی دەستیپێکرد، بەڵام ئەمە کۆتایی نییەو هێرشی زیاتریش دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار