ئەمەریکا بۆ یەکەمینجار مووشەکێکی تایبەتی لەدژی ئێران بەکارهێنا

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری

دوای هێرشە درۆنی و مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بەشداریکردنی چەند وڵاتێکی ئەوروپی و ئەمەریکا لە بەرچەردانەوەی ئەو هێرشە و خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران لە ئاسمانی چەند وڵاتێکی ناوچەکەدا لە ئێستادا نهێنییەک لەبارەی ئەو شەوە و جۆرە مووشەکێکی تایبەتی ئەمەریکا ئاشکرا کراوە کە بۆ یەکەمینجارە لە دژی ئێران و بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئیسرائیل بە کارهێنراوە.

رۆژنامەی "ئەنتەرسبت"ی ئەمەریکی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە کە لە شەوی هێرشەکەی ئێراندا، ئەمەریکا بۆ یەکەمینجار لە رێگەی هەردوو کەشتی جەنگی "ئارلی بەیک" و "یو ئێس ئێس کارنی" لە دەریای ناوەراستەوە 4 بۆ 7 مووشەکی جۆری "ئێس ئێم – 3" ی بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بەکارهێناوە .

ئەم جۆرە مووشەکە لە ساڵی 2014دا وەک چەکێکی تایبەتی سوپای ئەمەریکا کە لە رێگەی کەشتییە جەنگییەکانەوە دەهاویژرێت خرایە بواری بەکارهینانەوە و بۆ یەکەمجاریش سوپای ئەو وڵاتە لە ساڵی 2018دا لەدوای تاقیکردنەوەیەکی ئەزموونی بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکێکی بالیستی کورت مەودا، کارایی مووشەکەکەی راگەیاند.

مووشەکەکەی ئەمەریکا لە توانایدایە بەرپەرچی هێرشی مووشەکە بالیستییە کورت مەودا و مامناوەندەکان بداتەوە و بە جۆرێک دروستکراوە کە دەتوانرێت بۆ لێدانی ئەو مانگە دەستکردانەی لە نزیک خولگەی زەوییەوە جێگیر کراون سوودی لێببینرێت و درێژییەکەشی 6.55 مەترە و بە بەشێک لە سیستمی بەرگری دەریایی ئەمەریکا و هاوپەیمانی ناتۆ ئەژمار دەکرێت.

تایبەتمەندییەکی  دیکەی ئەم مووشەکە بریتییە لە هەڵنەگرتنی کڵاوەی تەقەمەنی، واتە ئەم مووشەکە لە توانایدایە لە رێگەی تیشکی ژێرسوورەوە ڕێرەوی مووشەکە بالیستییەکان دیاری بکات و بە خێرایی 8 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا خۆی بکێشێت بە مووشەکەکە و لەرێگەی بەریەک کەوتنێکی بەهێزەوە مووشەکی دوژمن لەناوبەرێت، لە هەمان کاتیشدا لە کاتە پێویستەکاندا مووشەکەکە لە توانایدایە بە یەکجار چەند کڵاوەیەکی تەقەمەنی لێببەسرێت و بەکار بهێنرێت.

جێی ئاماژەیە ئەم مووشەکە بە تایبەتی بۆ سیستمی جەنگی ئەمەریکی ناسراو بە سیستمی "ئەیجیسی دژە مووشەکی" دروستکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار