ڕەحیمی زەبیحی  چۆن سوتێنرا، تاوانه‌که‌ سیاسیه‌ یان کۆمه‌ڵایه‌ت

ڕەحیمی زەبیحی سینەماکار و دەرهێنەری کورد گیانی لەدەستدا

5 ساڵ لەمەوپێش



ئا/ لۆڤە محەمەد

ڕەحیمی زەبیحی، سینەماکار و دەرھێنەری ناوداری کورد، درەنگانی شەوی هەینی 7/12/2018، ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگای نیزەڕۆی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرگەڕا و دواتریش ئاگری تێبەربووە، بەوهۆیشەوە خۆی و براکەی کە لە نێویدا بوون گیانیان لەدەستدا.

نوری کاکە خان، ئەکتەری دیاری شاری سلێمانی و بەشداربووی درامای (ماڵەکەی مەعرووف) سەبارەت بە کۆچی دوایی ڕەحیمی زەبیحی بۆ هاوڵاتی وتی:"گیان لەدەستدانی ڕەحیمی زەبیحی کارەساتێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ من، کاتێک هەواڵەکەیم بیست ڕووخام، جگە لەوەی کە هاوڕێ بووین و دەرهێنەرم بوو، ٢٠ شەو پێش گیان لەدەستدانی لە ڕێگەی مەسنجەرەوە پەیوەندیمان ئەنجامدا و پێی وتم کە من ئێستا دکتۆرا دەخوێنم لە تارانم  کە تەواوبووم و هاتمەوە سلێمانی هەنگاوێکی دیکە دەنێم و فلیمێک بەرهەم دەهێنم کە زۆر جیاواز بێت لە کارەکانی پێشووتر و پێویستیم بە تۆیە لە هاوکاریکردنم بۆ ئەنجامدانی ئەو فلیمە، بەڵام بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا ئەو خەونەی بەدی بهێنێت".

لە دەرخستنی کەسایەتی و کارەکتەری ئەو سینەماکار و دەرهێنەرەی کورد، نوری کاکە خان ئاماژەی بەوەدا:"ڕەحیمی زەبیحی هەم دەرهێنەر بوو، هەم هاوڕێ بوو، پیاوێک بوو ئیشی جوانی هەبوو خەیاڵ و فکری زۆر جوانی پێبوو، بە سەلیقەبوو زۆر نەرمونیان بوو لەگەڵ ئەکتەرەکانی و وەک هاوڕێ و دۆست مامەڵەی دەکرد و توڕە بوونی نەبوو لە کاتی کارکردندا، ئایندەیەکی زۆر باشی دەبوو، بەڵام بەداخەوە کە هەواڵی کۆچیمان بیست، بە کۆچی دوایی تەنها لە خانەوادەکەی و هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەڕۆیی بەڵکو لە هەموو میللەتی کورد و هونەرمەندانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕۆشت".

فلیمە سینەماییەکانی و دراما بە چێژەکانی وایکرد کە هەموو کورد لە پارچەکانی کوردستان ئاشنا بێت ڕەحیمی زەبیحی و بە گیان لەدەستدانی ماتەم بگێڕن و پرسەی بۆ دابنێن.

 ئەزموونی ئەم سینەماکارە لە فلیمە سینەماییەکانی و دراما کوردەوارییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و وایکردووە کەسانی ئەکادیمیش سەریان بسوڕمێت لەو شاکارانەی کە پێشکەش بە بینەری دەکرد و لایخۆشیەوە دڵشاد مستەفا، سەرۆک بەشی فلیمسازی لە زانکۆی سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی: ڕەحیمی زەبیحی هەر بەتەنها هونەرمەندێکی سادە و ساکار و ئاسایی نەبوو، بە تێکەڵاوبوونی لەگەڵ سینەما لە شارەکەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وایکردبوو توانای ئەم کوڕە بگاتە ئەو ئاستەی کە لێوەی چاوەڕوان دەکرێت، بە ئەزموونی خۆی توانی کۆمەڵێک فلیم بەرهەم بهێنێت کە بە مامەڵەیەکی باش و ورد لەگەڵ فۆڕمی سینەمادا بکات و زمانێکی سینەمایی بهێنێتە کایەوە کە بینەرەکەی خۆی بەو وێنانە ڕازی بکات کە لە میانەی فلیم و دراماکانیدا بینەر دەیبینی.

)دڵشاد مستەفا(، کۆچی ڕەحیمی زەبیحی بە دەرفەتێک دەزانێت کە پشتگوێخستنی هونەر و ژیانی هونەرمەندان بخاتەڕوو و ڕایگەیاند:" کۆچی ڕەحیمی زەبیحی لە ئێستا و ئەمڕۆدا بەو شێوەیەی بەرامبەری کراوە ئەوەمان بەبیر دەهێنێتەوە کە ئێمە چەند  تەنهاین، ئێمە کەوتوینەتە شوێنێکەوە کە جگە لە خۆمان کەسیترمان نیە کە داکۆکی لە خەون و خەیاڵمان بکات، هونەرمەندی کورد وایلێهاتووە کەوتوەتە بەر هەڕەشە و مەترسیانەی کە ئیتر بە ئینسان و بە ژیانی ئینسان دەکرێت، بۆیە مەرگی ڕەحیم ئەوەمان بە بیر دەهێنێتەوە کە لەبەردەم لەناوچونێکی نزیک و خێراداین کە دەبێت زوو فریایی ئەوە بکەوین کە چیمان هەیە بە بینەر و بە وەرگری خۆمانی بڵێین".

)ڕەحیم زەبیحی( لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووەو یەکێکە لەسینەماکارە بەتواناکانی کورد، چەندین کورتە فلیمی وەک “هاوار”، “سەتەلایت”، “کۆتایی شەڕ”، “ئەو پیاوەی کە چو بۆ سەیران”، “ساتە مەزادکراوەکان”، “تیرۆریستێک دادەبەزێ”، “ڕۆژی دوایی”، “ئیسترێس″، “سەمای ڕەنگەکان”، “ژانی دابڕانی ئەبەدی”، فیلمی “وڵاتی ئەفسانە” و چەند کورتە فلیمی سینەمایی  دیکەی بەرهەم هێناوە و لەچەندین فیستیڤاڵی سینەمایی ناوخۆیی ‌و جیهانیدا نمایشكراون ‌و خەڵاتیان وەرگرتووە، هەروەها لە شاری سلێمانیش درامای (ماڵەکەی مەعرووف)ی بەرهەم هێناوە کە پڕبینەرترین درامابووە لە باشوری کوردستان و ئەمەش وایکرد کە لەباشووری کوردستانیش بینەرێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.

لە دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ڕەحیمی زەبیحی شەپۆلێكی ناڕەزایی توند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا و باسیان لەوەکرد کە ڕەحیمی زەبیحی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو کوژراوە و دەستیان بەستراوە و پاشان ئۆتۆمبێلەکەی فڕێ دراوەتە شیوێک و سوتێنراون، هەر بۆیە لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کران.

 

هۆکاری ئەم ئاڕاستەکردنەش لەلایەن (رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدات لە رۆژهەڵاتی كوردستان)، ئاشکرای کردووە کە ڕەحیم زەبیحی، دەرهێنەر سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فلمێكی دۆكیۆمێنتاری بووە لەسەر دۆخ و ژیانی كۆڵبەران لەرۆژهەڵات و كوشتنیان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، ئەو ڕێکخراوە ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە کە دوای ئەوەی زەبیحی سیناریۆی فلیمەكەی ڕادەستی بەرپرسانی حكومەتی ئێرانی كردووە، بەتوندی بەرپەرچیانداوەتەوە و چەندجارێكیش بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەكانیان كردووە و فشاریان لێكردووە تا كارەكەی رابگرێت، بەڵام ناوبراو سوور بووە لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمەكە و نیوەی زیاتریشی تەواوكردوووە، هەرئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە پەنجەی تۆمەت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران درێژ بکرێت.

جێگای باسە پاش کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دەزگا ئەمنیەکانی شاری بانە کەسێکیان دەستگیردوو و ڕایانگەیاند کە کەسێکی نزیکی خۆی لەسەر کێشەی دارایی ڕەحیمی زەبیحی کوشتووە.

لە 9-12-2018 تەرمی دەرهێنەر و سینەماكاری گەورەی كورد، ڕەحیمی زەبیحی و كەیوان زەبیحی برای، لە کەسێکی ساردو سڕدا و لەناو هەڵوێستی گەرموگوڕی جەماوەریدا لەشاری بانەی ڕۆژهەڵات بەخاك سپێردران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار