کۆمسیۆن: بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکانمان گۆڕی

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بریاریدا بەڕێوەبردنی ئۆفیسی‌ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر بگۆرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی گشتی و گرێنتی دان و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی کارەکان مەروان محەمەد وەک بەڕێوەبەری نوێی ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی هەولێر دیاریکرا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ڵێت: (مەروان محمد صالح) بۆ بەڕێوەبردنی ئۆفیسی‌ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر، لەشوێنی (حەیدەر محمد ئەکرەم محمد تۆفیق) راسپێدراوه‌.

باس لەوەش کراوە، ئەو هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤دا. 

له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان  دوو ملیۆن و 888 هه‌زار و 162 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌شدا، دوو ملیۆن و 672 هه‌زار و 43 كه‌س له‌ ده‌نگدانی گشتی و 216 هه‌زار و 119 كه‌سیش له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌نگ ده‌ده‌ن.

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دیاریكردووه‌ و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقیش ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ده‌ستپێكردووه‌. هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەڕێز (مەروان محمد صالح)ی ڕاسپارد بۆ بەڕێوەبردنی ئۆفیسی‌ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر، لەشوێنی بەڕێز (حەیدەر محمد ئەکرەم محمد تۆفیق).

ئەم ڕاسپاردنە لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی گشتی و گرێنتی دان  و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی کارەکان لە نێوان کارگێڕی و بەرپرسانی هۆبەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکە ئەنجام درا، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار