ئەندامێكی مەجلیسی پژاک بۆ هاوڵاتی: ئێمە تەسلیمی ئەو دۆخە نابین کە ئێران سەپاندوویەتی لە هەرێمی کوردستان

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتی هاوڵاتیدا تیشک دەخاتەسەر هەڕەشەکانی ئێران لەسەر حزبەکەی و دەڵێت، ئێران دەیەوێت هێزەکانی حەشدی شەعبی لەسنورەکان جێگیر بکات، دەشڵێت، ئەوان «ملکەچ»ی هیچ داخوازییەک نابن وەک حزبەکانی تری رۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان و ئامادەیی هەر رووبەڕووبونەوەیەکن چونکە ئەوان لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم «شۆڕش» ناکەن.

ئەندامەکەی مەجلیسی پژاک رەخنەش لەهەڵوێستی یەکێتی و پارتی دەگرێت بەرامبەر ئێران و تورکیاو دەڵێت،  پارتی بووەتە کەواسوری پێش لەشکری تورکیاو هەڵوێستەکانی یەکێتیش پێویستە لەچوارچێوەی داخوازییەکانی داگیرکەراندا نەبێت.

هاوڵاتی : دۆخی سنورەکانی باشورو رۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە بەتایبەت ئەو ناوچانەی پژاکی لێیە؟

ئەهوەن چیاکۆ: سنورەکانی رۆژهەڵات  و باشوری کوردستان، سنورێک بووە کەداگیرکەرانی کوردستان هەرگیز نەیانتوانیوە بەتەواوی کۆنترۆڵی بکەن چونکە هەمیشە شوێنی شۆڕشگێڕان بووە.

ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بەهەموو شێوازێک دەیەوێت ئەو دەرفەتە لەشۆڕشگێڕانی کوردستان ئاستنەگ بکات، بێگومان لەبەشێکی زۆری ئەو سنورە هێزەکانی ئێمە جێگیرن چونکە پژاک بەهیچ شێوەیەک کەمپ نیشینی قبوڵ نەکردووە و نەچوەتە ژێر رکێفی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەو ئامانجی بووە لەخەباتدا جێگە بگرێت بۆیە چیاکانی کوردستانی لەسنوری رۆژهەڵات و باشوری کورستانی بۆ خەباتەکەی هەڵبژاردوە کەشوێنێکی گونجاو بووە. بەشێکی زۆری لەهێزی پژاکیش لەناو خودی رۆژهەڵاتی کوردستاندایە.

بێگومان بەهۆی ئەو پەیوەندییەی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ عێراق  و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێران فشاری لەسەر حزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردو کۆمەڵێک مەرجی بەسەردا سەپاندن و ئەوانیش بەناچاری قبوڵیان کردو ئێستاش دەیەوێت هەمان کار بەرامبەر پژاک ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی شێوازی خەباتەکەیەوە پژاک رێگەی نەداوە هەرکەس ئامانجی بوو بەئاسانی و بەویستی خۆی مامەڵەی پێوە بکات.

ئێستاش لەو ناوچانەی پژاکی لێیە، ناو بەناو ئێران هێز کۆدەکاتەوەو هەڕەشەی هێرش دەکات بێگومان ئەگەر هێرش بکات دەبێت بەو ناوچانەدا تێپەڕێت کە پژاکی لێیە، بۆیە ئێران دڵنیایە ئەگەر هێرش بکات مێژووەکەی 2011 دووبارە دەبێتەوەو گەریلاکانی پژاک بەرگری دەکەن بۆیە ئێران زیاتر کاری هەواڵگیری لەناوچەکان دەکات لەم دۆسیە هەواڵگیریەشدا بەشێک لەهێزەکانی باشوری کوردستان هاوکاری دەکەن و دواتریش ئێران زانیارییەکان لەسەر جوڵەکانی پژاک رادەستی دەوڵەتی تورکیا دەکات چونکە ئێران خۆی ناتوانێت فڕۆکە و درۆن لەو ناوچانە بفڕێنێت و توانا سەربازییەکانی سنوردارن بۆیە زانیارییەکان بەتورکیا دەدات و تورکیا هێرش دەکات بەو هۆیەشەوە بەردەوام هێرش لەسەر هێزەکانی ئێمە هەبووە.

ئێستا ئێران فشار لەسەر عێراق و هێزەکانی باشوری کوردستان دروستدەکات تا بەناوی هێزی پاسەوانی سنورەوە هێز لەسنورو ناوچەکان جێگیربکەن و هێزەکانی پژاک لەو ناوچانە دەربکەن بەڵام ئێمە ئامادەکارییمان کردووە بۆ هەموو رووبەڕووبوونەوەیەک، ئێران ئامانجشیەتی دوای کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و دەرکردنی هێزەکانی ئێمە، هێزەکانی خۆی لەو سنورە جێگیربکات، تەنانەت زانیاری هەیە ئێران کەدەیەوێت هێزەکانی حەشدی شەعبی یان ئەو هێزانەی باشوری کوردستانی تێدا جێگیر بکات کەگوێڕایەڵی ئێرانن، وەک چۆن پارتی چووەتە بەشێک لەو ناوچانەی حزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێیە.

ئێمە دڵنیاین لەم پلانی فشار خستەسەر هێزەکانی رۆژهەڵات و بەتایبەت هێزەکانی گەریلا هەماهەنگییەکی چڕوپڕ لەنێوان هێزەکانی باشوری کوردستان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و میتی تورکیاو ئیتڵاعاتی ئێران هەیە.

 هاوڵاتی: رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران  دژی پژاکیشە؟

ئەهوەن چیاکۆ: بێگومان لەو رێککەوتنانەی کە لەنێوان ئێران و عێراق دەکرێت یەکێک لەئامانجەکان پژاکە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئەوەی دەیانەوێت بەسەر حزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیدا بسەپێنن بەئاسانی ناتوانن بەسەر پژاکدا بیسەپێنن، بۆیە کە ئێران بەعێراق دەڵێت دەبێت سنورەکانی خۆت کۆنترۆڵ بکەی ئێمە دەزانین تاکە هێزێکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەسنورەکاندا جێگیرە پژاکە، چونکە ساڵانێکی درێژە هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو سنورانەیان جێهێشتووە تەنها ئەم ماوەیە هاتنەوە

هەندێک خاڵ کەئەوەش جیاوازی هەیە لەگەڵ پژاک کەشوێنێکی گەورەی لەو سنورانە گرتووەتە دەستی خۆی بۆیە پژاک بەرامبەر بەو هەڕەشانە ئامادەیەو توانای لەهێزەکانی دیکە زیاترە تابەرامبەر هەڕەشەکان تەسلیم نەبێت.

 هاوڵاتی : هیچ جوڵەو فشارێک دژ بەهێزەکانی پژاک کراوە تاسنورەکان چۆڵ بکەن؟

ئەهوەن چیاکۆ : تائێستا هێزی زۆر لەسنور نەجوڵێندراوە تا پژاک ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، بەڵام ئەو هەڕەشانە هەر هەن و جار جار هێز بەناوی پاراستنی سنورەوە دێنە ناوچەکان بەڵام پژاک هەوڵدەدات خۆی لەهەندێک جوڵە بپارێزێت کە گرژی دروستبکات لەهەمان کاتیشدا ئیزن نادا کەئەوان هەر شتێکیان پێخۆشە بیسەپێنن بەسەر پژاکدا.

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، پژاک هەموو هەوڵێک دەدات زۆر بە لەسەرخۆییەوە لە رووداوەکان نزیک بێتەوە، بەڵام بەڕاستی ئامادەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر هەوڵێک ببێتەوە کەهەوڵی لاوازکردنی بدات تا تەسلیمی ئەو دۆخە نەبێت.

هاوڵآتی : فشارەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بووە یان ئێران؟

ئەهوەن چیاکۆ: راستی ئەوان ناتوانن فشارێکی راستەوخۆ لەسەر ئێمە دروست بکەن، بەڵام مەگەر هەڕەشە بکەن و زانیاری بدەنە تورکیا ئەویش بێت هێرش بکاتە سەرمان، ئێمە ئامادەکاری زەمینیمان هەیەو تەنها لەبواری ئاسمانیدا دەتوانرێت هێرش بکرێتەسەرمان کە لەو بوارەشدا حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی ئێران ئەو دەرفەتانەیان نیە بەڵام زانیاری دەدەنە تورکیاو ئەو هێرش دەکاتە سەرمان بۆیە مەگەر تەنها ئاوا هێرش بکاتە سەرمان چونکە ئێمە لە ئۆردوگایەکدانین تا ئێران فشار بکاتە سەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمیش بێت فشار بکاتە سەر ئێمەو بێت و بڵێت ئەو ئۆردوگایە تەرک نەکەن ئێمە هەندێک کارتان بەرامبەر دەکەین، بۆیە هەڕەشەکانی سەر ئێمە لە دوورەوەیەو شێوازی ئێمە ئەوە نیە بتوانرێت راستەوخۆ فشارمان لەسەر دروستبکرێت، جەختیش دەکەینەوە هێرشمان بکرێتەسەر وەک 2011 بەرپەرچی هێرشەکان دەدەینەوەو شوێنەکانی خۆمان دەپارێزین.

هاوڵآتی: چۆن لەهەڵوێستی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڕوانن بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنە ئەمنییەکانی ئێران و عێراقەوە؟

ئەهوەن چیاکۆ: مرۆڤ ئەگەر بیەوێت شۆڕش لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەببات دەبێت ئامادەکاری بکات، چونکە لەناو کەمپەکانی باشوری کورستان و لەژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کورستان زەحمەتە شۆڕش بەڕێوەبچێت، لەباشتر حاڵەتدا دەوڵەتی ئێران فشار لەسەر حکومەتی هەرێم دروستدەکات و ئەویش ناچارە فشار بکاتەسەر ئەو حزبانەو دەکرێت حاڵەتی خراپتریش بکات، چونکە هێزەکانی باشوری کورستان هاوکاری تەواوی کۆماری ئیسلامی دەکەن بۆ بێکاریگەریکردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کورستان و ئەم قسەیەشمان لەڕابردووشدا کردووە.

لەبواری تێکۆشاندا ئێمە بەدەیان جار وتوومانە، بەو شێوازەی ئەوان بەڕێوەیان دەبرد مومکین نیە مەگەر شۆڕش تەنها بەهێزێکی پرۆفیشناڵی گەریلای بکرێت، لەو سەردەمەدا رەخنە لەئێمە دەگیرا کەئێمە تانەی لێ دەدەین یان پێگەی خۆمان بەڕووی هەندێک لایەنی دیکەدا دەدەین بەڵام ئەمڕۆ دەرکەوت کە وایە.

خۆزگە ئەو لایەنانە لەکاتی خۆیدا ئامادەکاری خۆیان بکردایە تائێستا ملکەچی هەموو شت نەبونایە، چونکە بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەریان دروستکراوە ناچارکراون بەهەندێک شت رازی بن کەخۆشیان پێی رازی نەبوون بەڵام ناچاربوون، دەبوو ئاوا بەئاسانیش داواکارییەکانیان قبوڵ نەکردایە.

ئێمە نمونەی کەمپی مەخمور دەهێنینەوە کەئەو هەموو هێرشەی لەسەرە بەڵام بەرامبەر هەموو هێرشەکان بەرگری دەکات، بۆیە ئەوانیش دەیانتوانی لەکەمپەکانەوە بەرگری بکەن و بەئاسانی تەسلیمی ئەو دۆخە نەبن.

بەڕاستی ئێمە بەو دۆخە زۆر دڵتەنیگن، چونکە هەر لایەنێکی رۆژهەڵاتی کورستان ناچار بەشتێک بکرێت، کە زەرەر لەتێکۆشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بدات ئێمە وەک پژاک پێی ناڕەحەتین و بەشێوەیەک لەشێوەکانیش لەسەر خۆمانی دەبینین، ئێستا شتێک هەبێت بەو حزبانەی بڵێن ئەوەیە یەکگرتوویی پێشبخەین و شێوازی دروستی تێکۆشان بەرەو پێشەوە ببەین بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی داخوازییەکانی بە راستەوخۆ یان لەڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە نەسەپێنێت، ئێمە ئامادەی هەموو هەماهەنگی و هاوکارییەکین بۆ یەکێتی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەرەوپێشبردنی خەبات.

هاوڵاتی: هەڵوێستی حکومەتی هەرێم چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 

ئەهوەن چیاکۆ:شتێک نیە بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیاری تەواو لە دەستی ئەودا بێت، بەڵکو زیاتر حزبە دەسەڵاتدارەکانن کە لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیدان، بەڕای من هەڵوێستیان نەتەوەیی نیە  و لە هەندێک شوێنیش هەڵوێستیان دەچێتە چوارچێوەی هەڵوێستی بە کرێگیراوانە چونکە لە بەرامبەر ئێران و تورکیادا زۆر لەرزۆکن، ئێمە دەزانین پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق، لە دۆخی خیانەتکردندایە و بووتە کەواسوری بەر لەشکری دەوڵەتی تورکیا، لەو لاشەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گرێدراوی بە ئێرانەوە هەیە، ئەوەیش لە چوارچێوەی بەرژوەندی خۆیدا و لاوازییەکانی بەرامبەر ئێران ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان تەنگاو بکرێت کە ئەوەیش هەڵوێستێکی نەتەوەیی نیە و ئەگەر وا بجووڵێتەوە ئەوە بە واتای تەسلیمیەت و خیانەتە و دەبێتە هەڵوێستێک لە چوارچێوەی داخوازیی داگیرکەرانی کوردستان.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار