بایکۆتی بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بەردەوامە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک ژمارەیەک فەرمانگەی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە بایکۆتیان ڕاگەیاند و دەرگای فەرمانگەکانیان داخستووە.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ ی ئازار زیاتر لە حەوت فەرمانگەی جیاجیا لە سلێمانی بەهۆ دواکەوتنی مووچە بۆ زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ بایکۆتیان ڕاگەیاندووەو مامەڵەی هاوڵاتییانیان وەستاندووە، هاوکات بەشێک لە فەرمانگەکان لە سنووری سلێمانی بەتەواوی بایکۆتی دەوامیان کردووە و ئەو فەرمانگانەشی دەوامیان تێدا دەکرێت بەشێک لە کارمەندەکانیان نەچوونەتەوە سەر کارەکانیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی، خانەنشینی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا، دادنوسی بەکرەجۆ، بنکەی تەندروستی سەروەری و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ دژی پێنەدانی مووچەکانیان دەوامیان راگرت ،بەیانی ئەمڕۆش بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان بایکۆتی ڕاگەیاند.

سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ حکومەتی هەرێم ئەو مووچەیە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشناکات و هاوڵاتییانی هەرێم زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە هاوکات  لەماوەی شەش مانگی رابردوودا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار