خاوه‌ن پێداویستییه‌کى تایبه‌ت به‌ فڵچه‌که‌ى ده‌ستى ئازاره‌کانى گه‌له‌که‌ى و سروشته‌ جوانه‌که‌ى ده‌کێشێ

6 ساڵ لەمەوپێش



زەیتوون رەسوڵ

لەخانویەکی بچوک و سادەی ماڵەکەی عومەر سەرابیدا هەر هەنگاوێک  دەنێیت، ئاوازی باڵندە ڕەنگاوڕەنگەکان زیاتر دەچێتە ڕوحتەوەو ئەو گوڵانە دەبینی کەنیگارکێشەکە لەگوڵدانەکان دایناون.

تازیاتر سەیری دیواری گەلەریەکە بکەی کەهەمووی بەتابلۆکان نەخشێنرابوون زیاتر درک بەو سحرە دەکەی کە نیگارکێشەکە بەدەستەکانی و فڵچەو ڕەنگەکان کردبوویان.

عومەر سەرابی، ناوی تەواوی عومەر عەبدوڵا عەزیزە لەساڵی 1971 لەشاری قەڵادزێ لەدایکبووە هەرلەوێش نیشتەجێیە، ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتە و هەردوو قاچەکانی
بەهۆی ڕووداوێکەوە لە 2000 لەڕێگای هەندەران لەدەستداوە، لەبارەی هونەرەکەوە سەرابی لەدیمانەیەکدا بۆ
‌ دوا.

سەرابی هەتا پۆلی نۆی بنەڕەتی خوێندووە، هەر لەمنداڵیەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە، بەڵام کاتێ قاچەکانی لەدەستداوە دوای دوو ساڵ لەسەر جێگا هەڵسایەوەو  دووبارە فڵچەو قەڵەم و بۆیەکانی کردە نزیکترین هاوڕێی و دڵۆپ دڵۆپ ئازارەکانی گەلەکەی و سروشتە جوانەکەیان  پێدەکێشێ.

جگە لەگەلەریەی کە لەماڵەوە دایناوە وێنەکانی خۆی لێ نمایشدەکات و دەفرۆشێت، ساڵانە دوو پێشەنگای تایبەتی دەکاتەوە.

سەرابی وتی «زۆربەی وێنەکانی من هی سروشتی کوردستانە زۆرجار من حەزم کردوەو پێویست بووە بچمە چیایەکان بۆ ئەوەی چەندین وێنە بکێشم، بەڵام کەمئەندامی من ڕێگربووە و نەمتوانیوە بچم، ڕۆژانە خەڵکی سەردانم دەکەن و بەگوێرەی داخوازی خەڵکی وێنەکان دەکێشم بەڵام لەبەر ئەو بارودۆخە خراپە ئابوریەی ئێستا کاریگەری هەبووە لەسەر هونەری ئێمەو خەڵک کەمتر لەجاران داوای کێشانی وێنە دەکەن».

سەرابی بەدەر لەوێنەکێشان ژەنیارێکی باشی ئامێری نەیەو هاوکات حەزێکی زۆری بۆ خویندنەوەی ڕۆمان و نوسین و شیعر هەیەو زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت.

 گەلەریەکەی سەرابی بۆتە قوتابخانەیەک بۆ هەموو ئەو فێرخوازانەی کەخولیای وێنەکێشانیان هەیەو ساڵانە چەندین دەورە بۆ فێرخوازان بێبەرامبەر دەکاتەوە.

فێرخوازەکانی سەرابی بەمامۆستای ژیان ناودەبەن، هێزی بەردەوامی و کۆڵنەدانی لێوەردەگرن.

عومەر سەرابی وتی «بەداخەوە هونەر لەوڵاتی ئێمە نەبۆتە پیشەو سەرچاوەی داهات بۆ خاوەنەکەی، ئەمەش وادەکات کەهونەرمەند بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی دوری لەهونەرەکەی هەڵبژێرێ، بەڵام ئەو کار بۆ ئەوەدەکات کەوەک پیشە کاری لەگەڵدا بکرێت و لەو ڕێگایەشەوە سەرچاوەی داهات دەستەبەربکات».

«لەپشت هەر هونەرێک پاڵنەرێکی شاراوە هەیە، هەر ئەو پاڵنەرەش هونەرمەند بەهونەرەکە دەبەستێتەوەو هێزی بەردەوامی و گەیشتن بەلوتکەی تێدا ترۆپ  دەکات، ئافرەتێک ساڵانێک بەر لەئێستا دەستی گرتم و وانەی ژیانی فێرکردم، ئەو عەشقەش بۆتە هۆی بەردەوامی و هەوێنی نیگارەکانم» سەرابی وای وت.

وتیشی «دەمەوێت لەڕێگای هونەرەکەمەوە هانی خەڵکی و هاوشێوەکانی خۆم بدەم کەژیان بەردەوامەو دەبێت بەوپەڕی ئیرادە لەگەڵی بجەنگین و ببینە پێشەنگ و جێدەستی خۆمان لەو زەمینە بەجێبهێڵین» .

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار