ئاوارەکانی ١6ی ئۆکتۆبەر داوای گرەنتی دەکەن بۆ گەڕانەوەیان

بەرپرسان دەڵێن نەگەڕانەوەی ئاوارەکان دەبێتە هۆی سڕینەوەی ئاسه‌واری کوردبوون لە کەرکوک و داقوق و خورماتوو

ئاوارەکانی خورماتوو لە کەمپی سورداش، فۆتۆ: ڕێباز مەجید

6 ساڵ لەمەوپێش



سەروەر خەلیل

دوای دهیان ساڵ ئاوارهبوون، فهرمان لهساڵی 2004 گهڕایهوه سهر زێدی خۆی لهشاری کهرکوک و دهستی کرد به بونیادنانهوهی ژیانی، بهڵام لهگهڵ کشانهوهی پێشمهرگه لهناوچه جێناکۆکهکان و هاتنی هێزه عێراقییهکان بۆ ئهو ناوچانه، ئهو جارێکی تر ئاواره بووهوهو بهرههمی ماندووبوونی 14ی ساڵی رابردووی لهدوای خۆی جێهێشت.

ههرچهنده لهئێستادا ژمارهیهکی زۆری هاوڵاتیانی کوردی کهرکوک لهشارهکهدا ماون، بهڵام فهرمان و ههزاران خێزانی تر بههۆکاری جیا جیا شارهکهیان جێهێشتووه و ئامادهنین بگهڕێنهوه، چونکه وهک خۆیان دهڵێن «تائێستا مهترسییهکانی سهر ژیانیان لهکهرکوکدا نهڕهوینهتهوه«.

بهپێی ئامارێکی لقی سلێمانی وهزارهتی کۆچ و کۆچبهرانی عێراق لهدوای رووداوهکانی 16ی ئۆکتۆبهرهوه زیاتر له ١٩ هەزار خێزانی کهرکوک و دووز خورماتوو ئاوارهی پارێزگاکانی سلێمانی و ههڵهبجه بوون، بهڵام لهئێستادا پێنج هەزار خێزانیان لهو دوو پارێزگایه ماون و ژمارهکهی تر گهڕاونهتهوه.

چیا حوسێن بهرپرسی لقی سلێمانی وهزارهتی کۆچ و کۆچبهرانی عێراق دهڵێت «ورده ورده خهڵک گهڕاونهتهوه بهڵام ئێستا نزیکهی پێنج ههزار خێزان لهو سنووره ماونهتهوه و که زۆرینهیان خهڵکی دووز خورماتوو و داقوقن، لهو ژمارهیهش نزیکهی هەزار خێزانیان خهڵکی کهرکوکن، ههرچی ناوهندی کهرکوکه سهرهتا ترسێکی نهتهوهیی ههبوو، دواتر که ترسهکه رهوییهوه خهڵکهکه گهڕانهوه سهر کارهکانی خۆیان».

بهپێی ئهو داتایانهی دهست هاوڵاتی کهوتوون لهئێستادا شەش هەزار و ١٠٠ خێزانی کهرکوکی لهنوسینگهی ههولێری کۆچ و کۆچبهرانی ههولێر تۆمارکراون و نهگهڕاونهتهوه سهر زێدی خۆیان.

ئهڵماس فازڵ بڕیاردهری ئهنجومهنی پارێزگای کهرکوک که هاوکات یهکێکه لهکاندیده دهرچووهکانی یهکێتی بۆ ئهنجومهنی نوێنهران، جهخت لهوه دهکاتهوه که داتایهکی ورد لهبهردهستدا نییه بۆ زانینی ژمارهی ئهو خێزانانهی لهدوای 16ی ئۆکتۆبهرهوه ئاواره بوون و تائێستا نهگهڕاونهتهوه کهرکوک، بهڵام وهک خۆی دهڵێت «ئهگهر ژماره کۆنهکان مابن ئهوه ژمارهکه مهترسیداره«.

ئهڵماس نههاتنهوهی ئهو خێزانانه بهمهترسیدار دهزانێت و دهڵێت «ئهوه دهبێته هۆی ئهوهی که خهڵکی تر لهشوێنی ئهو خێزانانه نیشتهجێ بن و ئاسهواری کوردبوون بسڕدرێتهوه، بهشێکی زۆری ئهو هاوڵاتیانهش فهرمانبهرن و بهو هۆیهوه خهڵکانی تر دهخرێنه شوێنهکانیان».

ئهگهرچی تائێستا ئهو خێزانانه پێیانوایه که لهئهگهری گهڕانهوهیاندا بۆ کهرکوک مهترسییهکانی سهر ژیانیان زیاتر دهبن و بهڵام بهوتهی ئهڵماس زۆرێک لهو خێزانانه بهبڕیاری سیاسی شارهکهیان جێهێشتووه، ئهو دهڵێت «من نازانم، ئایا ئهو خهڵکهی لێرهن ههموویان کڵاویان کراوهتهسهر؟ ئایا دهستدرێژی کراوهته سهریان؟ ئهگهر وایه دهبێت ههموومان شارهکه جێبهێڵین، راسته حاڵهت ههبووه بهڵام تۆ لهعێراقد دهژیت و ئهو حاڵهتانهش لهناوچهکانی تری عێراق و ههرێمی کوردستانیش روو دهدهن».

به وتهی بهرپرسی لقی سلێمانی کۆچ و کۆچبهران ههوڵی زۆر ههیه بۆ گێڕانهوهی ئاوارهکان، وتی «بهڵام بارودۆخی عێراق لهکوڵاندایه و خۆپیشاندان لهههموو شارهکاندا ههیه و هێزه ئهمنییهکان هێزی نیشتیمانی نین که بهیهک چاو سهیری ههموو نهتهوهو پێکهاتهکان بکەن، لهبهر ئهوه هێشتا ئهو مهترسییانه نهڕهوینهتهوه ئهگهرنا ههموو ههوڵێک دراوه بۆ ئهوهی ئهو خێزانانه بگهڕێنهوه سهر ماڵ و حاڵی خۆیان».

ههرچی ئهڵماس فازڵە رهتیدهکاتهوه که هیچ لایهنێک رێگر بێت لهگهڕانهوهی ئهو خێزانانه و دهڵێت «نه ئیدارهی کهرکوک و نههێزی ئهمنی بههیچ شێوهیهک بۆیان نییه رێگر بن لهگهڕانهوهی ئهو خهڵکانه، ئهو حهڵکانه خاوهنی ماڵی خۆیانن».

به‌ڵام فه‌رمان کە هێشتا لە ئاوارەییدا دەژێت و بڕیاری نەداوە بگەڕێتەوە، هه‌موو ئه‌و وتانە به‌ «قسه‌ی بریقه‌دار» ده‌زانێت و ده‌ڵێت «رۆژانه‌ له‌که‌رکوک ته‌قه‌ له‌خه‌ڵک ده‌کرێت و ماڵی خه‌ڵک ده‌بڕدرێت، ئه‌گه‌ر من گه‌ڕامه‌وه‌ که‌رکوک چ گره‌نتییه‌ک هه‌یه‌ که‌ ژیانم پارێزراو بێت؟».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار