قسە بکە، خەڵکی کوێندەری؟

3 هەفتە لەمەوپێش



زاگرۆس هیوا

    ئەمە ناونیشانی گرتە ڤیدیۆیەکی کورتە کە تیایدا پیرەمێردێکی کوردی ٧٠ ساڵە راستی هەڵبژاردنەکان لە باکوری کوردستان بە سادەترین زمان بۆ هەموو کەسێک ئاشکرا دەکات. لەم ڤیدیۆیەدا ژمارەیکی زۆر کەسی مەدەنی لە شاری شڕناخی باکووری کوردستان کەوتوونەتە سەرەی دەنگدانەوە. پیرەمێردە کوردەکە کە دەزانێت کە ئەمانە هەموویان دەنگدەری هاوردەن و هیچ یەکیان کورد نیین بە تۆڕەییەکی زۆرەوە نزیکیان دەبێتەوە و دەیەوێت بیاندوێنێت بۆ ئەوەی کە فێڵەکەی ئاکەپە بۆ داگیرکردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان ئاشکرا بکات. بەو کەسانە دەڵێت: (Konuş, Sen Nerelisin) ئەم  کەسانە، کە دیارە سەربازن،  کڕوکپ هیچکامیان قسە ناکەن، چۆنکە کورد نیین و کوردی نازانن و تەنیا ئەرکیان ئەوەیە کە بێن لە شارێکی کوردی دەنگ بدەن بە ئاکەپە و پاشان بگەڕێنەوە بۆ شاری خۆیان لە تورکیا. بێگومان مرۆڤ هیچ کاتێک ناتوانێت ئەم ڤیدیۆیە لە کەناڵە میدیاییەکانی سەربە ئاکەپە و پارتی بارزانی ببینێت، بەڵام لە تورکیا و باکوری کوردستان کەس نەماوە ئەم ڤیدیۆیە نەبینێت کە  لە راستیدا تابلۆی راستەقینەی هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان لە جەند چرکەیەکدا وێنا دەکات. ئاکەپە تا ئێستا لە ڕێگای قەیووەمەوە (سەرپەرشت) دەستی بەسەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستاندا دەگرت. واتە، نزیکەی سەد شارەداری هەڵبژێردراوی بە زۆر لادەبرد و لە جێگاکەیان بە دڵی خۆی کەسێکی دادەنا. کاتێک کە بینی ئێدی ئەمە نایخوات و دەستی بۆ هەموو کەسێک کە مسقاڵە زەڕەیەکیش وێژدانی مابێت کەشف بووە، هات و شێوازەکەی گۆڕا. بە دەیان هەزارکەس لە سەربازەوە بگرە تا  فەرمانبەر و دەنگدەری سەر بە ئاکەپە لە پلانێکی زۆر رێکخراو و گڵاودا، رۆژێک پێش هەڵبژاردن بە فڕۆکە و پاس لە تورکیاوە گواسترانەوە بۆ باکووری کوردستان و دەنگیان بە بەربژێرەکانی ئاکەپە و هوداپار دا و هەمان رۆژ گەڕانەوە شاری خۆیان. بە پشتبەستن بەم دەنگدەرە هاوردانە ئاکەپە توانی دەست بەسەر شارەوانییەکانی شرناخ، بەتلیس و قارس و چەولیک و چەند شار و قەزایەکی دی باکووری کوردستاندا بگرێت. بەڵام سەرکەوتنی Dem Party هێندە مەزن بوو کە ئەم فێڵە نەیتوانی بەر لە شکستی ئاکەپە لە تورکیا و باکووری کوردستان بگرێت و ئەو سەرکەوتنەی کە ئاکەپە لەو چەند شارەدا بە دەنگی هاوردە بەدەستیهێنابوو ئێدی هیچ تامێکی نەما. چۆنکە ئاکەپە ئێدی لە هەموو کوردستان و تورکیا دۆڕابوو. ئەگەر ئاکەپەیەک لە کوردستاندا مابێت، تەنیا لە ڕێگەی عەسکەر و پۆلیسەوە  ماوە و شتێک بەناوی بنکەی جەماوەری و رەوایەتی بۆ ئاکەپە نەماوە و وەک بەفری بەهار هەرکوو دەچێت زیاتر و زیاتر دەتوێتەوەئەم دۆخەی کە ئاکەپە تێ کەوتووە، تایبەت نییە بە کوردستان. ئاکەپە پاش ٢٢ ساڵ لە حوکمڕانی و وێڕای بەکارهێنانی هەموو دەرفەت و ئیمکانیاتی دەوڵەت لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا زۆرینەی لە تورکیا لە دەست دا و کەوتە پاش جەهەپە. زۆر کەس شرۆڤە بۆ ئەم دۆخەی ئاکەپە دەکات. بۆ وای لێهات؟ نهێنی وەڵامی ئەم پرسیارە لای کوردە و پێویست دەکات بۆ وەڵامەکەی تۆزێک بۆ مێژووی ئاکەپە لە ناو تابلۆی سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بگەڕێنیەوە.

 

دەوڵەتی قووڵی تورکیا و هێزی گلادیۆی ناتۆ کاتێک کە بینییان تەنیا بە پشتبەستن بە گوتاری نەتەوەپەرستی  دەوڵەت باخچەلی  یان سۆسیال دیمۆکراتی بولەنت ئەجەویت ناتوانن بزاڤی ئازادیخوازی کورد لە ناو ببەن و پارادایمی فکری ڕێبەر ئاپۆ بێکاریگەر بکەن، بڕیاریاندا کە پارتێکی بە ڕواڵەت ئیسلامی بە ڕواڵەت دیمۆکرات و لیبەراڵ دروست بکەن کە  بتوانن بە پشتبەستن بە گوتاری ئیسلامی لە لایەکەوە سەرنج و سۆزی زۆرینەی کورد بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، بە پشت بەستن بە شرۆڤەیەکی ناڕاست لە دین ناسنامەی مێژویی و کەلتووری و نەتەوایەتی بسڕنەوە  و لایەکی دیکەشەوە بە ئۆپەراسیۆنی لەشکری گەریلا و هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە ناو بەرن. ئەمە پلانێکی هەمەلایەنە و فرەڕەهەندی جینوسایدی کورد بووهەربۆیە ئەردۆغانیان ئەرکدار کرد و ئەم کەسە بەرلەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن بکات، هەڵبژێردرێت، یان هیج فەرمییەتێکی حکوومی هەبێت لە کۆشکی سپی و لە لایەن جۆرج بۆشی کوڕەوە میوانداری لێکرا. پاشان بە سیناریۆیەک دەوڵەت باخچەلی لە حکوومەتەکەی ئەجەویت پاشەکشەی کرد و رۆخاندی. هەر بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختە کرا و ئاکەپە حکوومەتی گرتە دەستبە درێژایی ئەم ٢٢ ساڵە هەموو ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا، واتە میراتگرەکانی پەیمانی لۆزان،  بۆ ئەوەی کە تێکۆشانی ئازادیخوازی کورد پاکتاو بکەن، هەموو جۆرە پشتگیرییەکیان پێشکەشی ئەردۆغان کرد،  بۆ ئەوەی ئەردۆغان ئەم ئەرکەی خۆی بە سەرکەوتوویی پێک بهێنێت گڵۆپی سەەوزیان بۆ پێ خست و چ پەڵپ و بیانۆیەکی گرت پەسندیان کرد. ئەویش هەموو ڕێ و ڕێبازێکی تاقی کردەوە. داعشی دروست کرد و بەخێوەی کرد، سوریا و عێراقی پێی خەڵتانی خوێن کرد، رۆژئاوا و باشوری کوردستانی داگیر کرد. کەس نەیگوت بۆ وا دەکەی. ئەوەتا رووبەرێکی  زیاترلە  خاکی لوبنانی  لە عێراق و باشوری کوردستاندا داگیرکردووە کەس لە دژی ناوەستێتەوە، بە زەبری ئەمریکا دەوڵەتی عێراق بێدەنگی ڵی کردووەهەموو رۆژێک لە باشور و رۆژئاوای کوردستان بە درۆن کورد دەکوژێت، کەس ئیدانەی ناکاتبەدەیان هەزار کوردی لە زینداندا بە بارمتە گرتووە، کەس پێ ناڵێت ئەمە بێ عەداڵەتییە. ٢٦ ساڵە ڕێبەر ئاپۆی لە دوورگەی ئمیرالیدا وەک بارمتەیەکی سیاسی راگرتووە و ئەوە سێ ساڵە هیچ هەواڵێکی لێ نازانرێت، کەس هەڵوێستێکی جیددی لە بەرامبەردا وەرناگرێت. خاوەن و میراتگرەکانی لۆزان ئەم ئەرکەیان داوە بە ئەردۆغان و بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەرکە ئامادەن هەموو تاوانەکانی ئەردۆغان پەردەپۆش بکەن. ئەگەر منگە منگێکیش بکەن تەنیا بۆ ئەوەیە کە خۆڵ لە چاوی ڕای گشتی بکەن.

 

ئەردۆغان بۆ ئەوەی کە ئەم ئەرکەی خۆی پێک بێنێت، هەموو سەرچاوەی ئابووری تورکیای بەکار هێنا. ئێستا زۆر شرۆڤەکاری سیاسی کاتێک کە باسی هۆکارەکانی شکستی ئەردۆغان دەکەن لە هەڵبژاردنە خۆچییەکاندا، دۆخی ژیان و ئابووری خەڵک وەک هۆکاری سەرەکی نیشان دەدەن. بەڵام ئەم شرۆڤەکار و چاودێرانە کە لە خوا بە زیاد بێت هەموویان دوکتۆر و پرۆفیسۆر و لێکۆڵەرن، خۆیان لە قەرەی پرسێکی سەرەکیتر نادەن. چۆنکە نایانەوێت نانی خۆیان ببڕن. پرسەکەش ئەوەیە کە ئابووری تورکیا بۆ تووشی دۆخێکی وەها هاتووە؟ مەگەر تورکیا ئەندامی G-20 نییە و یەک لە ٢٠ وڵاتی هەرە مەزنی ئابووری  جیهان نییە؟ مەگەر دەسەڵاتدارانی تورکیا لە هەموو کۆبوونەوەکانی داڤۆس و ناتۆ و میونیخ بەشدار نین؟ مەگەر بەردەوام لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی قەرز وەرناگرن؟ مەگەر سەرمایەی چی دەوڵەتی خەلیجی هەیە، ناچێتە تورکیا؟مەگەر هەر ساڵە و ئەمیرێکی خەلیجی بە ملیاران دۆلار ناداتە ئەردۆغان؟  مەگەر ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە روو لە تورکیا ناکەن؟ مەگەر هەموو سەرچاوەی ئاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (دیجلە و فورات) لە تورکیا نیین؟ مەگەر تورکیا پردی بازرگانی نێوان ئەوروپا و ئاسیا، و رۆسیا و ئەفریقیا نییە؟ مەگەر شتومەکی تورکی بازاڕەکانی روسیا و ئەوروپا و عێراق و هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەتەنیوە؟  ئەی بۆ لیرەی تورکی هەر رۆژە و هاڕە دەکات؟ ئەی بۆ خەڵکی تورکیا هەر دەچێت هەژارو هەژارتر دەبن و گەنجەکانی تورکیا لەبەر بێکاری روو لە هەندەران دەکەن؟ ژمارەی ئەو خەڵکانەی کە لەبەر هەژاری و نەداری خۆیان دەکوژن، هەموو ڕۆژێک لە زیادبووندایە.   ئەی بۆ بەهای یەک دۆلار ٣٢ ملیۆن  لیرەی تورکییە؟ (ئەوەی کە ئێستا پێی دەڵێن یەک لیرەی تورکی لە بنەڕەتدا ١ ملیۆن لیرەوە، بۆ ئەوەی زیاتر ئابڕوویان نەچێ، شەش سفرەکەیان لابردووە).

ئەم پرسانە هەموو ئەو ڕاستییانەمان پێ نیشان دەدەن کە ئەردۆغان ئەم هەموو ئابووری و داراییە لە شتێکی دی دا خەرج دەکات. بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگاییەکی لێکۆڵینەوەی بریتانی(Democratic Progress Institute ) تورکیا تا ساڵی ٢٠٢١  سێ تریلیۆن و ٦٣٠ ملیارد دۆلاری لە شەڕی دژ بە کورددا سەرف کردووە. ئەگەر تێچووی ئەم ئۆپەراسیۆنانەی سێ ساڵی دوایی بگرینە بەر چاو، دەتوانین بڵێین کە ئەم بڕە پارەیە ئێستا خۆی لە ٥ تریلیۆن دۆلار نزیک کردۆتەوەکاتێک کە لە ئەردۆغان دەپرسن "پیاز بۆ گران بووە؟"، لە وەڵامدا دەڵێت "دەزانن گولە تۆپێک بە چەندە؟" ئەو گولە تۆپانە لە کورد و کوردستان نەبێت، لەکێ و لەکوێ دەکەوەن؟ واتە بە ئاشکرا دەڵێت کە هەموو ئابووری و پارەی تورکیا خەرجی کڕینی گولە تۆپ و چەک و تەقەمەنی دەکەم بۆ ئەوەی کە کوردی پێ کۆمەڵکوژ کەم و نیشتمانی کوردان داگیر بکەم. ئەردۆغان بۆ ئەوەی کە ئەم ئەرکە پێک بێنێت هێنراوەتە سەر دەسەڵات. ئەو شەوەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و شکستی ئەردۆغان ڕاگەیەنرا، ئەردۆغان بە شەوی نیوەشەو کۆبوونەوەیەکی جەماوەری سازکرد و تیایدا باسی سووربوونی خۆی کرد لە سەر درێژەپێدان بە داگیرکردنی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان. لێرەدا ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە "ئەنجامی هەڵبژاردن هەر چ بێت، من هەر لە سەر ئەو ئەرکە بەردەوام دەبم کە بۆی ڕاسپێردراوم.”  

 

بە لەبەر چاو گرتنی ئەم ڕاستییانە دەتوانیین بە ئاسانی ئەم خاڵە دەستنیشان بکەین کە خۆڕاگری کورد لە بەرامبەر هێرش و پەلامار و ستەمی ئەردۆغان هۆکاری سەرەکی تێکچوون و دۆڕانی ئەردۆغانە. ئەم خۆڕاگرییەش لە هەندێ ناوەندا چڕ بوونەتەوەلوتکەکەی لە ئیمرالییە کە ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵ و دوو مانگە(واتە،تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە نۆ هەزار و سەد و هەشتا و دوو  رۆژی تەواوە) لە بەرامبەر هەموو ئەشکەنجە و گوشارێکی دەوڵەتی تورکیا و سیستەمی نادادی ئەوروپا خوڕاگری دەکات و ڕامان و ئیرادەی ئازادی خۆی پاراستووە و بۆتە سەرچاوەی هێز و ورە بۆ گەلی کورد و هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز. ناوەندێکی دیکەی خۆڕاگری چیاکانی کوردستانن کە ئێستا لە هەرێمەکانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشین گەیشتوونەتە لوتکە. گەریلای ئازادی کوردستان لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٣وە لەناو دژوارترین هەل و مەرجدا ئۆپەراسیۆنی زۆر سەرکەوتووانەی لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا ئەنجامدا و ئەوەی سەلماند کە ئیرادەی خۆڕاگری و گیانی هەڵمەت و هێرش دەتوانێت بە سەر هەموو تەکنیک و چەکی پێشکەوتوودا زاڵ بێت و چۆک بە سوپای سوڵتاندا بهێنێت. دیمەنی ڕاماڵینی بنکە و بارەگای سوپای داگیرکەری تورکیا ورەی بەخشی بە هەموو گەلی کوردستان و ترس و دڵەڕاوکێ خستە ناو سیاسەت و سوپای تورکیا. ئەو درۆنەی کە ئەردۆغان بە شان و باڵیدا دەهات و وەک قەڵەڕەش  ئاسمانی کوردستانی تەنیوە، بەرەبەرە دەکەوێتە  ژێر پێڵاوی گەریلا. گەریلا توانی بە پشتبەستن بە هێز و ئیرادەی داهێنەرانەی خۆی بۆ جاری یەکەم لە مێژووی کورددا چەکی دژە فڕۆکە دروست بکات و وەک مزگێنی نەورۆز پێشکەشی گەلی نیشتمانپەروەری بکاتگەلی کورد بەو ورەیەی کە لە خۆڕاگری ئیمرالی و لە خۆڕاگری گەریلا وەریگرت، نەورۆزی کردە لووتکەی گوزارشتکردن لە ئیرادەی خۆی و بە شێوەیەکی شکۆدار لە قەندیلەوە بگرە تا لوڕستان و ئیلام و ماکۆ و حەلەب و کۆبانێ و ئامەد و ئەستەنبوول و ئەوروپا، لە هەموو کوردستاندا پیرۆزی کرد و بە ملیۆنان کەس بەشدارییان لەم پیرۆزباییانەدا  کردئەمانە هەموو بەردی بناخەی سەرکەوتنی کورد و دۆڕاندنی ئەردۆغان بوون لە هەڵبژاردنەکاندا. دەم پارتیش رۆژەڤی خۆی لە گەڵ ڕۆژەڤی گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات کردە یەک. واتە هەڵگرتنی گۆشەگیری دژواری سەر ئیمرالی و ئازادی جەستەیی  ڕێبەرئاپۆ و لە سەر ئەم بنەمایەش چارەسەری دیمۆکراتییانەی کێشەی کوردی وەک ئارمانجی بنەڕەتی خەباتی خۆی دەستنیشان کرد.

 

دەم پارتی لە سەر ئەم بناخەیە دوو ستراتیژی داڕشت. یەکەمیان ستراتیژی هاوپەیمانی لە گەڵ هەموو چین و توێژەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان لە باکوری کوردستان بوو. دووەمیشیان ستراتیژی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە جەپ و دیمۆکراسیخوازەکان لە سەرتاسەری تورکیا بوو. وەکو پێویستییەکی یەکەم ستراتیژ هەموو بەربژێرەکانی شارەوانییەکان بەرلەوەی کە بکەونە هەڵبژاردنەوە، سەرەتا لە پرۆسەیەکی پێش-هەڵبژاردن لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردران. واتە، بەربژێرەکان لە لایەن ناوەندێکەوە دیاری نەکران، بەڵکا بە کۆبوونەوەی جەماوەری گەل و بە دەنگدان دیاری کران. ئەمە هەمان ڕێبازی دیمۆکراسی راستەڕاستە. هەربۆیە هەموو چین و توێژەکان لە بەربژێرەکان بە خاوەن دەرکەوتن.

ستراتیژی دووەمیش لەسەر بنەمای ئەوە بوو کە هاوپەیمانی خۆجێیی هەمە ڕەنگ لە ئاست یەک بە یەکی شارەکانی تورکیا لەگەڵ هێزە چەپ و دیمۆکراسیخوازەکان بونیاد بنرێت. ناوی ئەم ستراتیژە "سازانی شار" بوو. واتە، لە جیاتی ئەوەی کە بۆ هەموو شارەکانی تورکیا یەک مۆدێل هاوپەیمانی پەیڕەو بکرێت، بە گوێرەی تایبەتمەندی هەر شارێک لە گەڵ هێزە چەپ و دیمۆکراسیخوازەکانی ئەو شارە هاوپەیمانی تایبەت دروست کرا. لێرەدا دەم پارتی وەک هێڵی سێهەمی سیاسەتی تورکیا بۆ هەموو شار و شارۆچکەیەی بەربژێری خۆی هەبوو، بەڵام بۆ هاوپەیمانی و کۆدەنگی لە گەڵ ئەو لایەنانەی کە دژی فاشیزمی ئەردۆغان و باخچەلی بوون داخراو نەبوو. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لە ئاست هەموو تورکیادا هاوپەیمانییەکی سەرتاسەری دژە-فاشیزم بونیاد نرا کە توانی پاشەکشە بە فاشیزم بکاتدەم پارتی هەروەها ئازادی ڕێبەر ئاپۆ وەک بنەمای سەرەکی سیاسەت و تێکۆشانی خۆی دیار کرد

ئەگەر ئەم ستراتیژەی سیاسەتی دیمۆکراتی کورد نەبایە، نەدەتوانرا پاشەکشە بە سیاسەتی فاشیستی ئەردۆغان بکرێت. هەربۆیە ئەردۆغان دەمودەست لە پاش هەڵبژاردن وەکو تۆڵە کردنەوەیەک لە کورد، لە ژێرناوی چەند فێڵێکی یاسایی، قەیوومێکی بۆ شارەوانی وان دیار کرد و شارەداری هەڵبژێردراوی لەکار لادا. بەڵام ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان کاردانەوەیەکی مێژویی گەلی وان، گەلی باکووری کوردستان و هێزە دیمۆکراسیخوازەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنا. گەلی کورد لە هەموو شارەکانی باکووری کوردستان لە ئیرادەی گەلی وان بە خاوەن دەرکەوتن. ڕای گشتی تورکیاش بە چاوی خۆیان بینییان کە ئەمە نادادییەکی رەهایە و هیچ پاساوێکی نییە. هەربۆیە بە پێشەنگایەتی هێزە چەپ و دیمۆکراسیخوازەکان، ئەوانیش لە ئیرادەی گەلی وان بە خاوەن دەرکەوتن و پشتگیری خۆیانیان بە شێوازی جۆراوجۆر نیشان دا. ئەم شەپۆلەی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی و پشتگیرییە وایکرد کە فاشیزمی ئەردۆغان پاشەکشە بکات و شارەوانی جارێکی دی ڕادەستی خاوەنە ڕاستەقینەکەی بکاتەوە. ئەمە وایکرد کە گەل لە هەموو باکووری کوردستان ئەم سەرکەوتنە بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە پیرۆز بکات. گەل لە ناو سێ ڕۆژدا دوو سەرکەوتنی مێژویی مەزنی تۆمار کرد. یەکەمیان، بەدەست خستنی زۆربەی زۆری شارەوانییەکانی باکور، دووەمیشیان، سەرکەوتن لە تێکۆشان لە دژی داگیرکردنی شارەوانی وان لە لایەن فاشیزمی ئەردۆغانەوە.

 

ئەم دوو سەرکەوتنە ڕاستییەک دەسەلمێنن. سەرکەوتن لە هاوپەیمانی دیمۆکراتیدایە. چاپەمەنی گرێدراوی ئاکەپە و پارتی بارزانی هەموو هەوڵدانیان بۆ ئەوەیە نەهێڵین کورد لە گەڵ لایەنە دیمۆکراسیخوازەکان هاوپەیمانی بکات، لە گەڵ گەلانی دی هاوپەیمانی بکات. بەتایبەت دوای ئەوەی کە ئەردۆغان و ئاکەپە بە هەزار فێڵ و حیلە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و پەرلەمانی پاردا سەرکەوتن، ئەم چاپەمەنیانە هەموو هێرشێکیان کردە سەر سیاسەتی دیمۆکراتی کورد لە باکور کە گوایە هاوپەیمانی لەگەڵ چەپەکان هۆکاری پاشەکشەی دەنگی کورد و هەدەپەیە، کە گوایە هاوپەیمانی لەگەڵ ئازادیخواز و دیمۆکراتیخوازی تورک هۆکاری پاشەکشەی دەنگی کورد و هەدەپەیە. لەکاتێکدا پێچەوانەکەی ئەمە ڕاست بوو، ئەگەر دەنگی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ کەمی کرد لە بەر ئەوەبوو کە گرنگییی پێویستی بەم هاوپەیمانی لەگەڵ گەلان و هێزە چەپ و دیمۆکراسیخوازەکانی تورکیا نەدرابوو. بە ڕاست کردنەوەی ئەم هەڵەیە کورد زۆبەی شارەوانییەکانی باکووری کوردستانی لەناو چنگی قەیوومەکانی ئەردۆغان دەرهێنایەوە و وایکرد کە لەکاتی داگیرکردنی شارەوانی وان هەموو تورکیا لە کورد بە خاوەن دەرکەوێت.

 

هەڵبەت پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین کە رژێمی فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلی مڵازی تۆڵەکردنەوەیان داوە و هەروا زوو دەستبەرداری سیاسەتی کوردکوژی نابن. هەربۆیە پێویستە هەموو کەسێک لە دژی گێرەشێوێنیەکانی ئەردۆغان وریا بێت. لەبیرمان نەچێت کە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥دا هەمان شتی بە سەر هات. ئەو کاتە بۆ تۆڵە کردنەوە داعشی بانگ کرد و لەناو شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا (ئامەد، ئادیامان، ئورفا، مێرسین، ئانکارا) چەندین تەقینەوەی خۆکوژییان ئەنجام دا و بەسەدان کەس شەهید کرانهەروەها پاش مانگێک، ڕێک لە ساڵڕۆژی پەیمانی لۆزاندا، پرۆسەی ئاشتی تێکدا و شەڕێکی سەرتاسەری دەستپێکردەوە کە تا ئێستا بەردەوامە. لە خۆیدا یەکەم پەیامی ئەردۆغان لە پاش هەڵبژاردنەکانی پار و ئەمساڵیش، شەڕ و ئۆپەراسیۆن بوو لە دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردستان.

 

ئەردۆغان ئێستا دەبینێت کە خۆی لە هەڵبژاردندا شکستی خواردووە و هاوپەیمانەکەشی لە باشوری کوردستان لە ترسی شکست هەڵبژاردنی بایکۆت کردووە. هەربۆیە بۆ ئەوەی کە هەم خۆی و هەم هاوپەیمانەکەی لەم قەیرانە ڕزگار بکات، هیچ ڕێگایەکی لەبەردەمدا نەماوە جگە لە شەڕ. لێرەدا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هەموو هێزێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز لە عێراق و باشوری کوردستان کە بە هەموو شێوازێک رووبەرووی ئەم سیاسەتەی ئەردۆغان ببنەوە. ئەمە چۆن مەیسەر دەبێت؟ ناونیشان لە وانی باکوری کوردستانە، ڕەمزی سەرکەوتن بەرخودانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار