ئیستەنبوڵ.. چەقی کێبڕکێکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی، شوان عەباس بەدری

 ئەمرۆ یەکشەممە 31/3/2024 لە تورکیا و باکووری کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە بە بەشداری 34 پارتی سیاسی بەرێوە دەچێت و چاوەروان دەکرێت بە ملیۆنەها کورد و تورکی ئەو وڵاتە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان.

ئەم هەڵبژاردنە کە بە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت گشت لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان خستۆتە گەڕ تا بتوانن لە شارەکانی تورکیا و بە تایبەتیش لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی بەرچاو بە دەست بهێنن کە لەم بەینەشدا پارتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا بەدەر نییە لەو خواستی سەرکەوتنە، بە تایبەتیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە، پارتەکەی "ئەردۆغان" هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەرانی شاری ئەستەنبول خستبووە گەڕ کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژردنەکان تووشی شکستێکی گەورە بوو لەو شارەدا.

بە بروای چاودێران گەر بێتوو پارتی داد و گەشەپێدان بە رابەرایەتی "ئەردۆغان" لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ئەوا رەنگە سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا لە رێی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە خولێکی دیکەی حوکمداری ئەو وڵاتە بە دەست بهێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە گشت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئومێدێکی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆ هەڵچنیوە و دوای شکستەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی تورکیا لە بەرامبەر ئەردۆغان و هەڵوەشانەوەی هەوپەیمانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بە رابەرایەتی "پارتی کۆماری گەل"، وەک ماچی دووبارە ژیانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لێی دەروانن تا دووبارە بە سەرکەوتنیان لە شارەگەورە و یەکلاکەرەوەکانی تورکیا لەم دابەشبوون و پەرتبوونە بێنە دەرەوە و هاوپەیمانییەکی بەهێز لە بەرامبەر "ئەردۆغان" و پارتەکەی پێک بهێنن.

دەنگی کورد

هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا پارتی "یەکسانی و دیموکراسی گەلان" توانی لە شارە کوردنشینەکانی تورکیا سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت و بەسەر پارتەکەی ئەردۆغاندا سەربکەوێت ، بەڵام دوابەدوای هەڵبژاردنەکان بە ماوەیەک حکومەتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" بە پشت بەستن بە یاسای "قەیوم " ی تایبەت بە دەستگیرکردن یان دوورخستەنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان و بە تۆمەتی پەیوەندی یان خود نزیکییان لە "پارتی کرێکارانی کوردستان" ژمارەیەک لەو سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوانەی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە و بە کەسانی نزیک لە خۆی و جێی متمانەی دەوڵەت پۆستەکانیانی پڕ کردەوە کە ئەم هەنگاوەش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە تووندی ئیدانە کراو وتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، ''دوورخستنەوە و دەستگیرکردنی سیاسیه‌کان، دەنگدەران بێبەش دەکات لەهەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و ستەم و زیان گەیاندنیشە بەپرۆسەی دیموکراسی لەنێوخۆی ئەو وڵاتەدا".

لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا لە 15ی ئاداردا، لە میانەی گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری "هەکاری" سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا داوای لە خەڵک کرد کە دەنگ نەدەن بەو کەسانەی کە بە دەرچوون و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، شارەوانییەکان دەکەن بە مۆڵگەی تیرۆریستان کە مەبەست لێی  "پارتی کرێکارانی کوردستان" بوو و ئەم قسەیەی ئەردۆغانیش نارەزایەتییەکی زۆری دانیشتوانی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

کورد لە شاری ئەستەنبول رێژەی لە%10ی دەنگەکانی ئەو شارە پێکدەهێنێت و لەم کێبڕکێیەدا دەنگی کورد لەو شارە بە یەکلا کەرەوە سەیر دەکرێت.

هەرچەندە لە ساڵی 2019دا پاری " یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە پشتگیری "ئیمام ئۆغلۆ" یان کرد و یارمەتیدەرێکی باش بوون بۆ سەرکەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا، بەڵام لە هەڵبژارنەکانی ئەمجارە پارتەکە کاندیدی تایبەتی خۆی خستۆتە روو و بەبروای چاودێرانی ئەو وڵاتەش  پارتی "یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" بە ئەنقەست کۆمەڵە کەسێکی نەناسراوی کاندید کردووە کە ئەمەش وەک پشتگیرییەکی ناراستەوخۆی ئەو پارتە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئەستەنبول لێکدەدرێتەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی تورکیا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٪50.59 ژنان و لە ٪49.41 پیاوان ئەو رێژەیە پێک دەهێنن و هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمین جار بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار