پاریس: شۆڕش

4 هەفتە لەمەوپێش



سەردار عەزیز

چون بۆ پاریس جۆرێکە لەشۆڕش. تۆنی نێگرێ، بیرمەندی رادیکاڵی ئیتاڵی، کە تەمەنێکی زۆری لەپاریس، وەک ئیکسایڵێک بەسەربرد، شۆڕش وەک رووداوێک نابینێت، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی رۆژانە لەدروستکردن و بونیادنانی خود. لەم روانگەیەوە پاریس هێندەت پێدەبەخشێت بۆیە وەک کردەیەکی شۆڕشیانە وەهایە.

سەرەتا بڕیار وەهابوو هەر من بڕۆم. بەڵام پاشان بڕیارماندا هەمومان بەخێزانی بڕۆین. لەدێروەختی وەتەنگی رۆژی جومعەدا بەپاسێکی هێواش لەفڕۆکەخانەی Paris Beauvais  گەشتینە  ویستگەی میترۆی Port Maillot، لەوێ لەئۆتێلی میریدیان من دیدارێکی کارکردنم هەبوو، پاشان رۆشتین بۆ ئەو شوقەیەی کە بە کڕێمان گرتبوو بۆ هەفتەیەک لە Nogent-sur-Marne

کە لەزۆنی دووی پاریسەو ١٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری پاریسەوە دوور بوو. باشیی شوێنێکی وەها لەوەدابوو کە بۆ خێزان گونجاوبوو.

ژیانی رۆژانەی پاریس سەرەتا بەچون بۆ نانەواخانە دەستپێدەکات  کەپێی دەڵێن بۆلانژەریی boulangerie. نان و هەموو شتەکانی تر کە لەهەویر دروست دەکرێن وەک کرۆسان و هاوشێوەکانی، بەشێکی سەرەکیی ژەمی خۆراکی فەرەنسین. من بەسروشتی خۆم حەزم لەنانی سپی نیە. زۆربەی کات نانی گەنمیش ناخۆم، بەڵام بەگێتی فەرەنسی بە تایبەت جۆری ترادیسون، بۆ ئێمە وەک میوانێک تامی تایبەتی هەبوو. فەرەنسییەکان زۆر ناوساجی یان کخێپ دەخۆن. بەگشتی خۆراکی فەرەنسی نە-خۆشە و نە تەندروست، بەتایبەتی لەماوەی درێژخایەندا. بەڵام هەستان لەکاتژمێر شەشی بەیانی و چون بۆ نانەوا پێش حەوت، ئەزمونێکی تایبەت بوو.

لای زۆرینەی خەڵک لەدونیا پاریس لەڕێگای وێناو حەقایەت و رووداوەکانیەوە، جێگایەکی پڕ ئەفسانەی بەتاڵبوەوەیە. بەو مانایە زۆرجار دەچیت بۆ پاریس بۆ بینینی ئەو شوێنانەی کە وێنایان لەخەیاڵتا بوونی هەیە. دەکرێت بڵێین شارێکی هەمیشە نمایشکراوە لەسیستەمی ئەمڕۆی پەیوەندیدا. بۆیە پێش ئەوەی بگەیت، ناوەکان، شوێنەکان، سەربوردەکان هەموو وەک شانەی هەنگ لەسەرتا ژاوەژاویانە. ئەمە تەنها بۆ شوێنە جیهاگەرابوەکان نیە وەک لوڤەر یان ئایفڵ، بەڵکو بۆ گەڕەکی بچکۆلەی وەک جادەی ئەندرێ بریتۆن، و هەزاران ناوی تری هاوشێوە.

دوو شت بینینی پاریس ئاسان دەکات، یەکەم، شارێکە بۆ پیادە.  دووەم سیستەمی چاکی شەمەندەفەرو میترۆ. گەر بتوانیت ئەم دووانە پێکەوە گرێبدەیت، وەک ئێمە کردمان، خۆت لەجەنجاڵی زۆر دەپارێزیت. پلانمان وەها بوو هەر ڕۆژێک لەحەوت رۆژەکە بڕۆین بۆ بەشێک لەشارەکە.

پێش رۆشتن تەماشای هەندێک یوتوبی سەفەرمان کرد، هەندێکیان بەسودن و هەندێکیان زۆر بێسود. بۆ نمونە، خۆ پاراستن لەخواردن لەجێگا گەورەکاندا، ئامۆژگارییەکی باش بوو، چونکە نە خواردنەکەی فەرەنسییە، نە جۆرەکەی باشە، وەک دەڵێن، تایبەت بۆ گەشتیار کراوە. گەشتیار هەمیشە لەهەناویدا بڕێکی زۆر لەگەمژەیی و ساویلەکیی لەخۆی دەگرێت.

گەڕان بەپاریسدا، هەنگاو دوای هەنگاو چیرۆکە رۆمانتیکیە کۆنەکان دەڕەوێنێتەوە و چیرۆکی زیاتر ریالیستی دروست دەکات. کتێبخانەیەکی بچکۆلەی پڕ کتێب، کابرایەکی کەنەدی پڕ خەیاڵ لەکۆڵانێکی تەسکی نزیک بە سۆربۆن خاوندارێتی دەکات. باخچەیەکی بەهاریی لەخوار ئینیستیتۆی کورد لەپاریس، لەوێ ژنەکەم کتێبێکی لەدۆلابی کتێبەکاندا دۆزییەوە لەنوسینی مۆریس بلانشۆ، دەربارەی پانتایی ئەدەبیی، کەبوار کارکردنیەتی لەئێستادا، خۆشییەکی ناوازەی بەخشیی.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانمان بوو، پاریسییەکان بون. ئەزمونمان لەگەڵ پاریسییەکاندا زۆر باش بوو. دوانیوەڕۆیەک سارای کچمان سەری دای بەبۆڕییەکی قەد دیوارێک و کەمێک بریندار بوو، لەنزیک شوێنەکەوە ئوتێلێکی بچوک هەبوو، دەستوبرد هاوکاربون، پاشان رۆشتین بۆ دەرمانخانە، لەوێ ناردینیان بۆ عەیادەی دوکتۆر، کە لەبچکۆلەیی و پێچ و پەناو چاوەروانکردنی دوکتۆر، جادەی ئۆرزدی و فۆکۆیان بیردەخستمەوە.

دوکتۆرەکە کاتێک ئێمەی بینی گوتی دەبێت بچن بۆ نەخۆشخانە. بەڵام لە بەرامبەرو تەماشاکردن و دەستنیشانکردن هیچ پارەیەکی وەرنەگرت. لەنەخۆشخانەی تەواری کارەکانیش زۆر بەباشیی بەڕێوەچون. پاریسییەکان بەگشتی خۆشمامەڵەو ئاسانکارو هاوکاربوون.

پاریس پایتەختی ئیمپراتۆریەتێکی بەسەرچووە. ئەم خەسڵەتە جۆرێک لەشانازیی و خەمبارییت پێدەبەخشێت. لەم رووەوە هاوشێوەیە لەگەڵ شارەکانی تری وەک لەندەن و ڤییەنا و شوێنەکانی تر لەئەوروپا. ئەم خەسڵەتانە لەڕواڵەتی خەڵک و ناوەکان و شوێنەکاندا دەبینی. کۆڵۆنیالیزم بەشێکی هەمیشەیی ژیاریی ئەوروپییە، رۆژانە بەچەندین شێواز پیادەکرێت.

ئەم رۆژانە ئەوەی باڵی بەسەر ژیانی رۆژانەی پاریسدا کێشابوو، تیرۆرو خۆ ئامادەکرن بوو بۆ ئۆلۆمپیادی ٢٠٢٤. ئامادەکاری ئۆلۆمپی جەنجاڵییەکی زۆری لەشارەکەدا دروستکردبوو. پاریسییەکان زۆر بۆڵەیان دەهات لەبارەیەوە. بەڵام ترسی تیرۆر لەهەواڵ و هاواری ئۆتۆمبیلی پۆلیس و ئامادەیی سەربازە پڕ چەکەکانی ناو ویستگەکان و زۆر شوێنی تردا دەبینران. ئەمە بەتایبەتی پاش رووداوەکەی روسیا.

تیرۆر هەمیشە بەدوای ئامانجی نەرم و ئاساندا دەگەڕێت، شوێنێک کەخەڵکێکی زۆری بێتاوان بکوژێت و هەروەها مانایەکی سیمبولی هەبێت. بۆیە خۆپاراستن لەشوێنە هەرە ناسراوەکان ناچاریی بوو.

رۆژێک بۆ دوورکەوتنەوە لەجەنجاڵی شار رۆشتین بۆ ڤێرسای. ڤێرسای شارێکی بچوکە لەدەرەوەی پاریس کە بەشوێنی کۆشکی ڤێرسای لەدونیادا ناسراوە.

یەکەم جار لەمانگی ئابی ساڵی ١٦٠٧ دوفینی لاو کە پاشان بوو بە لویسی سیانزە، لەپاریسەوە هات بۆ ڤێرسای بۆ راوکردن. دارستان و گۆماوو دەشتاییە پڕ گیاکانی بەدڵ بوو.

دوفین چەند ساڵێک دوای بەپادشابوونی لەساڵی ١٦١٧ گەڕایەوە. لەساڵی ١٦٢٣ شوێنێکی دروستکرد. ئەو شوێنە بوو بەبنەمای ئەو کۆشکە گەورەیە. لەدونیای نوێدا، ڤێرسای ئەو جێگایە بوو کە لەساڵی ١٩١٩ کۆنفرانسی بەناوبانگی پاریسی لێبەسترا. ئەو کۆنفرانسەی کە شەریف پاشا هەوڵیدا تیایدا بەشداری بکات، بەڵام رێگریی لێکرا. کتێبە بەناوبانگەکەی مارگرێت ماکمیلان بەووردی باسی ئەو شەش مانگە دەکات کەدونیای نوێ لەقاڵبداوە.

دوا جێگا دەبێت ئاماژەی پێبدەین، جادەی شانس لێزێیە Avenue des Champs-Élysées .

رەنگە ئەم جادەیە لەهەموو شوێنێکی تر زیاتر دەرخەری قەیرانی ئەمڕۆی پاریس بێت. کاتێک لویسی چواردە لەڕێگای André Le Nôtre, ی ئەندازەسازەوە ئەم جادەیەیان دروستکرد. ئێستا بووەتە یەکێک لەهەرە قەرەباڵغترین و جوانترین جادەکانی دونیا. چانس لیزێ نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژە، رۆژانە  زیاتر لە سێسەد هەزار کەسی پیادە تێدەپەڕێت. بۆ من بینینی ئەم جادەیە پێویستی بوو چونکە شوێنی نمایشی پاریسە بۆ دونیا. بەڵام ئەم جادەیە تەنها هەر جوانی و کاڵای گرانبەها و براندی ناسراوی نیە، بەڵکو جێگایەکە کە مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە تووشی ترازان دەبن.

وەک چۆن ئەمڕۆ لەکوردستان  خەڵک داوای جادەی زیاترو زیاتر دەکەن، رێگای پان و خێرا، وەک نیشانەی گەشەو پێشکەوتن دەبینرێن، رۆژانە کەپاریسیەکانیش وەها بوون. تەنانەت خەڵکانێک هەبوون کەپێشنیاری ئەوەیان کردبوو کەڕوباری سین بەڕێگای خێرا دابپۆشرێت. رێگاو ئۆتۆمبیل وەها دەبینران کەنیشانەی ژیانی سەردەمیانەیە.

ئەمڕۆ شانس لیزێ لەلایەن زۆربەی زۆری خەڵکی پاریسەوە ئەو جێگایەیە کەهەرگیز توخنی ناکەون. ئامارەکان ئاماژە بەئەوە ئەدەن کە لەنێو ئەوانەی کەجادەکە بەکاردەبەن تەنها پێنج لەسەدیان خەڵکی پاریسە، ئەوانیتر هەموو گەشتیارو کارکەرانە. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کەجادەکە یەکێکە لەژەهراویترین جێگاکانی دونیا بەهۆی زۆری دوکەڵی ئۆتۆمبیل. کاتێک کەوانەی سەرکەوتنم دی کە لەناوەڕاستی خولانەوەیەکی ئۆتۆمبیلیدا بوو، بەلامەوە جێگای سەرسورمان بوو.

ئێستا شارەداری پاریس ئان هیدالگۆ دەیەوێت ئەم ناوچەیە لەئۆتۆمبیل پاک بکاتەوەو بیکاتە جێگایەکی سەوزایی پیادە. بۆ ئەم مەبەستە Philippe Chiambaretta ئەندازەساز بەپلانێکی تۆکمە دەیەوێت لەساڵانی داهاتودا بگۆڕێت بۆ شوێنێک کە بتوانیت بەپاکی هەناسەی تیادا بدەیت و پیاسەی تیادا بکەیت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار