میدیای ئەمریکی: ئیسرائیل ئەو شوێنانە بۆردوومان دەکات کە خۆی وەک ناوچەی سڤیلنشین دیاریکردبوون

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، ستۆکهۆڵم

میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل لە باشووری غەززە ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات کە رایگەیاندبوو لە هێرشەکانی ئەوان پارێزراون و هاووڵاتیان دەتوانن تێیاندا بمێننەوە.

ژمارەی هێرشەکان 7 هێرشی ئاسمانی بوون کە لە نێوان کانوونی دووەم بۆ نیسانی ئەمساڵ بۆ سەر کەمپی رەفحە بە فەرمانی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کراون کە ئێستا لانیکەم یەک ملیۆن ئاوارەی تێدا نیشتەجێن. تۆڕی میدیایی ئێن بی سی ئەمریکی دەڵێت، ئەنجامی تەواوی ئەو حەوت شەڕەیان لە کامێراکانیانەوە تۆمارکردووە کە شەشیان لەسەر کەمپی رەفحە بوون و ئەوی دیکەش لە بەشی باشووری کامپەکەوە بووە لە ناوچەی مەواسی، کە بە هەمان شێوە ئیسرائیل لە پێشووتردا گوتبووی هێرش ناکاتە سەریان.

میدیاکە دەڵێت، تەواوی ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون لە چوارچێوەی ئەو نەخشەیەدان ئیسرائیل لە 1ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بڵاویکردووەتەوە و بە ناوچەی دژە شەڕ و مرۆیی ناوی بردوون. گوایە کە دوای ئەو هێرشانەش پرسیاریان لە سوپای ئیسرائیل لەبارەی ناوچە مرۆییەکانەوە کردووە، سوپاکە رایگەیاندووە، وەک خۆیان ماونەتەوە. ساری باشی، بەڕێوبەری هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکان تەنیا هۆکاری مردنی خەڵکی سیڤیلی غەززە نین، "خەڵک تەنیا بەسەر ئەو شەقامانەدا هاتووچۆ دەکەن کە حکومەت پێی گوتوون سەلامەتە، بەڵام کاتێک دەچنە سەر ئەو شەقامانە، دەکوژرێن".

بەرپرسانی تەندروستی غەززە باس لەوە دەکەن، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی شەڕەکەدا 34 هەزار هاووڵاتی سڤیل لە غەززە کوژراون. شەڕەکە لە دوای ئەوە دەستیپێکرد، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 هاووڵاتی سیڤیلی کوشت و 240 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت.

حکومەتی ئیسرائیل بەڵێنی داوە حەماس بە تەواوی لەناوبەرێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێت دەبێت تەواوی رەفحە داگیربکات. ئیسرائیل لۆمەی حەماس دەکات بۆ جموجووڵ لە نێو هاووڵاتیان و خەڵکی سڤیل و خۆ جیانەکردنەوە لێیان و هاندانی خەڵک بۆ چۆڵنەکردنی ئەو جێگایانەی ئیسرائیل داوای چۆڵکردنیان دەکات.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، "بە هەموو جۆریک دژی حەماس دەوەستینەوە لە هەر شوێنێک شەڕ بکەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار