مەقبولە ئۆزەری 81 ساڵ بەتۆمەتی هاریکاریکردنی پەکەکە دووبارە دەستگیرکرا

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەو ژنە 81 ساڵە کوردەی لە وان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە لەگەڵ هاوژینەکەیدا خرابووە زیندان و دواتر بەهۆی خراپیی باری تەندروستی سزاکەی دواخرا، جارێكی دیکە زیندانیکرایەوە. 

بڕیاری دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی مەقبولە ئۆزەری تەمەن 81 ساڵ، دوای ئامادەکردنی راپۆرتێکی دادپزیشکی تورکیا هات، کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە مەقبوولە ئۆزەر، "دەتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە."  

پۆلیسی تورکیا  دوێنێ لە ناوچەی ئارتەمێتانی وان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەقبولە ئۆزەر و گواستویانەتەوە  بۆ دادگا؛ پاشان دادگا بڕیاری گرتن و زیندانیکردنی بۆ دەرکردووە.

دایە مەقبولە رۆژی 9ی ئایاری 2022، لە ناوچەی ئارتەمێتانی سەر بە پارێزگای وان لەگەڵ هادی ئۆزەری هاوژینی دەستگیرکران. دادگای وان بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە، سزای دوو ساڵ و مانگێک زیندانیکردنی بۆ مەقبولە ئۆزەر بڕییەوە.

دواتر 7ی ئەیلوولی 2022 بە پشتبەستن بە راپۆرتی پزیشکی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام دووبارە رۆژی دووشەممە 22ـی نیسانی 2024 دەستگیرکرایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار