زانیاری ورد لەبارەی کۆگە مووشەکییەکانی ئێران

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری

لە ئێستادا  وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا بە وردی چاودێری ئاڵۆزی و ئالەنگارییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەن و چاودێرە سەربازی و سیاسییەکانیش بە سەر دوو رای جیاوازدا دابەش بوون .

بەشێکیان پێیان وایە کە ئێران هێرشێکی سنووردار بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام ئەدات و بەشەکەی دیکەش پێیان وایە لە ئێستادا کە کێشە ناوخۆییەکانی ئێران لە لێواری تەقینەوەدایە و خەڵکی ئێران بە بارێکی ئابووری سەختتدا تێدەپەرن ، حکومەتی ئێران بۆ مەشغوڵ کردنی ئێرانییەکان هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و دروونی دەکاتە سەر ئیسرائیل.

لەمبارەیەوە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا و ئەمەریکا بە ئاژانسی "رۆیتەرزیان" راگەیاندووە کە لە ئێستادا ئێران خاوەن کۆگەیەکی بەرفراوانی مووشەک و درونی بۆمرێژکراوە .

 

لێرەدا هاوڵاتی زانیاری ورد لەبارەی گرنگترین مووشەکە جەنگییەکانی ئێران دەخاتە روو.

مووشەکی دوورمەودا

چەند رۆژێ لەمەبەر ئاژانسی هەواڵی " ئیسنا" نیمچەفەرمی ئێران بە گرافیکێک نۆ مووشەکی ئێرانی خستەروو کە دەتوانن قوڵایی ئیسرائیل بپێکن.

 مووشەکی " سوجەیل" یەکێکە لە مووشەکە دوورمەوداکانی ئێران کە دەتوانێت 17 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببرێت و مەوداکەشی دەگاتە 2500 کیلۆمەتر، "خەیبەر" یەکێکی دیکەیە لە مووشەکە دوورهاوێژەکان و مەوداکەی دەگاتە 2000 کیلۆمەتر، مووشەکی "حاجی قاسم" کە بەناوی"قاسم سولەیمانی" فەرماندەی پێشووی سوپای قودس ناونراوەو مەوداکەی دەگاتە 1400 کیلۆمەتر.

مووشەکی کورت مەودا

ماوەیەک لەمەوبەر رێکخراوی سنووردارکردنی چەک کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە رایگەیاند، ئێران خاوەنی چەندین مووشەکی کورت مەودای جۆراجۆرە کە هەندێکیان بریتین لە "شەهابی یەک" و مەوداکەی 300 کیلۆمەترە، "زولفەقار" مەوداکەی 700 کیلۆمەترە و "شەهابی سێ" مەوداکەی لە نێوان 800 بۆ 1000 کیلۆمەترە و "عیماد ی یەک" مەوداکەی 2000 کیلۆمەترە و "سوجەیل" هەوڵ دەدرێت مەوداکەی بگەیەنرێتە 1500 بۆ 2500 کیلۆمەتر.

جگە لەم مووشەکانە ئێران خاوەنی مووشەکی "کرۆز کەی.ئات-55"و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و مەوداکەی دەگاتە 3000 کیلۆمەتر و هەروەها خاوەنی چەند مووشەکێکی نوێی دژەکەشتییە کە مەوداکانیان دەگاتە 300 کیلۆمەتر و توانای هەڵگرتنی کڵاوەیەکی تەقەمەنی یەک تەنییان هەیە.

مووشەکی هایپەرسۆنیک

 

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، بۆ یەکەمین جار هێزە سەربازییەکانی ئێران توانیویانە مووشەکی بالیستی هایپەرسۆنیک بەرهەم بهێنن.

جێی ئاماژەیە ئەم جۆرە مووشەکانی پێنج جار لە خێرایی دەنگ خێراترن و بەئاسانی ناتوانرێت بپیکێنرێن.

درۆن

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ئێران رایگەیاند ، درونیکی پێشکەوتووی بە ناوی " موهاجری دە" دروست کردووە کە مەوداکەی دەگاتە 2000 کیلۆمەتر و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر توانای فرینی هەیە و دەتوانێت 300 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار