رێبەری ئێران دوای خــامنەیی‌و جێگرەوەکانی

4 هەفتە لەمەوپێش



ئا: هاوڵاتی

رۆژی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بەڕێوەچوو. کاری ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دیاریکردنی رێبەری داهاتووی ئێرانە لەئەگەری مردن یان وازهێنانی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەدەسەڵات. پێدەچێت ئەم خولە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوایین خولی هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنە بێت لەسەردەمی ژیانی عەلی خامنەییدا. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەئێستادا ٨٥ ساڵی تەمەنە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری هەر هەشت ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و هەشت ساڵی تر ئەگەر ئایەتوڵڵا خامنەیی لەژیاندا بێت تەمەنی گەیشتووەتە ٩٣ ساڵ.

باسکردن لەجێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەئێراندا چەندساڵە باسێکی گەرمە، چوونە سەرەوەی تەمەنی رێبەری کۆماری ئیسلامی و لەهەمانکاتدا ئەوەی کەنەخۆشە وایکردووە بیر لەجێگرەوەی بکرێتەوە.

رۆژی ٢ی ئازاری ٢٠٢٤، ماڵپەڕی رادیۆ فەردا، بابەتێکی لەم بارەوە بڵاوەکردەوەو دەربارەی جێگرەوەی خامنەیی و ئەگەرەکانی جێگرەوەی خامنەیی و لەم پەیوەندەدا بۆچوونی ٣٠ رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات وەرگرتووە. ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ماڵپەڕە راپرسییەکی وەها لەناو رۆژنامەنووس چالاکە سیاسییەکاندا دەکات و ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە. هەشت ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی بەڕێوەچوونی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا هەمان راپرسی لەناو رۆژنامەنووسەکاندا بڵاوکرایەوە. زۆربەی رۆژنامەنووسەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کەدۆخی سیاسی جۆرێکە پێشبینی ناکرێت. هەشت ساڵ لەوەپێش باس لەکەسانێکی وەک «هاشمی رەفسەنجانی» ، «مەحموود هاشمی شاهروودی»، «حەسەن خومەینی»، «سادق لاریخانی» دەکرا وەک ئەو کەسانەی کەئەگەری هەیە ببن بەڕێبەری دوای خامنەیی. بەڵام لەئێستادا ئەم کەسانە یان ئەوەیە لەژیاندا نەماوەن وەک «هاشمی رەفسەنجانی» و «مەحموود هاشمی شاهروودی»  لەژیاندا نەماوەن، یان ئەوەیە وەک « حەسەن خومەینی « و « سادق لاریجانی» لەدەسەڵات دوورخراونەتەوەو بێزراون. ساڵی ٢٠١٦ « هاشمی رەفسەنجانی» وەک دیارترین کەس بۆ جێگرەوەی خامنەیی باسی لێدەکرا، بەڵام « رەفسەنجانی» کانوونی دووهەمی ٢٠١٧ بەشێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەناو مەلەوانگەیەکدا بینرایەوەو کوڕو کچەکانی سوورن لەسەر ئەوەی باوکیان کوژراوە.

 زۆربەی زۆری ئەو ٣٠ کەسەی لەم راپرسییەی رادیۆ فەردا بەشدارییان کردووە کە لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەچووە، لەسەر ئەو باوەڕەن رێبەری داهاتووی ئێران لەدەرەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دیاری دەکرێت و عەلی خامنەیی پێش مەرگی خۆی رێبەری ئێران دیاری دەکات.

 

کێن ئەوانەی وەک جێگرەوەی خامنەیی باسیان لێوەدەکرێت؟

لەم چەند ساڵەدا کەپرسی جێگرەوەی خامنەیی لەئارادایە بەردەوام «موجتەبا خامنەیی» کوڕی عەلی خامنەیی وەک یەکێک لەبژاردەکان باس دەکرێت کە رێبەری داهاتووی ئێرانەو باس لەوە دەکرێت لەم چەند ساڵەدا «موجتەبا خامنەیی» ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ببێت بەڕێبەری داهاتووی ئێران. لەگەڵ ئەوەش بەردەوام کۆمەڵێک کەسی تر ناویان هاتووە وەک «ئیبراهیم رەئیسی» سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. هەرچەند ئەم ناوانە کەهاتوون زیاتر گومانن و کەمتر بەڵگەیەک لەبەردەستە. بەمەشەوە ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگیردرێت کەحکوومەت ئەم دوو کەسە وەک بژاردەی یەکەم دەبینێت.

لەبابەتێکدا کە  رادیۆ فەردا  رێکەوتی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ دەربارەی جێگرەوەکانی خامنەیی بڵاویکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی ئاماژە دەدات بەناوی» موجتەبا خامنەیی» و « ئیبراهیم رەئیسی « وەک دوو ناو کەبەختی زیاتریان هەیە بەوەی ببن بەڕێبەری داهاتووی ئێران، دوو ناوی تر دەخاتەڕوو کە تا رادیەکی کەم ناسراون. وەک لیستی شاراوەی پاڵێوراوانی رێبەری ناویان لێدەبات. ئەو دوو کەسەش بریتین لە عەلیڕەزا ئەعرافی و موحسێن قومی.

عەلیڕەزا ئەعرافی: عەلیڕەزا ئەعرافی، لەدایکبووی ١٩٥٩، شاری مەیبود لەپارێزگای یەزد. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەران ( شۆرای نیگەهبان) و کەسی یەکەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری لەتاران. ئەوەی ئەم کەسە دەکات بەیەکێک لەو کەسانەی کەوەک جێگرەوەی خامنەیی لەداهاتوودا ناوی لێببرێت، ئەدام بوونیەتی لە « ئەنجومەنی پارێزەران» کە ١٢ کەسن و لەلایەن رێبەرەوە دیاری دەکرێن. هەروەها «ئەعرافی» لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت و کەسێکە لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی هەیەو پشتیوانی هەیە.

ئەعرافی کەسێکە لەلایەن خامنەییەوە زۆر پشتیوانی دەکریت. لەساڵی ٢٠٠٨ەوە تاساڵی ٢٠١٨ بەرپرسی «جامعة المصطفی العالمیة» کە دامەزراوەیەکە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دروستکراوەو بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٣ ملیۆن دۆلار بوودجەی بۆ تەرخانکراوە. ئەم دامەزراوەیە کەوەک ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی مەلای شیعە کاردەکات، لە ١٣٠ وڵاتەوە بەشێوەی ئۆنلاین یان راستەوخۆ خوێندکاری وەرگرتووەو لە ٨٠ ناوەندی ئایینی لەوڵاتانی جیاواز سەر بەم دامەزراوەن.

لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی سووریادا «ئەعرافی» باسی لەوەکرد ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانی کەتیبەی « فاتمییون» و « زەینبەبییون» کە لەسووریا بۆ پشتیوانی لەبەشار ئەسەد جەنگاون، دەرچووی « جامعە المصگفی العالمیه «ن، بەشێک لەو کەسانە کوژران، برینداربوون و بەشێکیشیان ئێستا لەجەنگدان.

موحسێن قومی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەگوندی مامازەندی وەرامین، جێگری بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی نووسینگەی ئایەتوڵڵا خامنەیی و کەسی دووهەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرێتی. موحسێن قومی لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا بریندار بووە. پێنج کەس لەئەندامانی بنەماڵەکەی لەجەنگدا کوژراون. لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی ئازادی ئیسلامییە لەئێران. پێشتر نوێنەری خامنەیی بووە لەزانکۆکان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری بووە لەئێران.  سەر بەباڵی کۆنسێرڤاتی دەسەڵاتە و لەناو سوپای پاسداراندا قسەی دەڕوات و کەسێکە نزیک لەنووسینگەی خامنەیی.

موحسێن قومی پشتیوانی خامنەیی لەپشتە و خامنەیی وەک کەسێکی زاناو دڵسۆز ناوی بردووە. وەک کەسێک جێی متمانەی خامنەیی ٢٠١٨بەشداریکرد لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەکتێبی «بیرەوەرییە زارەکییەکانی خامنەیی» لەبەیرووت پایتەختی لوبنان.

موجتەبا خامنەیی: لەدایکبووی ١٩٦٩، کوڕی دووهەمی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی. خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. «رادیۆ فەردا» لەبابەتێکدا کە رۆژی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەدات کە لەئێستادا زیاتر لەهەموو کات ئەگەری چوونە دەسەڵاتی «موجتەبا» دوای مەرگی باوکی زیاترە. فەردا لەمبارەوە نووسیویەتی:» ژمارەیەک لەچاودێرەکان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەوەی کەبەشێکی زۆر لەکەسایەتییە دیارەکان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوورخرانەوەو بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین لەدەسەڵات دوورخراونەتەوە، ئامادەکردنی بەستێنەکانە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک کەحکوومەت دەیەوێت وەک رێبەری داهاتووی ئێران دیاری بکات» .

مەحموود محەممەدی عێراقی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، چەند رۆژ پێش هەڵبژاردنی ١ی ئازار باسی لەوە کرد خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی تەنانەت دژی ئەوەیە ناوی موجتەبا خامنەیی بخرێتە ناو ئەو ناوانەوە کە وەک پاڵیوراوی رێبەری بۆ داهاتووی ئێران دیاری دەکرێن.

مەحموود محەممەدی عێراقی لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی (ایلنا) ئەڵێت:» جارێک... لەکۆمیتەیەکی سێ کەسی باس لەیەکێک لەکوڕەکانی رێبەر کرا کە لەباری زانستییەوە لەئاستێکی باڵادایە وەک رێبەری داهاتووی ئێران، ئەم هەواڵە گەیشتبووە گوێی رێبەرو رێبەر ئەوەی رەتکردووەتەوە کەکوڕی ئەو هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی گومانی بەمیراتی بوونی رێبەری دروست نەبێت، کەوایە تەنانەت ئیزنی نەدا تاوتوێی ئەو بابەتەش بکرێت».

بەڵام بەڕاست عەلی خامنەیی دژی ئەوەیە کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە؟ موجتەبا خامنەیی لەچاو پاڵێوراوەکانی تر چەند بەختی هەیە، خاڵە بەهێزەکانی کامانەن و کێشەکانی بەردەمی چین؟

پرسی دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی لەسیاسەتی ئێران و تەنانەت ئەگەری بەڕێبەربوونی لەداهاتوودا دوای مەرگی باوکی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیە لەوەپێش. ١٨ ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەساڵی ٢٠٠٥، بۆ یەکەمجار باس لە دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی کرا لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران، ئەوکاتە مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو بەسەرۆککۆماری ئێران و مەهدی کەڕووبی یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کەناوی موجتەبا خامنەیی هێنا وەک کەسێک کەدەستی وەرداوە لەهەڵبژاردنەکاندا بەهاوکاری سوپای پاسداران. کەڕووبی دواتر لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەدەسەڵات دوورخرایەوەو لەئێستادا لەماڵی خۆی لەزینداندایە.

موجتەبا خامنەیی، لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی زۆری هەیە. پشتیوانی زۆری لێدەکرێت و وەک کوڕی عەلی خامنەیی بەختی زۆری هەیە ببێت بەجێگرەوەی خامنەیی.

 ئیبراهیم رەئیسی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەمەشهەد. سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. خوێندنی تا ٦ی سەرەتایی خوێندووەو دواتر خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. پێشتر سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی بووە. بەوە تۆمەتبار دەکرێت یەکێک بووە لەو کەسانەی کەبەشدار بووە لەئیعدامی بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لەئێران لە ١٩٨٨ کەدەوترێت نزیک بە ١٥ هەزار کەس لەو ساڵە ئیعدام کران. سەر بەباڵی توندڕەوە لەئێران و لەلایەن سوپای پاسدارنەوە پشتیوانی دەکرێت. یەکێکە لەبەختەکانی جێگرەوەی خامنەیی.

رەئیسی لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لەساڵی ٢٠٢٢، پشتیوانی تەواوی خامنەیی و سوپای پاسدارانی لەپشت بوو. لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و هەروەها ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا رەخنەگرەکانی رەئیسی دوورخرانەوەو مۆڵەتی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنیان پێنەدرا.

 

ئێران دوای مەرگی خامنەیی

کۆماری ئیسلامی لەچەندساڵی رابردوودا تووشی قەیران هاتووە. لەناوخۆی وڵات رەوابوونی خۆی لەدەستداوە. بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک بە ٤٠٪ خەڵک لەدوایین هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد. رۆژی ١٥ی ئازار، فایلێکی دەنگی لە «جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردەمی حەسەن رووحانی بڵاوکرایەوەو «حسێن تائب» راوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و «محەممەد عەلی جەعفەری» فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستیان وەرداوە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێژەی بەشداری خەڵکیان زیاتر کردووە. زەریف تەنانەت باس لەوە دەکات رێژەی بەشداری خەڵک نزیک ٢٪ بووە، کەچی گەیەنراوەتە ٤٠٪.

شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی یان شۆڕشی ژینا کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستیپیکرد، رەوابوونی دەسەڵاتی بردە ژێر پرسیارەوە. حکوومەت لەدوایین دانپێدانانیدا باس لەوەدەکات ٢٨١ کەس کوژراوە، بەڵام چاودێران و رێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو تەنها لە کوردستان لانیکەم ١٣٤ کەس کوژراون. هەروەها لە ١ رۆژدا لەسیستان و بەلووچستان نزیک ١٠٠ کەس کوژران کە بەهەینی خوێناوی ناسراوە.

شۆڕشی ژیناو ناڕەزایەتییەکانی پێش شۆڕشی ژینا، رەوابوونی ئەو دەسەڵاتەی بردووەتە ژێرپرسیارەوە. کەساسەیەتی خامنەیی تائێستا بەری بەچەند جەمسەربوونەوەی دەسەڵات گرتووە. شارەزایان باس لەوە دەکەن مەرگی خامنەیی بنەماکانی دەسەڵات لەرزۆک دەکات. لەڕاپرسییەکەی رادیۆ فەردا کە رێکەوتی ٢ی ئازار ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ، زۆربەی بەشداربوان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران دوای خامنەیی وەک پێش مەرگی خامنەیی نابێت. جێگری خامنەیی هەرکەس بێت توانای ئەوەی نابێت جیاوازییەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆبکاتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار