ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاوکرایەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کرا بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە کە تیادا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانێکی گرنگ بوو و کاریگەریشی لە سەر پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دەبێت".

ئاماژە بەوەکراوە، "لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتێکی لە بارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو بۆ مووچەی مانگی نیسان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە، چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت، دواتر، وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانکار ئامادە کرابوو، چەند میکانیزمێکی خستەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەک دەستپێشخەری حکوومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێک کە بابەتی داهاتەکان، نەبێتە رێگر لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە، "نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم؛ هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەست هاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدراڵ".

سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێميش، ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، "ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حکومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت.. لە مێژە وەک لە کارنامەی کابینەکەدا هاتووە، بە کردارەکیی پرۆسەی بەبانکیکردن (تەوتین) لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەست پێ کراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی و برەودان بە چالاکیی بانکیی و روونی لە چالاکییە داراییەکان وسوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەری دەکەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە، ئەم بابەتەش شایەنی چارەیە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ڕێگەی ئەو بانکە باوەڕپێکراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) کە گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندییان جێبەجێ کردووە و حکوومەتی هەرێم تەنيا رۆڵی ئاسانکاریی دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەکە، بانکە ڕێپێدراوەکان جێبەجێی دەکەن کە هەندێکیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارن".

لەبارەی بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەری ڕێکەوتبووین کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدراڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزا کراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان.

لە بەرامبەر ئەم پابەندییانەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە کارئاسانیی بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان (پێشینەکانی خانووبەرە، كشتوكاڵی ، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری)، هەروەها پەسەندکردنی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە یەکلاكردنەوەی قەرزی بانکە بازرگانییەکان و بابەتی ڕێژەی سوودی بانکیی سەر ئەم قەرزانە و ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە بە گوێرەی یاسای چاکسازی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد کە پێداچوونەوەی پێویست بکات لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارانەی لە کۆبونەوەکە خرانە ڕوو، لەگەڵ پۆڵێنکردنی پێشینەکان، بەجۆرێک کارئاسانیی پێویست بکرێت بۆ هاووڵاتیيان کە ڕەچاوی پاراستنی بەرژەوەندیی گەنجینەی گشتی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی بکرێت.

لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی پەیڕەوی ( پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردنی لە بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد، کە ئامانج لەم پەیڕەوە، پۆلێنكردنی بەڵێندەرانە لە هەرێم، بەپێی پێوەرە کار پێ کراوەکان لە بواری پسپۆریی و توانا و لێهاتوویی تەکنیکی و دارایی و دوورخستنەوەی بەڵێندەری نالێهاتوو كە توانا و كارامەیی نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان، هەروەها مسۆگەركردنی هێنانەكایەی دادوەریی و ڕوونیی لە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژەکان و بێبەشکردنی ئەو بەڵێندەرانەی کە پابەندییەكانی گرێبەست پێشێل دەکەن لە بەشداریی گرێبەستە حكومەتییەكاندا.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار