وەزارەتی دارایی عێراق یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکەی بۆ هەرێم نارد

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دارایی عێراق بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و سودانیش لەسەر پرسی ناردنی پارەی زیاتر بۆ هەرێم کۆدەبێتەوە
 
وەزارەتی دارایی عێراق بری یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەمەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی تا ئێستا بەغدا بۆ مووچەی مانگی شوبات ناردویەتی گەیشتوەتە 562 ملیار و 500 ملیۆن دینار.

بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران داوایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە ناو بەرنامەی کۆبونەوەکە، ئەویش داوای ناردنی 100 ملیار دیناری دیکەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراق تەنها نیوەی ئەو بڕە پارەیە بنێرێت بۆ هەرێم ئەو کات دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.

رۆژی 11ـی ئازار، وەزارەتى دارایی عێراق بە چوار لیست، 560 ملیار و 218 ملیۆن و 37 هەزار و 912 دیناری وەکو مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

هاوکات هێشتا بەغدا مووچەى وەزارەتى پێشمەرگە و چەند هێزێکی سەر بە وەزارەتى ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی نەناردووە ، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی ئەو وەزارەتانەی نەناردووە بۆ ئەوەی وردبینی تێدا بکرێت.

سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان باسی لەوەکردووە  کە لە دواى ناردنى ئەو ملیار و 500 ملیۆن دینارە، هێشتا زیاتر لە 387 ملیار دینار کورتهێنانیان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ئەوەی پارەی پێویست لەبەردەستدا نییە، تا ئێستا حکومەتی هەرێم موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی دابەش نەکردوە، بەوهۆیەوە ماوەی سێ رۆژە بەشێک لە فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار