ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

 لەگەڵ زیادبونی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و باسکردن لە ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە وەک وەڵامدانەوە بە کوژرانی ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە دیمەشق، بە پێی راپۆرتەکان بەرلە نیوەڕۆی رۆژی شەممە ١٣ی نیسان لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەست بە سەر کەشتییەکی پورتەگالیدا گیراوە لە گەرووی هۆرمۆز و بە پێی زانیارییەکانی رادیۆ سوپای ئیسرائیل، خاوەندارێتی ئەم کەشتییە ئەگەڕێتەوە بۆ میلیاردێرێکی ئیسرائیلی.

بەرلەنیوەڕۆی رۆژی شەممە ١٣ی نیسان، ئەسۆشەیتێدپرێس رایگەیاند لە گەرووی هۆرمۆز لە لایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە دەست بە سەر کەشتییەکی بازرگانیدا گیراوە و دوا بە دوا بڵاو بوونەوەی هەواڵەکە لە لایەن ئەسۆشەیتێد پرێسەوە ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی (ایرنا) هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

ماڵپەڕی "ایرنا " نووسیویەتی، هێزی تایبەتی دەریایی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر کەشتی کەشتی " MSC " دا گرتووەو بەرەو کەنارەکانی ئێرانی دەهێنن.

بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوی بازرگانی دەریایی بەریتانیا، ئەم کەشتییە لە ٥٠ مایلی باکووری رۆژهەڵاتی بەندەری "الفجیرە"ی ئیمارات لە دەریای عوممان، دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەسۆشەیتێدپرێس نووسیویەتی کەشتی «MSC Aries» سەر بە کۆمپانیای " زۆیاک مریتایم"ە کە نووسینگەکەی لە "لەندەن"ەو میلیاردێرێکی ئیسرائیلی بە ناوی "ئایال ئۆفێر" خاوەندارێتی کۆمپانیاکە دەکات.

دوابە دوای توندتربوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە ئەدەن وڵاتانی رۆژئاوایی بە هاوڵاتیانی خۆیان راگەیاندووە خۆیان بە دوور بگرن لە سەفەر بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها خەریکی توندترکردنەوەی لایەنەکانی خۆپارێزین لە ناوچەکە.

رۆژنامەی " Daily Mail  " بەرەبەیانی یەکشەممە ١٣ی نیسان  لە زاری وەزیری بەرگری بەریتانیاوە بڵاوی کردەوە کە هێزی دەریایی بەریتانیا، ئۆپەراسیۆنی تایبەتی بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی بەریتانی لە ناوچەکە ئەنجام ئەدات ئەگەر کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ABCNEWS رۆژی هەینی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە نەیانویستووە ناویان ببرێت نووسیویانە، ئێران دەیان مووشەکی کرووز و بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە کردووە.

کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا ئەتوانێت بە مووشەکەکانی خۆی راستەوخۆ خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج و لەو رووەوە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە ئەبێ بە هۆی تێکچوونی ئەمنییەت و ئاسایشی ئاسمانی ناوچەکە، "دەیلی مەیل" نووسیویەتی بەریتانیا ئەیەوێت هاوڵاتییەکانی خۆی لە رێگای دەریاوە لە مەترسییەکان دوور بخاتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم رێکارەی بەریتانیا بۆ پاراستنی هاوڵاتییەکانی خۆی، وڵاتانی ئەڵمانیا، کەنەدا، رووسیا، هۆڵەندا، ئەمریکا و ئۆسترالیا داوایان لە هاوڵاتییەکانی خۆیان کردووە لە ئێستادا خۆیان بەدوور بگرن لە سەفەر بۆ ئێران و ئیسرائیل و ناوچەکە، هاوکات چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی رۆژئاوایی رایانگەیاندووە لە ئێستادا سەفەرەکانی خۆیان بۆ ئێران راگرتووە و سنووری ئاسمانی ئێران بەکار ناهێنن.

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران دائەخات و کۆنسولگەری هۆڵەندا لە هەولێر لە رۆژی یەکشەممە ١٤ی نیسانەوە دائەخرێت.

دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کۆنسولگەری ئێران لە رۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢٤ کە ٧ ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەممەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا و لوبنان لە سوپای قودس کوژران، راپۆرتەکان باس لەوە ئەکەن ئەگەری زۆری هەیە ئێرن راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

دوای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشتری سوپای قودس، کە بەفەرمانی دۆناڵدترامپ لە عێراق کوژرا، محەممەد رەزا زاهیدی، دیارترین و پلەبەرزترین فەرماندەی ئێران بووە کە لە دەرەوە ئەو وڵاتەوە کوژراوە. جگە لە زاهیدی، لە مانگەکانی رابردوودا و دوای دەستپێکی جەنگی غەزە، ژمارەیەکیتری فەرماندەی سوپای پاسداران لە لایەن ئیسرائیلەوە لە سووریا کوژراون.

رۆژنامەی ئەمریکی واڵ ستریت جۆرناڵ، بەرەبەیانی رۆژی هەینی لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە ئەگەری زۆری هەیە لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئێران بە فەرمانی خامنەیی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و خامنەیی لە ئێستادا خەریکی تاوتوێکردنی مەترسییەکانی ئەم هێرشەیە، بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئێران فڕۆکە خۆکوژەکانیان لە حەشارگەکانیان هێناوەتە دەرەوەو ئامادەیان کردوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار