کۆتەڵی مرۆمێلکە

9 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

لەشوێنەوارناسیدا، بەشێوەیەکی سەرەکی بۆچوونێکی باوو قبوڵکراوە کەشارستانیەت لەمیزۆپۆتامیای کۆنەوە بەشارستانیەتی گەورەی سۆمەر لەباشوری عێراقی ئێستا دەستیپێکردووە. بەڵام کاتێک لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا، شوێنەوارناسەکان لەتەپۆلکەی ئوبێد (پارێزگای زیقار) لەعێراق کنەیان دەستپێکرد، چەندین کۆتەڵی نائاسایییان دۆزیەوە کەتەمەنیان بۆ ٧ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پێدەچێت ئەم کۆتەڵانە، شێوەمرۆڤێک دەنوێننەوە کەتایبەتمەندی خشۆکیان هەبێت.

کەلتوری ئوبەید، کەلتورێکی پێش مێژووە لەمیزۆپۆتامیا کەمێژووەکەی لەنێوان ٤٠٠٠ بۆ پێنج هەزارو ٥٠٠ پێش زایین دەگەڕێتەوە. بە بڕوای شوێنەوارناسان، ئەم کەلتورە شوێنی ‹کەلتوری هەلەف›ـی گرتووەتەوە کەنزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەچیاو پێدەشتەکانی زاگرۆسەوە دەستیپێکردووە. ئوبەیدییەکان لەگوندی گەورەدا نیشتەجێبوون و لەخانووی خشتی قوڕدا دەژیان و تەلارسازی و کشتوکاڵیان پەرەپێدابوو و بەبەکارهێنانی ئاودێری کشتوکاڵیان کردووە.

ژمارەیەک لەم کۆتەڵانەی ئوبەیدەکان، کەسایەتی سەیرو سەمەرەی شێوەمرۆڤ دەنوێننەوە کە لەوەستانێکی ناوازەو نائاهەنگییانە نیشاندەدەن، بەشێوەیەک پێدەچێت ئاماژە بێت بەئەوەی کە ئەوان خوا نەبوون (وەک خوا سەر ئاژەڵەکانی میسر)، بەڵکو رەگەزێکی تری مرۆڤی مارمێلکەئاسا بن کە لێرەدا ئێمە پێشنیاری زاراوەی ‹›مرۆمێلکە-Lizardmen››ی بۆ دەکەین. لەزمانی کوردیدا مارمێلکە لەزۆربەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ناوی جیاوازی هەیە (بیکمار، داماروو، سووسەمار، مارتوولە، مارژۆک، مارگەزی، مارگیس، مارمارۆشک، مارمارۆک، مارمزووک، مارندوگ، ماروەزیک، ماریلە.)، لەبەشی هەرە زۆریدا لەوشەی مارمێلکەدا وشەی ‹›مار››یش ئامادەیی هەیە وەک ئەوەی بڵێیت مارمێلکە پەیوەندی بەمارەوە هەیە یان جۆرێکە لەمار، یانژی ماری پێدارە. مرۆمێلکە؛ نە مرۆڤە، نە مارەو نە مارمێلکەیە بەڵکو ئامێتەی هەر سێ جۆرەکەیەو کۆتەڵەکانیش هەمان شکڵیان هەیەو بۆ گەیاندنی ئەو ئامێتە نوێیە، داهێنراوە.

لەجیهانی ئەمڕۆدا باس و خواسی کۆتەڵی مرۆمێلکە خزێنراونەتە ناو چیرۆک و تیۆرییەکانی خشۆکە بێگانەکانەوە کەپێشتر بەسەر زەویدا دەسوڕانەوەو (رەنگە ئێستاش هەروا بسوڕێنەوە، بەپێی تیۆریستەکانی بوونەوەرە دەرەزەوییەکان). هەرچەندە ئەمە دوورە لەڕاستییەوە، بەڵام، تاهەنووکە، سروشتی راستەقینەی ئەوان وەک نهێنییەک ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا فیگەری مرۆمێلکە پەڕیوەتەوە بۆ بوارەکانی ئەدەب، فیلم، یاری و لەهەرکام لەوانەدا بەشێوەی جۆراوجۆر بەرهەمهێنراوەتەوە. ئەمەش بەر لەهەموو شت بۆ کاریگەری هونەری داهێنەرانەی کەلتوری ئۆبەید دەگەڕێتەوە.

کۆتەڵەکان کەزۆربەیان کۆتەڵی ژنن، سەریێکی درێژو چاوی شێوە بادەم و دەموچاوی درێژی باریکەڵەو لووتێکی شێوە مارمێلکەیان هەیە. تاوەکو ئێستا بەتەواوی نازانرێت ئەم کۆتەڵی مرۆمێلکانە بەڕاستی نوێنەرایەتی چی دەکەن. بەگوێرەی شوێنەوارناسان، شێوەی وەستانی جەستەییان، بۆ نموونە کۆتەڵی مرۆمێلکەی دایک کە شیر بەمنداڵەکەی دەدات، ئەوە نیشان نادات کەئەوانە بۆ رێوڕەسمی ئاینی بەکاربرابن، ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کەئاشکرایە، خشۆکەکان بەتایبەت «مار» هێمایەکی ئاینی گرنگ، سەرەکی، ژیری، چاکە، زیرەکی و ئەرێنی هەبووە لەناو زۆر کەلتوری جیاوازدا (بێگومان ئەمە لەناو ئاینە ئیبراهیمییەکاندا وەردەگەڕێنرێت و «مار» نیشانی خراپە وەردەگرێت). کەواتە دەبێت ئەم کۆتەڵە مرۆمێلکانە نوێنەرایەتی چییان کردبێت؟ هەرچییەک بوون، بێگومان بۆ گەلی ئوبەیدی کۆن گرنگ بوون.

یەکێک لەو کۆتەڵە مرۆمێلکانەی دۆزراوەتە، ژنێکی رووتە کە گۆپاڵێکی بەدەستەوەیەو شیر دەدات بەمنداڵەکەی، بێگومان دەکرێت ئەم گۆپاڵە وەک هێمانی دادپەروەری و فەرمانڕەوایی سەیربکرێت. ئەوەی سەیرە لەم کۆتەڵەدا، شێوەی منداڵەکەیە، منداڵەکە سەرێکی درێژو دەستی تاڕادەیە پانی هەیە کە زیاتر لەشێوەی پشیلەو مارمێلکە دەچێت نەک مرۆڤ. سەرەڕای ئەوەی نازانرێت ئەم کۆتەڵانە کێ و چی دەنوێننەوە، بەڵام دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین کەدایکەکە نوێنەرایەتی مێخوایەک دەکات چونکە هەردوو سەردەمی هەلەف و ئوبێد وەک سەردەمی گواستنەوە لەکەلتوری چاخی بەردینی نوێوە کە ژن تێیدا داهێنەری سەرەکی بووەو پیرۆز بینراوە بەرەو کەلتوری شارستانیەتی شار، لەوانە سۆمەر، چونکە داهێنانەکانی ئوبەید لەسەرەتای سەردەمی سەرەتایی ئور (٣٢٠٠) پێش زایین، برەوی زیاتریان پێدراوە بەتایبەت تەلارسازی و دەکرێت بگوترێت کەسۆمەرییەکان میراتگری کەلتوری ئوبەید بوون.

ئەگەر لەڕوانگەیەکی ترەوە بڕوانین ئەوا هەست بەوە دەکەین کەکۆتەڵی مرۆمێلکە، دەستسازێکی ئایینی-هونەری زۆر ئاڵۆز، فرە رووەو زەمەنبڕە بەجۆرێک هێشتا لەناو کەلتوری مۆدێرندا توانای وروژاندن و داهێنانی بەمرۆڤ بەشێوەی جۆراوجۆر بەخشیوە. جیا لەهەموو شت ئەمە گوزارشت لەئاڵۆزی و قووڵی هزری کەلتورە پێش-نووسینەکان دەکات. ئەوان دەیان توانی هاوشێوەی پەیکەرسازی رێنێسانس کتومت مرۆڤ لەدەستسازە جۆراوجۆرەکاندا دروستبکەنەوە؛ هەر ئەوەی ئەو کارەیان نەکردووە بۆ خەیاڵفراوانی و ئاڵۆزی بیرکردنەوەیان دەگەڕێتەوە کە باوەڕیان بەهونەر-ئایینی ئاوێنەیی نەبووە. جیاوازییەکی گەورەی ئەوان سەردەمی مۆدێرن ئەوەیە مرۆڤی مۆدێرن کاتێک سەیری سەیروسەمەرەترین دیاردە دەکات بۆ سادەترین شێوە وەریدەگێرێت و زۆرجار زۆر مرۆییانە فەهمی دەکات؛ مرۆڤی مۆدێرن کاتێکی سەیری مرۆڤ دەکات ماشینێکی تەواو ئاڵۆز دەبینێت، ئایندارێکی ئیبراهیمی کاتێک تەماشای مرۆڤێک دەکات وێنای خودایەک دەکات کەهەر خۆیەتی بەڵام تواناکانی بێسنورە. لەبەرانبەردا ئەمە بۆ ئەوان وانەبووە ئەوان کاتێک  تەماشای مرۆڤیان کردووە، وەکوو مرۆڤ نەیانبینیوە، لانیکەم بینینە مرۆییەکەیان ئەوەندە لەلا بایەخدار نەبووە، بیخەنە ناو هونەر-ئایینەوە، بەڵکو کۆمەڵێک رەهەندیان بینیوە، کە بەئاسانی نابینرێت لەبەرئەوەی گرێدراوی پانتایی هەستەکی تایبەت بەخۆیەتی کەمرۆڤی ئەم سەردەمە بەئاییندارو نائایینیەوە لەدەستیداوەو لێ داشکێنراوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار