خامنەیی و رەئیسی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوە دەکەن

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بوو بە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی سویسرای وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران بانگکرد.

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٤ لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس رایگەیاند "پەیامێکی گرینگمان بۆ ئەمریکا وەک پشتیوانی رژێمی زایۆنیستی ناردووە".

بە وتەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لەم بانگکردنەدا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بووە، " لایەنەکانی هێرشێ تیرۆریستی و تاوانی رژیمی ئیسرائیل روون کراوەتەوە و جەخت کراوەتە لەوەی ئەمریکا بەرپرسە لەم هێرشانە و ئەمریکا دەبێت وەڵامدەرەوە بێت".

ئەمە لە حاڵێکدابە ماڵپەڕی "ئێکسیووس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە کە نەیویستووە ناوی ببرێت  نووسیویەتی ئەمریکا بە ئێرانی راگەیاندووە، ئەوان ئاگاداری ئەم هێرشانە نەبوون و دەستیان نەبووە لەم هێرشانەی کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە سەر کۆنسوولگەری ئێران لە دیمەشق.

ئێکسیووس لەم بارەوە نووسیویەتی:" ئەم پەیامە دەرخەری ئەوەیە کە جۆباید و دەوڵەتی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق ببێت بە هۆی پەرەسەندنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە".

هاوکات نووسینگەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشێ نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەم ئەنجومەنە درەنگانی شەو دەربارەی هێرشەکەی رۆژی دووشەممە کۆبۆتەوەو ئەو کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆمار و بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەچووەو بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دواتر ئەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

رۆژی دووشەممە ٢ی نیسان بە هۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق نزیک بە باڵیۆزخانەی ئێران ٧ ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەمەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سوریا و لوبنان لە سوپای قودس کوژران.

حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سوریا، بە تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی راگەیاند، جگە لەو حەوت ئەفسەرە باڵایەی سوپا، شەش کەسیتر کوژراون کە بە هاوڵاتی سووری ناوی بردوون.

ناوەندی هەواڵی جەماران، محەمەد رەزا زاهیدی وەک فەرماندەیەکی پێشتری هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و یەکێک لە فەرماندە چالاکەکانی هێزی قودسی سوپای پاسداران ناساندووە کە فەرماندەیی سوپای قودسی لە سوریا  و لوبنان بە ئەستۆ بووە.

بەرپرسانی حکومەتی ئێران هێرش بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی ئەو حەوت فەرماندە باڵایەی سوپای بە پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو دەبەن و نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەی خێرای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە.

بەرپرسانی ئێرانی چی دەڵین؟

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێکی نووسراوەییدا محەمەد رەزا زاهیدی وەک فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودس ناوبرد کە لەم هێرشەدا کوژراوەو هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و نووسی :" ئیسرائیل بە دەست رۆڵە نەترس و دلێرەکانی ئێمە سزا دەدرێت و ئەوان لەم تاوانەی خۆیان و تاوانە هاوشێوەکانیان پەشیمان دەبنەوە".

خامنەیی لە پەیامەکەی خۆیدا شتێکی زیاتری دەربارەی جۆری سزادانەکە نەوتووە و تەنها ئەوە بووە کە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە.

ئیبراهیم رەئیسی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق وەک "تیرۆری کوێر" ناوبرد و هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و وتی "ئەم تاوانانە بێ وەڵام نابێت".

ئیسرائیل زۆربەی کاتەکان ئەم جۆرە هێرشانە ناگرێتە ئەستۆ و لە هەمانکاتدا ناشڵێت کە کاری ئەوان نەبوەو بە زۆری بێدەنگە هەڵدەبژێرین. رۆژی دووشەممە دانیەل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەربارەی ئەم هێرشانە رایگەیاند دەربارەی ئەو شتانەی لە میدیاکاندا باس دەکرێت سەبارەت بەم هێرشە هیچ ناڵێت و سوپای ئیسرائیل لە ئێستادا تەنها خۆی بۆ جەنگی غەزە تەرخان کردووەو هەوڵ ئەدات ئامانجەکانی خۆی لەم جەنگە بپێکێت و سەرکەوتوو بێت لەم جەنگەدا.

بەمەشەوە ماڵپەڕی ئێکسیووس لە زاری بەرپرسێی باڵای ئیسرائیلییەوە نووسیویەتی، سوپای ئەمریکا ئامادەیە بەرامبەر هەرچەشنە هێرشێکی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی کۆمااری ئیسلامییە وەک وەڵام دانەوە بەم هێرشەی کراوەتە سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق و دەزانین کە ئێرانییەکان دەیانهەوێت تۆڵە بکەنەوەو ئێمەش لە ئامادەباشیداین.

 

کۆبوونەوەی فەماندەکانی سوپا و هێزە فەلەستینییەکان کراوەتە ئامانج

 

دوا بە دوای هێرشەکەی رۆژی دووشەممە ١ی نیسان،رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیلی  و بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران کە چاودێری هێزەکانی سوپای قودس ئەکات ، نووسی:" هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەش کۆبوونەوەیەکی کردە ئامانج کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی ئەمنی و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و میلیشیا فەلەستینییەکان گفتگووگۆیان ئەکرد دەربارەی جەنگی غەزە.

نیویۆرک تایمز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، ژمارەیەک لە فەماندە پلەبااکانی جیهادی ئیسلامی فەلەستین و ژمارەیەک لە میلیشیاکانی غەزە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەیوە پشتیوانی ئەکرێن، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا ئامادە بوون لەو بینایەی کە کرایە ئامانج لە لایەن ئیسرائیلەوە.

سوپای پاسدارانن تەنها ئاماژەی بە ناوی ٧ کەس داوە کە لە هێرشەکەی دیمەشقدا کوژراوەو ناوی کەسیتری نەبردووە کە لە ناو کوژراوەکاندا بێت. بەڵام باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق ئاماژەی بەوە داوە ٦ کەسیتر کوژراون، هەرچەند ئەو بە هاوڵاتی سووری ناوی بردوون.

زیاد نخالە، سکرتێری گشتی جیهادی ئیسلامی فەلەستین، حەوتووی رابردوو هاوکات لەگەڵ سەفەری ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی مەکتەب سیاسی حەماس بۆ تاران، بانگکرابوو بۆ تاران بۆ گفتووگۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هاوئاهەنگ بوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی جەنگی غەزە.

چوار بەرپرسی ئیسرائیلی کە داوایان لە نیۆیۆرک تایمز کردووە ناویان نەبات، وتوویانە کە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو بینایە کاری ئیسرائیل بووە، بەڵام ئەوەیان رەت کردۆتەوە کە ئەو بینایە شوێنێکی دیپلۆماسی بێت.

ئەم بەرپرسانە وتوویانە ئەو بینایە بە دەستی سپای پاسدارانەوە بووەو چالاکییەکانی سوپای پاسداران لەوێوە پلانی بۆ داڕێژراوە، بۆیە ئامانجێکی سەربازی رەوا بووە.

لە ئەمریکا ، کارن ژان پییەر، وتەبێژی کۆشکی سپی بە میدیاکانی راگەیاندووە، جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی راپۆرتەکانە دەربارەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کۆنسولگەری ئیسرائیل لە دیمەشق .

بە پێی راپۆرتی میدیاکانی سوریا، مووشەکەکان لە ئیسرائیلەوەو لە بەرزاییەکانی "گوڵان"ەوە هاوێژراون و قەڵغانی مووشەکی سوریا ژمارەیەک لە مووشەکەکانی خستۆتە خوارەوە، بەڵام ئەو مووشەکانەی کە ئامانجەکەیان پێکاوە بووە بە هۆی وێرانبوونی بیناکە و کوژران و برینداربوونی هەموو ئەو کەسانەی لەو بینایەدا بوون.

‌ئیسرائیل لە چەند ساڵی رابردوودا و بە تایبەت دوای دەستپێکی نائارامییەکانی سوریا، چەندین جار بنکە و شوێنی هێزەکانی نزیک بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بینایەکی سەر بە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە ئامانج ئەمەش ئەکرێت دەرخەری ئەوە بێت کە ئیسرائیل دەیهەوێت پەرە بە هێرشەکانی بدات دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار