مەریوان قەرەنی: بەغدا ناتوانێت رێگربێت لەوەی ئەمەریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی بداتە پێشمەرگە

2 مانگ لەمەوپێش



چاوپێکەوتن - سازگار ئەحمەد

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەچاوپێکەوتنێکی تایبەت بە "رۆژنامەی هاوڵاتی"دا تیشکی خستەسەر هێرشەکەی مانگی رابردووی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هۆکاری ئەوەی ئاشکراکرد کە لیژنەکەیان هیچ بەیاننامەکی بۆ ئیدانەکردنی بڵاونەکردووەتەوەو ئاماژەی بەوەکرد، شیعەکانی عێراق باڵادەستن و چاوپۆشی لەهێرشەکانی ئێران دەکەن و دژی قسەناکەن.

هەروەها ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەکرد، عێراق ناتوانێت ریگربێت لەوەی ئەمەریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی بداتە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، دەشڵێت "لەوەتەی دەستووری عێراقی پەسەندکراوە، حکومەت هەرجارەو بەپاساوێک خۆی لەدابینکردنی شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەدزێتەوە".

هاوڵاتی: لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ بەیاننامەیەکی دەرنەکرد لەسەر بۆردوومانەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، بەڵام دژی بۆردوومانەکانی ئەمەریکا بۆسەر حەشدی شەعبی بەیاننامەی دەرکرد، وەکو ئەندامی ئەو لیژنەیە چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنیت؟

مەریوان قەرەنی: لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەنگدانەوەی واقعی سیاسی وڵاتەکەیە، لەعێراقدا زۆرینەی شیعە هەیەو ئەو زۆرینەیەش باڵادەستن و چاوپۆشی لەپێشێلکارییەکانی ئێران دەکات، لەبەرامبەردا تەنها مەبەستی ئەوە قسە لەسەر هێرشەکانی ئەمەریکا بکات.

کاروباری لیژنەی ئاسایش و بەرگری زۆرتر لەلایەن سەرۆکی لیژنەکەوە بەڕێوەدەچێت کەخۆی ئەندامی کوتلەی بەدرە کەیەکێکە لەپێکهاتە سەرەکییەکانی حەشدی شەعبی، بۆیە شتێکی سروشتییە لیژنەکە لەدژی ئەمەریکا قسەی هەبێت و لەدژی هێرشەکەی سەر هەولێر بەیاننامەی فەرمی نەبێت، بەڵام ئەمەش گوزارشتی هەموو ئەندامانی لیژنەکە نییە، چونکە هەر ئەندامێکی پەرلەمان لەکوتلەیەکین و بیرکردنەوەو ئاراستەی سیاسی خۆمان هەیە.

هاوڵاتی: رۆڵی ئێوە وەکو کورد لەو لیژنەیەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چییە؟

مەریوان قەرەنی: لەماوەی رابردوو لەژێر فشاری ئێمە وەک ئەندامانی کورد چەندینجار لیژنە پێکهاتووە لەبارەی هێرشی وڵاتانی دیکە بۆسەر هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لێکۆڵینەوە لەهێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لەشەوی ١٥ لەسەر ١٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ کەهاووڵاتییانی مەدەنی بەهۆیەوە شەهیدو برینداربوون لیژنەیەکی پەرلەمان هاتین سەردانی شوێنی رووداوەکەمان کردو بۆمان دەرکەوت بانگەشەکانی ئێران لەبارەی هەبوونی بنکەی مۆساد ناڕاستەو ئەوە تەنها ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی بووە کەمووشەکبارانی کردووە.

هاوڵاتی: ئایا لیژنەکە چ کارێکی کردووە بۆ رێگریکردن لەبۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی چی بوون، ئەگەرهیچ کارێکی نەکردووە کەوایە ئیشی ئەم لیژنەیە چییە؟

مەریوان قەرەنی: کاری لیژنەی ئاسایش کارێکی پەرلەمانییەو کاری ئێمە یاسادانان و چاودێرییکردنی جێبەجێکردنەکەیەتی، هەروەها لەماوەی رابردوو چەندینجار بانگهێشتی وەزیری بەرگریی عێراق و بەرپرسانی ئەمنی وڵاتەکەمان کردووەو راسپاردەمان خستووەتە بەردەستیان و لێکۆڵینەوەمان کردووە، هەروەها سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق یەکێکەو بەردەوام کارمان لەسەر کردووە.

هاوڵاتی: ئەمەریکا بەنیازە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بداتە هێزەکانی پیشمەرگە، چ رێگریەک لەلایەن عێراقەوە هەیە بۆئەوەی ئەم هەوڵە سەرنەگرێت؟

مەریوان قەرەنی: ئەگەر ئەمەریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کارێکی باشە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها لەمیدیاکانەوە ئەو هەواڵە بیستراوە، بڕوام وایە ئەگەر ئەمەریکا ئەو بڕیارە بدات ئەوا عێراق ناتوانێت رێگری بکات، بەتایبەتیش حکومەتی فیدراڵی ئاگادارە رۆژانە لەناو سنوورەکانی خۆیەوە بەدرۆن مووشەک ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکات.

هاوڵاتی: هیچ وڵاتێک هەیە فشار بکات دژی پێدانی ئەو سیستمە بەهەرێمی کوردستان، ئەگەر هەیە بۆچی؟

مەریوان قەرەنی: تائێستا نەمانبیستووە هیچ وڵاتێک هەبێت دژی پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرێمی کوردستان هەرێمی دەستوورییە لەچوارچێوەی حکومەتی عێراق مافی خۆیەتی هەر ئامێرێکی پێبدرێت کە ببێتەهۆی بەهێزکردنی لایەنی بەرگری، بۆیە هیچ یاساییەک نییە رێگری بکات لەوەی هەرێمی کوردستان ئاسمانی خۆی بپارێزێت.

هاوڵاتی: حکومەت عێراق تاهەمواری یاسای بودجە مانگانە ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لەهەرێم دەنێرێت، بۆچی هیچ بڕە پارەیەکی تەرخانکراو بۆ هێزەکانی پیشمەرگەی تێدا نییە، گرفتەکان چین؟

مەریوان قەرەنی: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێکە لەسیستمی بەرگریی عێراق و مافی خۆیەتی مووچەو شایستە داراییەکانی هاوشێوەی هێزەکانی دیکەی عێراق پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە لەوەتەی دەستووری عێراقی پەسەندکراوە هەرجارەو بەپاساوێک خۆیان دەدزنەوە، پێم وایە ئەوا لەڕوانگەیەکی شۆڤێنیانە ئەو کارە دەکەن و ئامادە نین بودجەی تایبەت بەهێزەکانی پێشمەرگە بنێرن.

هاوڵاتی: ئەی ئەگەر یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە پشکی هێزەکانی پێشمەرگە چۆن دەبێت؟

مەریوان قەرەنی: هێشتا نازانرێت لەهەمواری یاسای بودجە چارەنووسی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە چی لێبەسەردێت، چونکە تاوەکو ئێستا هەمواری یاساکە نەهاتووەتە پەرلەمان و نازانین حکومەتی عێراق چ پێشنیازێکی کردووە لەوبارەیەوە، کەی یاساکە هاتە پەرلەمان ئەوکاتە گفتوگۆی لەسەردەکەین.

روونکردنەوەیەک لە رۆژنامەی هاوڵاتییەوە:

داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەین کە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە (٢٠٥٣) لەگەڵ بەڕێز (مەریوان قەرەنی، ئەندامی ئەنجومەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) بڵاوکراوەتەوە، لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکە چەند دێڕێکی بۆ زیادکراوە کە وتەی بەڕێزیان نییە، بەڵکوو رۆژنامەنووسەکە لێی بەرپرسە و رای تایبەتی رۆژنامەنووسەکەیە.

دووبارە داوای لێبوردن لە بەڕێزیان و خوێنەرەکانمان دەکەین.

هاوڵاتی 

دێرە زیاد کراوەکەی کۆتایی چاوپێکەوتنەکە : "چەندین ساڵە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکە لەسیستمی بەرگریی عێراق، بەڵام لەڕووی ماددی و لۆجیستی و پڕچەککردنەوە لەشایستە داراییەکانی خۆی بێبەش کراوە، لەکاتێکدا بودجەی حەشدی شەعبی ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر دەبێت.

هەروەها لەکاتی شەڕی داعشەوە ئەمەریکاو هاوپەیمانان بڕێک لەبودجەیان دیاریکردبوو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەبڕی ٤٢ ملیۆن دۆلار، دواتر بەهۆی پابەندنەبوونی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و ئەم پاڵپشتییە داراییە کەمیکرد بۆ ٢٢ ملیۆن دۆلار، لەئێستاشدا بڕی پاڵپشتییە داراییەکان کەمتربووەتەوەو تەنها ١٥ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری دەدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکاو هێزەکانی هاوپەیمانان نیگەرانن لەوەی ئەو چاکسازییانەی کەئەوان چاوەڕوانیان دەکرد لەیەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی پێویست نییەو پرۆسەی یەکگرتنەوەکە زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بەمشێوەیەش بەردەوام بێت ئەگەری هەیە ئەمەریکا کاردانەوەی دیکەی هەبێت و هاوكارییەکانی کەمتربکاتەوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر مووچەو کارو چالاکییەکانی ئەو هێزە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار