پارتی لەرێگەی جەعفەر ئیمینكیەوە داوای كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەگۆڕان دەكات‌

pdk gorann

ئاوارە حەمید

پارتی دیموكراتی كوردستان، بەفەرمی داوای كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەگۆڕان دەكات‌و نەرمی نیشانداوە بەرانبەر بزوتنەوەكە كە تائێستاش جەختدەكاتەوە لەسەر داواكانی پێشوی، ئەوەش بەوتەی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان.

دوێنێ یەكشەممە، جەعفەر ئیمنیكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان (پارتی) لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان كۆبویەوە، ئەوەش یەكەم كۆبونەوەی لەوشێوەیە لەدوای ئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حزبە كە زیاتر لەچوار مانگە بەردەوامە، بەهۆی بڕیاری پارتی بۆ دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لەحكومەت‌و رێگری لەسەرۆكی پەرلەمان بۆ گەڕانەوەی بۆ هەولێر لە 12ی مانگی 10 ساڵی رابردوو.

مونیرە عوسمان، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان‌و بەشداربوی كۆبونەوەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد، جەعفەر ئیمینكی پەیامێكی نوێی پێ نەبوو، بەڵكو داوای كۆبونەوەی پارتی‌و گۆڕانی كردو جەختیكردەوە، پارتی رایوایە دەبێت بەدووقۆڵی دابنیشن‌و كێشەكانی نێوان هەردولا چارەسەر بكرێت.

وتیشی “هەردولا پێمانوابوو دەبێت دۆخی چەقبەستوی هەرێم ئاسایی بكرێتەوە، داوامانكرد كۆی پرسەكانی هەرێم دوای گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان موناقەشە‌و گفتوگۆی لەسەر بكرێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش بەهیچ شێوەیەك باسی نەگەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی نەكرد بۆ هەولێر”.

جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە هاوكات وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە زیاتر لەچوار مانگە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان بەكاردەهێنێت، لەوكاتەوەی بەبڕیاری حزبەكەی رێگریكرد لەگەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر.

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان جەختیكردەوە، لەكۆبونەوەیان لەگەڵ جەعفەر ئیمینكی نەرمی نواندنی باشیان بینیوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ئیمنیكی هەروەها داوایكردوە متمانە بگەڕێتەوە نێوان هەردولا.

جەختیشیكردەوە، ئەوان وەكو فراكسیۆنی گۆڕان جەختیان لەهەڵوێستی فەرمی بزوتنەوەكەیان كردوەتەوە، كە دەبێت زەمینەسازی بكرێت بۆ گفتوگۆ.

بەوتەی مونیرە عوسمان، لەكۆبونەوەكەدا هەردولایان هاوڕابون كە هاوڵاتیانی هەرێم ماندون‌و با لەوەزیاتر ماندو نەبن، هەروەها دۆخی هەرێم ئاسایی بكرێتەوە‌و بەرنامەیەكی چڕوپڕ بۆ باشتركردنی دۆخی هەرێم دابنرێت.

كۆبونەوەكەی نێوان جەعفەر ئیمینكی‌و فراكسیۆنی گۆڕان، دوای بێ ئەنجامی هەوڵەكانی كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و حكومەت دێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و حكومەت، كە بەهۆیەوە یەكگرتووی ئیسلامی لەكۆمیتەكە كشایەوە.

2 thoughts on “پارتی لەرێگەی جەعفەر ئیمینكیەوە داوای كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەگۆڕان دەكات‌

  1. جاوتان روون پارتى نه رمى رواندوه، به راستى عيبه بوتان ئه م قه سيه ئه كه ن پارتى به ئاره زوى خوى ياريتان پى ئه كات

  2. پارتی ده یه وێت له گه ڵ گوڕان دانیشن وه عد بده ن که سه رۆکی په ڕله مان دکتور یوسف وه ک سه رۆک په رله مانه بێ ده سه ڵاته کانی پێش خۆی ده کات و چی تر باسی سه رۆک و بنه ماڵه ناکات. با بگه ڕێته وه. به پێچه وانه وه ڕازی نابن چونکه پارتی دوای ڕزگارکردنی شاره کان به ده ڕۆژ هاته وه سه ر حازری یه کیه تی خستیه سه ر شانی خۆی تاوای لێهاتوه یه کیه تی ئاشبێری فزه بکات به رامبه ری…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *